بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان ، بەهۆی بەرینتربوونەوەی شەپۆلی ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان و هەروەها پێویستیی ژینگەپارێزیی ، ژینگەپارێزانی کوردستان وەکوو وڵاتپارێزان ناوبانگیان دەرکردووە.
ئەمڕۆ هەینی 8ی گەلاوێژ، ڕۆژێکی ڕەش بۆ ژینگەی کوردستان لە کرماشان بوو.
ڕاپۆرتە گەییشتووەکان بە ماڵپەڕی ژینگەوان باس لەوە دەکەن کە ئەمڕۆ لە 6 شوێنەوە بە شێوەیەکی بەرین ئاگر لە ژینگەی نیشتمان بەردراوە.
بەم شش حاڵەتە ئاگرتێبەردانە، ئاماری ئاگرتێبەردانی دارستان و لێڕەوارەکانی کوردستان لە سەرەتای مانگی جۆزەردانەوە ، گەییشتە نزیکەی 350 حاڵەت.
ئەمڕۆ 8ی گەلاوێژ، لە گوندی لالەوان سەربەناوچەی مایدەشت ئاگر لە ژینگە بەردراوە و زیاتر لە 8 کاتژمێر خایاندوویە و خەسارێکی بەرچاو بە لێڕەوارەکان گەییشتووە.
گوندی چلە لە ناوچەی ملینە سەربە گیلانی غەرب، ناوچەی چاڵابە، شاخەکانی ناوچەی نجیواران و دارستانەکانی گوندی لەعل لەناوچەی چوار زبر لەو ناوچە جیاجیانەی کرماشانن کە ئەمڕۆ کراونەتە ئامانجی نەیارانی کوردستان و ئاگریان تێبەردراوە.
هەروەها لە بێستوون ئاگر لە ژینگە بەردراوە و زیاتر لە 5 هێکتار لە ژینگەی نیشتمان بووەتە خۆڵەمێش و ئەمەش 6ــمین حاڵەتی ئاگرتێبەردانی ژینگە لە ڕۆژی هەینی لە کرماشان بوو.
ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە وڵاتپارێزانی کورد بە شێوەیەکی بەرین لە کۆنترۆڵ و کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەشداری دەکەن و سەرەڕای بەشداری نەکردنی ناوەندە حکوومەتییەکان لە کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەبێ هیچ کەرەستەیەک ئاگرەکان کۆنترۆڵ دەکەن.