وتووێژی کەمپینی” سماقان دەنگی هەمووانە” لەگەڵ لیلا سەمەدی چالاکی مەدەنیی شاری مەریوان

0
930

خوێنەری ئازیز:

بابەتی بەردەست وتووێژێک لە زنجیرە وتووێژەکانی کەمپینی”سماقان دەنگی هەمووانە” کە ڕێکەوتی ٢٠ی خاکەلێوەی ١٣٩٦ی هەتاوی لەسەر مژاری “دۆخی ژینگە لە کوردستان و بەزبڵدان کردنی دۆڵی سماقان لە ناوچەی سەرشیوی مەریوان “، کە بە میوانداریی خاتوون لیلا سەمەدی چالاکی مەدەنی و بە پێشکەشکاریی سەعید باغی، ڕۆژنامەنوس و بەرپرسی ماڵپەری ژینگەوان، ئەنجام دراو.

باغی: سەرەتا زۆر سپاست دەکەم بۆ ئەوەی دەعوەتی ئێمە قەبوڵ کرد، تکایە سەرەتا خۆتان بە خۆێنەران و بشدارانی گرووپ بناسێنن.

لیلا سەمەدی

سەمەدی: منیش سەرەتا سپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی ئێوە بەڕێزان دەکەم بۆ ئاوڕدانەوەتان بۆ ئەم بابەتە گرنگە. لەیلا سەمەدی، دانیشتووی شاری مەریوانم.

باغی: پێم خۆشە بەو پرسیارەوە دەست پێ بکەم، کە لە حالی حازردا دۆخی ژینگە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆن دەبینن؟ سەرەرایی تێپەر بوونی سی و چەند ساڵ لە حۆکمرانی دەسەڵاتدارانی ئێستا، بۆچی لە بواری ژینگەییدا لە زۆربەی هەرە زۆری شارەکانی کوردستان و تەنانەت ماباقی شارەکانی ئێرانیش هاوڵاتیان لە سەرەتاییتەرین مافە ژینگەیەکانیان بێبەشن؟

سەمەدی: سەرەتا جێگای ئاماژەیە کە حورمەت بە ژیان و ژینگە و پاراستنی ژینگە و لەبەرچاوگرتنی ئەو بابەتانەی دەپێوەندی بە ژینگە، بەتایبەت لە دونیای ئەوڕۆدا یەکێک لە مەسئەلە جیددییەکانە و هەروەها کە بەرەوڕووی مەترسیشە. و لە لای دیکەشەوە، وەکوو فاکتەرێکی سەرەکی گەشەی کولتووری و شارستانییەت پێناسە دەکرێت و سەرەڕای ئەمەش ولاتان و حکوومەتەکان چ لە ئاستی ناوخۆیی و چ جیهانی، بە پێی زەروورەتی بابەتەکە وەکوو یاسا لە یاسا بنەڕەتییەکانی خۆیان ئاوڕییان داوەتەوە و یەکێک لە تایبەتمەندیی هاوبەشی سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەکانە و لە ئاستی نێونەتەوەییشدا هەوڵدراوە و هەوڵدەدرێت زیاتر بە هاوکاری و هاوئاهەنگی لە مەڕ ئەم بابەتە گرنگە، بەرپرسیارییەتی بە شیوازی پڕڕەنگ و جیددی لە نێوان دەوڵەتەکاندا ڕۆژ بە دوای ڕۆژ بە پێویست تر بزانرێت.
ئێستاش وەکوو وڵاتی ئێران و وەکوو یاسا لە یاسای حوکمی کۆماری ئیسلامیدا، چ یاسای بنەڕەتی و چ مەدەنی و چ کەیفەری پاراستنی ژینگە ڕەنگی داوەتەوە و ئاوڕی پێدراوە. و وەکوو ئەرکێکی گشتی پێناسە کراوە و

سەعید باغی

هەرچەشنە کردار و ڕەفتار و کاری ئابووری و هتد کە ببیتە هۆی پیسی ژینگە و خەسار بە ژینگە بگەیەنێت، قەدەخە کراوە.

بەڵام لە کردەوەدا ئەگەر چاو لە دادە و ئامار و هەواڵەکان و ڕووداوەکان و باروودۆخی ژینگەیی ئێران بەگشتی بکەین، دەبینین پیسی هەرە زۆری نەوتی، و شیمیایی و میکرۆبی ئاوە کەنارەییەکان، پیس بوونی ئاوەکان لە ڕێگای فازڵاویی سەنعەتی وشاری، سەد دروستکردنی بێ ڕەوییە و ناکارناسانە و ئیستفادەی بێ ڕەویە لە ئاوە ژێر زەوییەکان، پیس بوونی هەوا و وشک بوونی زۆربەی دەریاچە و ڕووبار و …زۆر دیاردە و ڕووداوی دیکە لەم چەشنە دیارە هەواڵی دڵخۆشکەرە نییە بۆ ژینگەی ئێران و مودیرییەتی ژینگەیی ئێران بەگشتی. و
سەبارەت بە ڕۆژهەڵات وناوچە کوردنشینەکان سەرەڕای دۆخە گشتییەکە، ئێمە شاهدی ڕووداوگەل و دیادرەگەلێکی تایبەتین. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەش کە کاتێک باسی پیس بوونی هەوا و یان هەر باروودۆخی ژینگەیی شاریک وەکوو تاران یان ئیسفەهان یان ئەراک دەکرێت، لە گەڵ هەلسەنگاندنی لە گەڵ ناوچەی ڕۆژهەڵات، دیارە جیاوازی زۆر هەیە وەکوو سەنعەتی بوون و هەبوونی کارخانە و حەشیمەتی زۆر و …

