ئاگرتێبەردانی دارستانەکانی بوکان، سەقز و شنۆ

0
748

بەپێی ڕاپۆرتی ژینگەوان، لە درێژەی شەپۆلی گڕتێبەردانی دارستانەکانی کوردستاندا، لەلایەن ڕژیمی ئیسلامییەوە گڕ لە ناوچە دارستانییەکانی سەقز، بۆکان و شنۆ گڕیان تێ بەردرا.

بە پێی هەواڵە بڵاوكراوەكان، زاهیر فەیزە، بەرپرسی پەیوەندیە گشتیەكانی ئاگركوژێنەوەی شاری بۆكان هەواڵی سووتانی زیاتر لە ٤٠ هێكتار لەوەرگە و زەوی و زاری شارۆمەندانی لە ٤ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە بڵاو كردەوە و وتی : لە ماوەی رۆژانی رابردوو دا بە هۆی روودانی ٤ حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە گوندەكانی ” قاتانقور، شەهرەك پەردیس و سەیرانگای كێوەرەش لە شاری بۆكان وعولیای چكۆلە لە شاری سەقز” زیاتر لە ٤٠ هێكتار زەوی و زار و لەوەرگەی ناوچەكە سووتاوە.

ئەو لە حاڵێكدایە كە رۆژانە بە دەیان حاڵەتی ئاگركەتنەوەی بە ئەنقەست لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە لە دارستان و لەوەرگەكانی كوردستان روودەدا و كۆماری ئیسلامیش هیچ هەوڵێك بۆ پێش گرتن بەم حاڵەتانە ئەنجام نادا.

هەروەها، لە درێژەی ئاگرتێبەردانی دارستانەكانی كوردستان لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە، ئەمڕۆ شەممە، ١٢ پووشپەڕ، دارستانەكانی پاركی قەڵاتووكی شنۆ لایەن كەساێكی نەناسراوەوە ئاگریان تێبەردرا و ٨ هێكتار لە دارستانەكان لە ئاگر دا سووتان.

بە پێی سەرچاوەكە بە هاوكاری خەڵكی ناوچەكە و چالاكانی ژینگەپارێزی خۆبەخش ئاگرەكە كۆنترۆڵ كرا.

جێگای ئاماژەیە، لە یەك، دوو رۆژی رابردوو دا بە دەیان حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لە شارەكانی ” كامیاران، بۆكان، سەقز، پیرانشار، لەیلاخ، ئیلام و جوانڕۆ” لە لایەن كەسانی نەناسراوەوە روویداوە كە بە وتەی شایەدحاڵان زۆربەی ئەو كەسانە سەر بە ناوەندە ئەمنیەتی و ئینتزامیەكانی كۆماری ئیسلامی لە ناوچەكە بوون.