سەلاح کۆنەپۆشی: گرتن و بەندکردنی ئەوانەی وا ئاژەڵان ئازار ئەدەن چارەسەر نیە

0
2724

خۆێنەری هێژا بابەتی بەردەست یەکێکیتر لە زنجیرە وتووێژەکانی ماڵپەری ژینگەوانە کە لە رێکەوتی ٤ی بەفرانباری١٣٩٥ی هەتاوی لەسەر مژاری “بڵاو بوونەوەی کۆرتە فیلمێک لە سەر ئازار دانی رێوییەک لە گۆندی شەختانی سەر بە شاری پیرانشار” کە لە رۆرە کۆمەڵایەتیەکاندا دەنگدانەوەی زۆر بە خۆە بینی، کە بە میوانداریی “سەلاح کۆنەپۆشی” چالاکی ژینگەپارێزی خۆرهەڵاتی کوردستان تاوتوویی دەکەین.

ژینگەوان، روباه مکار وحیلەگر، لە سەرتای خوێندن لە قوتابخانەی حکوومەتی ئێران مامە ڕیویان بەو جۆرە بە ئێمە ناساندیە، کاتێک تاکێکی کۆمەڵگا لە سەرتایی منداڵیدا لە قۆتابخانەکان بەو شێوازە پەروەردە دەکرێت، سەرچاوەی ئەم جۆرە توندووتیژیانە لە کۆێوە سەرچاوە دەگرێت؟ پێتان وانییە کە حکومەت خۆی بەرهەم هێنەری توندووتیژییە؟

سەلاح کۆنەپۆشی
سەلاح کۆنەپۆشی

سەلاح کۆنەپۆشی:لە سیستەمی پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا،شتێک نیە ناوی ڕێز و ماف و خزمەت بێت نەک بە ئاژەڵان،بەڵکو بە مرۆڤەکانیش. ئەسڵەن سیستەمی پەروەردە لە فەلسەفەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا تەنیا ناوێکە،ناوێک کە لە ژێری دا مرۆڤ و ئاژەڵ و دارستان تێک و پێک ئەدەن،دەیانسووتێنن و دەیانبرژێنن،بێ ڕێزییان پێ دەکردرێت و ئەیانچەوسێننەوە. ڕێوی و سەگ و بەراز و گورگ،ڕەنگبێ پلەیەک زیاتر لە ئاژەڵەکانی تر ئازار بدرێن،چونکی لە سیستەمی بە ناو پەروەردەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەگوترێت کە،ڕێوی فێڵاوییە،سەگ گڵاوە،گورک بێ سفەت و دڕەندیە،بەرازیش پیس خۆر و حەرامە. ئەم پێناسە سەقەتانەیش بۆ ئەو ئاژەڵە بێ زمانانە بەسە بۆ ئەوەی،کە زیاتر لە ئاژەڵەکانی تر ئازار بدرێن.

ژینگەوان، لە چەند ڕۆژی رابردوودا کۆرتە فیلمێک لە ئازاردانی رێوییەک لە توورەکۆمەڵایەکان بڵاو بووە کە نارەزایەتی خەڵکی کوردستان و ژینگەپارێزانی لێکەوتەوە، راتان لە سەر ئەو کورتە فیلمە و ئەو جۆرە توندووتیژیانە لە کۆمەڵگادا چییە؟
سەلاح کۆنەپۆشی : بڵاو بوونەوەی ئەو کورتە فیلمە ژانێکی سەختی گەیاند بە ناخی هەر مرۆڤێکی ئاژەڵ دۆست کە ئەو فیلمەی بینی،بۆ منیش ساتێی ساتێکی ناخۆش بوو کە وەختێ بینینم کۆمەڵێک مرۆڤ چێژ لە لێدانی و بڕینی ڕێوییەک دەبینن،بەڵام لە هەموو کۆمەڵگایەکدا خاس و خراپ هەیە،ئیدی ئەوانەیش کە وایان بە سەر ئەو ئاژەڵە هێنا،شایەد زیاتر لە ژێر کاریگەری سیستەمی پەروەردە و وانەکانی قوتابخانەکانی دژ بە ئاژەڵ لە کۆماری ئیسلامی ئیراندا بووبێتن.

