ژینگەی کوردستان بە ئاگرتێبەردان بەفرەکەی دەتوێتەوە/ ئاگرتێبەردانی ژینگەی کوردستان ژینۆسایدە

0
589

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، لە حاڵێکدا کوێستانەکانی کوردستان لەوپەڕی سەوزی و تەڕیدان، پێنجەمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەش تۆمار کرا.

ئاماری ماڵپەڕی ژینگەوان باس لەوە دەکات کە، ڕێکەوتی 26ی بانەمەڕ یەکەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی کوردستان تۆمار کراوە.

ئەم ئاگرتێبەردانە لە ناوچەی ئالانی سەردەشت بووە و بە هەوڵی خۆڕسکی خەڵک و چالاکانی ژینگەپارێزی کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی ژینگەوان، دەست و پێوەندییەکانی رژیمی تاران بە فەرمانی ناوەندە حکوومەتییە پێوەندیدارەکان، ناوچە سنوورییەکان ئاگر تێبەردەدەن.

هەروەها ڕۆژی هەینی 31ی بانەمەڕی 2716ی کوردی، ئاگر لە سروشتی شنۆ بەر دراوە.

ماڵپەڕی ژینگەوان بڵاوی کردبووە، ئاگرکەوتنەوەکان لە وەرزی سەوزدا، بەربوونەتە گیانی ژینگەی کوردستان

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ژینگەوان، لەهەمان ڕۆژدا، ئاگر لە دارستانەکانی گوندی ماڵتەمەنشووری بانە بەردرابوو.

لەو پێوەندییەدا بە هەواڵنێری ماڵپەڕی ژینگەوان ڕاگەیەندرابوو: لە گوندی ماڵتەمەنشوور هەتا بوورچکەی سەر بە دەڤەری بانە ئاگری تێبەردراوە و زیاتر لە 20هەکتار لە دارستانکان و زەوی و زاری هاووڵاتیان لە ئاگردا سووتا.

ئەم ئاگرکەوتنەوە لەلایەن رێکخراوی ژینگە پارێزی پاژین و خەڵکی ئەو دەڤەرەوە خامۆش کراوە.

بەپێی ئاماری ژینگەوان، یەک ڕۆژ دواتر واتە شەممە، یەکی جۆزەردان کە ڕۆژێکی پڕ خەسار بوو بۆ ژینگەی کوردستان، چوارم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە شاری مەریوان ،جادە سەقز مەریوان ڕوویدا و بە هیمەتی خەڵکی ئەو ناوچە کۆنتڕۆڵ کرا.

هەر لەو پێوەندییەدا، ئەمڕۆ، دووشەممە 3ی جۆزەردان، پێنجەمین حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە ناوچەی مەریوان ئاوایی گومارەلەنگ ڕووی دا.

چالاکانی ژینگەپارێزیی کورد لەو باوەڕەدان کە ئاگرتێبەردانی سروشتی کوردستان بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان بە فەرمانی رژیمی تاران و لە ڕێگای دەست و پێوەندییەکانییەوە ئەنجام دەدرێت.

رژیمی ئێران ماوەی چەند ساڵێکە کە بە بیانووی هەبوونی هێزە کوردییەکان لە ناوچە سنوورییەکان ئاگر لە ناوچە سنوورییەکان بەر دەدات.