ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی کوردستان لە بێدەنگیی ڕاگەیاندنە فارسیەکاندا درێژەی هەیە

0
897

بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ماڵپەڕی ژینگەوان، لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکوو ئێستا 72 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە کوردستان تۆمار کراون.

ماڵپەڕی ژینگەوان کە تۆڕێکی هەواڵنێرانی لە زۆربەی شارەکانی کوردستاندا هەیە لەو ڕووداوانە وەکوو ” ئاگرتێبەردان ” ناو دەبات ڕایدەگەیەنێت کە ڕێژەیەکی بەرچاو لەو ئاگرکەوتنەوانە بە ئەنقەست و بە مەبەستی تایبەت لەلایەن بەکرێگیراوانی حکوومەتەوە بە ئەنجام دەگەیەندرێن.

لە نوێترین حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەدا، دارستانەکانی کووهدەشت و پاوە دیسان کرانەوە ئامانج و بەڕێژەیەکی بەرچاو خەسار بە ژینگەی کوردستان گەییشت.

سەعید باخی، بەرپرسی ماڵپەڕی ژینگەوان لە وتووێژێکی تایبەتدا وێڕای پێداگری لەسەر ئاماری بەرچاوی ئاگرکەوتنەوەکان و ئاماژە بە هۆکاری ئەو ئاگرکەوتنەوانە ڕایدەگەیەنێت کە بێدەنگیی میدیا فارسەکان بۆ ئێمەی کورد پەیامی پێیە.

باخی لەو پێوەندییەدا سەرەتا لەبارەی هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەدوێت و دەڵێت: بەپێی ئەو ڕاپۆرت و هەواڵانەی هەواڵنێرانمان لەزاری خەڵکی کوردستانەوە دەیگوازنەوە، زۆربەی هەرەزۆری ئاگرکەوتنەوە بە ئەنقەستن و لەلایەن حکوومەتەوە ڕێک دەخرێن.

ناوبراو هەبوونی هێزی حیزبە سیاسییەکان لە ناوچەکانی کوردستان بە بیانووی حکوومەت دەزانێت و دەڵێت کاتێک کە حکوومەتێک لە وێرانکردنی گوندێک کە خەڵکی تێیدا نیشتەجێن سڵ نەکاتەوە و ئەو گوندە بداتە بەر تۆپباران، ئیدی نابێت هیچ چاوەڕوانییەکت هەبێت کە بۆچی دارستان و لێڕەوارەکان دەسووتێنێت.

سەعید باخی لە درێژەدا ئاماژە بە ڕاگەیاندنە فارسیەکان دەدات کە زۆربەی کاتەکان باس لەوە دەکەن کە کوردستان بەشێک لە ئێرانە و کورد ئێرانیی ئەسیل و ڕەسەنن بەڵام دەبینین کە ئەو میدیا فارسانە هیچکات هەواڵەکانی تایبەت بە کوردستان ڕووماڵ ناکەن.

لە درێژەدا ئاماژە بەوە دەدات کە ماوەیەک پێش ئاگرکەتنەوەیەک لە شیراز ڕووی دا، زۆربەی میدیا فارسییەکانی ئورووپا ڕووماڵیان کرد ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە و لەو ماوەی 3 مانگەدا زیاتر لە 72 حاڵەتی ئاگرتێبەردانی لەو چەشنە لە کوردستان ڕووی داوە.

حکوومەتی ئیسلامیی ئێران ماوەی ساڵانێکە کە لە هەوڵی لەناوبردنی ژینگەی کوردستاندایە و بەهەموو شێوازێک دەیهەوێ کە ژینگەی نیشتمانەکەمان لەناو ببات و بشێوێنێت.

حکوومەتی تاران بۆ ئەو مەبەستە، لە دروستکردنی بەنداو، دروستکردنی پایەگا و پاسگا لە ناوچە کوێستانیەکان، ئاگرتێبەردانی ژینگە و …هتد کەڵک وەردەگرێت.