ژینگەوان، هەر لەم ماوەدا لەلایەن بەرپرسانی شارەوانی کرماشانەوە بە دەیان سەگیان لە پێش چاوی خەڵکەوە گۆشت، هەروەها لە گۆلی کانی بەرازانی لەلایەن بەرپرسانی ئیدارەی ژینگە و ئەندامانی سپا لە مەهاباد بە دەیان قازیان راوکرد، هۆکاری بە مێدیایی نەکردنی ئەم حەرەکەتانە چییە؟

سەلاح کۆنەپۆشی : هۆکارەکەی ڕوونە،دەسەڵاتی سەرەڕۆیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەی پێی باش بێت بە میدیایی دەکات و ئەوەیش بە قازانجی نەبێت ناهێڵێت بە میدیایی بکرێ. سپا یەکەم جاری نیە سەگ بکوژێ،زۆر جارانیش بۆمبی پێوە دەبەستن و بەڕێی دەکردن بۆ شوێنی مەبەست و لە دوورە بە کۆنتڕۆڵ ئەیانیتەقاندەوە. ڕاو کردنی قازی و تێکدانی هێلانەی باڵداران لە کردەوە و زاتی کۆماری ئیسلامی ئێراندا شتێکی نامۆ و نەکردە نەبووە.

ژینگەوان، بەڵاو بوونەوە ئەم هەواڵە کە لەلایەن ژینگەپارێزانی کوردستان گرنگی زۆری پێدرا، لە نێو نەتەوەکانیتری ئێران بە تایبەت فارسەکان وەک هەلێک بۆ تەوهین و جنێودان بە کورد کەڵکی لێوەرگیرا، تا ئەو شۆێنە بوویان کرا بێرێزیان بە کورد کرد، راتان لەم بارەوە چییە؟ پێتان وایە دەستێکی شاراوەی لە پشت بووە؟

سەلاح کۆنەپۆشی : فارسەکان دەڵێن،کورد لە ئێراندا لە ژێر ڕکێفی زمان و کلتور و لە ناو سیستەم و قوتابخانەی فارسیدا پەروەردە دەبن،ئەگەر وابێت ئەوا کلتوری ئاژەڵ کوشتن و ئازاردانی گیاندارانمان لەوانەوە وەر گرتووە. بەڵام کورد نەک ئەژەڵ کوژ نەبووە،بەڵکو هەمیشە نەتەوەیەکی ژینگە دۆست و ئاژەڵ دۆست و سروشت خۆشەویست بووە،هەر ئەو ڕێز و خۆشەویستییەیشمان بۆ سروشت و باڵندە و گیانداران هۆکار بووە،زۆر جار فارسەکان بێژن،کوردی کێوی.

ژینگەوان، لە هەموو دنیا تاوانبار سەرایی تاوانبار بوونی مافی ئەوەی هەیە کە محامی هەبێت لە جەوێکی تەواودا بە دوور لە هەر چەشنە بێرێزی دادگایی بکرێت، لەم بارەوە راتان چییە؟ پێتان وایە بۆ ئەم جۆرە توندووتیژیانە بەند کرد چارەسەرە؟

سەلاح کۆنەپۆشی : من پێم وابێت گرتن و بەند کردنی ئەوانەی وا ئاژەڵان ئازار ئەدەن چارە سەر نیە،چونکی بەندیخانەی وشک و برینگ و بێ ئیمکانات و پیس و پۆخڵی کۆماری ئیسلامی،شوێنێک نیە کە مرۆڤی تێدا تێگەیەندرێ و پێگەیەندرێ،به پێچەوانەوە وا دەکات لە مرۆڤ زیاتر دڵڕەق و بێ ڕەحم تر بێت بە نیسبەت گشت شتێکەوە. بۆ ئەوەی کە ئاژەڵ ئازاری نەمێنێت،باشتر ئەوەیە،یاسا و وانە دژە ئاژەڵییەکان بگۆڕن و پەروەردەی سەقەت لە هەمبەر بەد ڕەفتاری تەک گیانلەبەراندا یاساغ بکرێ.

ژینگەوان، لە نێو کوردانی ڕۆژهەڵات چەند شەهیدی ژینگە هەیە کە بۆ رزگار کردنی ئاژەڵان گیانی خۆیان داناوە و لە تازەتەرینیشی کاک محمد باختر خەڵکی مەریوان بوو کە لە پادگانی عەجەبشێری لە کاتی نگابانی بۆ رزگار کردنی سەگێگ پایەکی خۆی لە دەستدا، کەچی بەشێکی زۆری لە نەتەوە غەیری کوردەکان بە دوور لە هەر چەشنە ئەخلاقێک کورد بە ئیسان کۆژ…هتد ناو برد، بە باوەری بەرێزتان ئەم هەلێک نەبوو کە حکومەت بە سوودی خۆی گواستیەوە؟

سەلاح کۆنەپۆشی : لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا زیاتر لە سەدان نموونەی خزمت کردن بە ئاژەڵان و پەلەوەران و گیانداران هەیە،لەو پەڕی دژواری و مەحدودییەتدا کورد هەمیشه ڕزگار کەر و مشەخۆری ئاژەڵان و باڵداران و دارستانەکان بووە.

