ژینگەوان: بەپێی هەواڵ ماڵپەری ژینگەان، بڕیاره ڕێکەوتی ۹ی گوڵان، لە زانکۆی پەیامنووری مەریوان، پێشانگەیەکی وێنە بکرێتەوە. ئەم پێشانگەیە کە پێکهاتووە لە وێنەکانی سروشتی کوردستان، لە لایەن ئەنجومەنە زانستییەکانی زانکۆی ناوبراوەوە، دەکرێتەوە.
ئەم پێشانگەیه پێکدێت له ۳۲ وێنەی ۲۱ وێنەگری خوێندکاری زانکۆی پەیامنووری مەریوان و بڕیارە تا ۱۰ ڕۆژ بەردەوام بێت و لە ڕێکەوتی ۱۹ی گوڵاندا بە چاندنی نەمام، کۆتایی پێبێت.
بێهزاد قادری، بەڕێوەبەر و یەکێک لە وێنەگرانی ئەم پێشانگەیە، سەبارەت بە ئەم پێشانگەیە، گوتی: ((ئەنجومەنی پەیامنووری مەریوان، ئەمساڵ بە چالاکییەکی تایبەت، لەسەر ڕێبازی ژینگەدۆستی و پەرەپێدانی هونەری وێنەگرتن، لە نێو خوێنداکارانی زانکۆی ناوبراودا، ئەم پێشانگەیەی ڕێکخستووە و کۆمەڵێک بەرهەمی جوان و ڕازاوەی ئاراستەی خوێندکاران و هاوڕێیانی ئەنجومەن دەکات.))
بێهزاد قادری لە درێژەدا و لەسەر ئامانجی ئەم پێشانگەیە گوتی: ((لەم چالاکییەدا گرینگی بە چەندین خاڵ دراوە: ۱- خۆشەویستی بۆ سروشتی کوردستان. ۲- پەرەپێدانی فەرهەنگی ژینگەتەوەری. ۳- ناساندنی ناوچەکانی کوردستان. ٤- ناساندنی خوێندکارانی وێنەگر و ژینگەدۆست. ٥- ناساندنی هونەری وێنەگرتن و…))
هەروەها لە درێژەدا زیادی کرد: ((لەم چالاکییەدا، خوێندکاران سەلماندوویانە کە ژینگە و سروشت ڕۆڵی چەندە گرینگە لە ژیانی تاک بە تاکی ئێمە و هەروەها ڕایانگەیاندووە کە: ئێمەی خوێندکار، لە سروشت و ژینگەدا، زبڵ ناڕێژین و پارێزەری نیشتمانین و خۆشەویستیی خۆمان بۆ کوردستان، بە وێنەگرتن دەسەلمێنین.))
جێگەی ئاماژەیە بێهزاد قادری پێشتر لە زانکۆی ناوبراودا دوو پێشانگەی تاکەکەسیی لەژێر ناوەکانی: “سروشتی مەریوان” و “کورد و سروشت”، بەڕێوەبردووە و دروشمی سەرەکیی پێشانگەکانی، “پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانە”، بووە.