خەڵکی مەریوان رێزیان لە فیداکاریی سەربازی ئەو شارە گرت کە بە هۆی ڕزگارکردنی سەگێک، لاقێکی لەدەست دا

0
1165

ژینگەوان: بەپێی هەواڵی ماڵپەری ژینگەوان، خەڵکی مەریوان بە هاوکاریی ئەنجۆمەن و چالاکانی ژینگەپارێزیی ئەو شارە، لە هەڵوێستێکی جواندا رێزیان لەو سەربازە مەریوانییە گرت کە لە پێناو ڕزگارکردنی سەگێکدا کەم ئەندام بوو.

ڕۆژی دووشەممە، ٦ی بەفرانباری ۲۷۱٦ی کوردی (١٣٩٥ی هەتاوی)، خەڵکی مەریوان، بە هاوکاریی ئەنجۆمەنی سەوزی چیا و چالاکانی ژینگەپارێزی ئەو شارە، لە هەڵوێستێکی جوان و کەم وێنەدا، پێشوازییان لەو سەربازە مەریوانییە کرد کە بۆ ڕزگارکردنی سەگێک چووە سەر مین و لاقێکی لەدەست دا کرد.

محەمەد باختر ئەو سەربازە کوردەی خەڵکی گۆندی هانە شێخان، کە لە کاتی نیگابانی ـدان لە پادگانی عەجەبشێر، لە کاتی رزگار کردنی سەگێک لە ناو گۆڕەپانی مین، دەکەوێتە سەر مینی چێندراو و لاقێکی لە دەست دەدات.

ڕۆژی هەینیش لە هەڵوێستێکی شیاودا، لەلایەن ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزییەکانی شاری تەورێز و هەروەها ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزییەکانی کوردستان، بەتایبەت ئەنجۆمەنی سەوزی چیا و خوێندکارانی کوردی زانکۆی تەورێز، سەردانی ئەو سەربازە کوردەیان لە نەخۆشخانەی ئەو شارە کرد و ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزییەکانی ئەو شارە لە بڵاوکراوەیەکدا رێزیان لە فیداکاریی محەمەد باختەر گرت.