سروشتی کوردستان بەگشتی و لەخۆیدا سروشتێکی بکرو جوان و پڕ لە توانمەندی و پوتانسییەلی جۆرواجۆری ژینگەیی و هەروەها گەشتیارییە، کە بەداخەوە ئەوجۆرەی کە شیاو و لەبارییەتی نە تەنیا ئاوڕی پێ نەدراوەتەوە بەڵکوو بەرەو کاولکاری و خەسارگەلی جۆرواجۆری هەڵنەگەڕاوە هەنگاوی ناوە. ئاگرکەوتنەوەکانی زنجیرە چیاکانی زاکرۆس و سووتانی هەزاران هێکتار جەنگەڵ و دارستان و …، دروستکردن سەدگەلی بێ ڕەوییە و ناکارناسانە و گواستنەوەی ئاوی ئەم دەڤەرە بۆ شوێنەکانی دیکە، دیاردەی خۆڵ و خاک بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییەدا یەکێکی دیکە لە گرفتەکانە، تانکری پڕمەترسی و پڕ لە سووتەمەنی لە جاددە نائەمن و نائێستانداردەکانی شارەکانی ڕۆژهەڵات و بەربوونەوەیان و ڕژاندنیان بۆ ناو چۆم و ڕووبار و …..ئاوڕنەدانەوەی جیددی بە شوێنە گەشتیارییەکان و نەبوونی بووجە و پلانی کارناسانە بۆ پێشگیری لە ناوچوونی سەرمایە ملییەکان کە لە مەترسی لە ناوچووندان، وەکوو زرێبار… ناکارایی لە مودیرییەتی فازڵاوی شاری و هەروەها زبڵ و پاشماوەکان و زۆر دیاردەی دیکە کە بەداخەوە بەجورئەتەوە دەتوانم بڵێم کوردستان و ناوچەکوردنشینەکان بە هۆی نەبوونی مودیرییەتی لەبارو کارزان و دڵسۆز و کارناس بەڕەوڕووی قەیرانی ژینگەیی بووەتەوە و بە درێژەدانی ئەم ڕەوتە و ئاوڕنەدانەوەی جیددی لە مەڕ کێشەکان، لە گەڵ تراژێدیایەکدا ڕووبەڕوو دەبین کە کارەساتی هەرە گەورەی ژینگەی و مرۆیی زۆر لەمە گەورەتری لێ دەکەوێتەوە.

باغی: وەک مەریوانییەک راتان هەڵسوکەوتی شارەوانی مەریوان و محیت زیست لە پیوندی لەگەڵ ژینگەیی ئەو شارە چییە؟ لە کاتێکدا لە زۆربەی کێشە ژینگەیەکاندا خۆیان بەشێکن لە هۆکار؟

سەمەدی: بەشێکی زۆر لەو قەیران و ڕووداوە ژینگەییانەی کە لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد دیارە مەریوان نە تەنیا بێ بەری نەبووە بەڵکوو لە زۆر شوێنیشدا فشاری زۆرتری لەسەر بووە و ڕووداوگەلی ژینگەیی زۆر ناڵەباری تێپەڕاندووە. (ئاگرتێبەردانەکان، پیسی ناوشار و هەوا و تانکری مەرگەکان وزرێبار و …) و هەروەها کێشەی سیستەم شاری مەریوان لە زۆر.
ڕووەوە و کووچە و کۆڵان و پیسی یەکجار زۆری ئاوی خواردەمەنی و باسی زەوی و زاری دەورووبەری شاری مەریوان و قەیرانی زبڵ و پاشماوەکان لە ئاستی شارو دەورووبەر و زۆر ڕووداوی دیکە لەو چەشنە و لەبەرنەگرتنی ڕێگاچارەی بنەڕەتی و یان بڕیارگەلی بە پەلە و ناشارەزایانە یان تەنانەت بێدەنگی و بێ هەڵوێست بوون و خۆی لە قەیران لادان، دەبێتە هۆی ئەوەی کە دەتوانین بڵێین کە بەڕاستی هەلسووکەوتی شارەوانی شاری مەریوان لە زۆر شوێن و کاتدا نابەرپرسیارانە بووە ونەتەنیا شارەوانی شار بەڵکوو هەموو دەزگا پێوەندارەکان وەکوو بەرپرسیار و کاربەدەستەکانی دیکەی لایەنە پێوەندییدارەکانی بەداخەوە، هەلسووکەوتی نامۆ و بگرە دژەکرداریشیان ئەنجام داوە.