نەتەوە غەیرە کوردەکان بۆچی کردەوە ناحەزەکانی کۆماری ئیسلامی نابینن لە هەمبەر ئاژەڵان،ڕۆژ نیە لە مەرزەکانی سەردەشت و مەریوان و بانە و هتد…ئەسپ و وڵاخ و گوێدرێژەکانی کاسب کاران نەدەنە بەر فیشەک. سەدان ئەسپیان گرت و لە پێدەشتێکدا وەبەر دەسڕێژی ئەسڵەحەیان دان،چەندین وڵاخیان بە بارە بەنزینەوە سووتاند. قاچی هەزاران گوێدرێژییان بەڕییەوە،بۆ ئەوەی ڕێ لە کاسبکاران بگرن.
لە ترسی چوونەوەی پێشمەرگەکانی ڕۆژهەڵات بۆ ناوخۆ،هەرچی دارستانی کوردستان هەبوو سوتاندیان،لە ناو هەر دارستانێکیشدا جۆرەها ئاژەڵ و پەلەوەر و گیانلەبەر بوونە خۆڵەمێش، بۆ کەسێکیان باسیان نەکرد؟بابەتێکیان لە سەری نەنووسی؟بۆچی نەهاتنە دەنگ؟ خۆ من کردەوەی ئازار دانی ڕێوییەکە مەحکوم دەکەم،
بەڵام ئەو دارستانانەی وا کۆماری ئیسلامی لە کوردستان سووتاندنی،هەر دانەیەکیان زیاتر لە چەندین ڕێوییان تێدا بوو،کە بوونە قاورمە.

ژینگەوان، هەڵوێستی ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکان چالاکانی ژینگەپارێزی کورد چۆن دەبینن؟ پێت وا نییە ئەم مەسەلەیان زیاد لە حەد گەورە کردەوە؟
سەلاح کۆنەپۆشی : مەسەلەکە بچووک نەبوو،تا ڕێکخراوە ژینگە پارێزەکان و چالاکڤانان گەورەی بکەنەوە،
مەسەلەکە گەورە بوو،بڕینی گوێچکەکان و کلکی ڕێوییەکی بێ زمان،کە کۆمەڵێک خەڵکی پیر و گەنج و منداڵ بە دەوریدا هەڵدەخەنەوە و پێدەکەنن،ناتوانی بە ئاسانی بە سەریدا تێپەڕیت،ناتوانی هیچ نەڵێی،بە ڕای من ئەو محکوم کردن و وتن و قسانەی لە سەر ئەو گرتە فیدیۆیە ئەنجام درا،جێگای خۆی بوو،ناو رڕاندنی ئەوانەی وا ئەژەڵ ئازاری ئەدەن کارێکی باشە،بۆ ئەوەی جارێکیتر دووپاتی نەکەنەوە.

ژینگەوان، پیوندی یاسا لە چارە سەری ئەم دیاردانە چۆنە؟ پێت وایە لەو دەسەڵاتە رێگا چارەیەک بۆ چاکسازی هەبێت؟
سەلاح کۆنەپۆشی : لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا،یاسا خۆی بکەری سەرەکی کوشتنی ئاژەڵ و پەلەوەر و دارستان و درەختە، بکوژی دەریاچە و کوێر کەرەوەی کانیاوەکانە،بکەری تێکدانی سەیرانگە و شوێنە گەشتیارییەکانە، سیاسەتی بە ئەنقەست بۆ خراپ کردنی جادە و بان و ڕێگاکان پەیرەو دەکات.
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا،یاسا ڕێگای داوە،هەرچی جوانی و سەوزی و خۆشی هەیە،لە ناوچەکانی کوردستاندا بیسووتێنن و بیکوژن و دایماڵن. شتێک نیە بە ناوی یاسا لەو سیستەمەدا،تا لەوێدا بتوانی لە ڕێگای تۆماری کردنی سکاڵاوە بە مافەکانت بگەی،ئەویش بۆ کورد،یاسا خۆی داپڵۆسێنەری مرۆڤی کوردە.

ژینگەوان، لە کۆتاییدا زۆر سپاسی بەرێزتان دەکەین بۆ بەشداریتان لە وتووێژە، گەر قسەیەکتان ماوە بفەرموون.

سەلاح کۆنەپۆشی :سپاس بۆ ئێوەیش کاک سەعید،لە کۆتاییدا دەبێت بڵێم،نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران،کە بکەری هەموو جۆرە کوشتن و تاوانێکە دژ بە مرۆڤ و ئاژەڵ و درەخت، نەمانی ئەو دەسەڵاتە بۆگەنە،گەڕانەوەی مافە بۆ هەموو گێاندارێک کە لەو سیستەمەدا بێ ماف کراوە.