باغی: وەک دەڵێن بۆ هەبوونی ژینگەیەکی خاوێن پێویستمان بە پەروەدەیەکی بنەرەتی هەیە، لە کاتێکدا لە هیچکام لە مەکتەبەکانی ئێران هیچ وانەیەکی تایبەت بە ژینگە نییە، رۆڵی پەروەردە(مەنزۆر مەکتەب و باغچەساوایانە) لەم پرۆسەدا چەندیە؟ بنەماڵە چەندە ڕۆڵ دەگێرێت؟

سەمەدی:سیستەمی پەروەردە یەکێک لە گرنگترین و توخمە بەڕەتییەکانی بارهێنان وبەڕەو شارستانییەتی زۆرتر بردنی کۆمەڵگا لە هەموو وڵاتانە بەتایبەت لە وڵاتە گەشەسەندووەکاندا. بەداخەوە هەروەها کە ئاماژەتان پێکرد هێشتا گرنگییەکی ئەوتۆی پێنەدراوە و بۆشاییەکی زۆر لەمەڕ ئەم بابەتە گرنگە لە بەستێنە ئامووزشییەکان دەبینرێت و تەنانەت هەنووکەش شیواز و دەقی بابەتی کتیبەکان نەتەنیا منداڵ و مێرمنداڵ بەرەو خۆشویستنی ژینگە و ژینگەپارێزی نابات بەڵکوو بە پێچەوانەوە باسگەل و چەمکگەلیک دەبینیینەوە کە دژی ئەم بابەتەیە. و بەڕاستی لەم دۆخە قەیراناوی ژینگەی ئێرانەدا بەگشتی نەتەنیا دەبێت بەستێنەکان و دەقە ئامووزشی و فێرکارییەکان لەم ڕاستادا بە شێوازی بنەڕەتی بگۆڕدرێن، تەنانەت دەبێت سیستەمی ئاموزشییەکە بە شێوازێک ئاوڕ لەم بابەتە بداتەوە کە مودیرێکی ژینگەیی و ژینگەپارێزیکی کارا و بەتوانا و بەرپرسیار باربهینێت!!!!

باغی: باستان لە هەبوونی یاسایی تایبەت بە ژینگە و پاراستنی لە ئێران کرد کە لە قانوونی ئەو وەڵاتەدا وەک نوسراوە بوونی هەیە، پێت وایە کە ناوندە پیوندارەکانی ئەو دەسەڵاتە تا چەندە هۆڵیان داوە بۆ جێ خستنی پرسە ژینگەیەکان؟ وەک دەبینین لە هەموو ئێران کارخانەیەکی بازیافتی ئەمرۆیی نییە

سەمەدی: بەداخەوە ئێمە زۆرجار کێشەمان لە سەر نەبوونی یاسا نییە بەڵکوو جێبەجێنەکردنی یاسا یەکێک لە گرفتە هەرە سەرەکییەکانە. و ئەوە دەبینرێت کە ئەگەر بە پێی یاسا و دەقی یاسایی و ئەو بابەتانەی کە لە ماددەقانوونیەکاندا ئاماژەی پێکراوە، بەڕێوە بچووایەت و لێپرسینەوەی بۆ بوایە، قەتعەن زۆر گرفت و کێشە چارەسەر دەبوو یان تەنانەت پێش نەدەهات.

باغی: بە خۆشیەوە ئێستا لە هەموو شارەکانی کوردستان ئەنجۆن یان گرووپی خەڵکی تایبەت بە ژینگەپارێزی هەیە، ڕۆڵی ئەم ئەنجۆمەنانە بۆ پەروەدە و بارهێنانی خەڵک چۆن دەبینن؟ لە ئەساسدا کاری رێکخراوەیەکی خەڵکی وەک ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکان چییە؟

سەمەدی: بەڵێ، جیگای خۆشحاڵییە سەڕەڕای هەموو نەقس و کارشکەنی و ئاوڕنەدانەوەکان و هەلسووکەوتی نابەرپرسیارانە، ئێمە دەبینین لە ناو خەڵکدا وەکوو ڕێکخراوەی خەڵکی و مەدەنی زۆر دڵسۆزانە ساڵیانیکە بە هەموو دەستکورتییەکان و کێشەکانی سەرڕێگایان، کۆمەڵێک چالاکوان و خۆنەویست هەبوون و هەن کە هەوڵدەدەن لانیکەم بڕیک لەو بۆشاییانەی کە هەن، کەم بکەنەوە و بابەتە سەرەکییەکان و کێشەکان بگوازنەوە و بۆ چاکسازیی و ئاوڕدانەوەیان ماندوونەناسانە هەوڵی بۆ دەدەن. واتە تەنانەت بۆ نەهادینەکردنی زۆر فاکتی ژینگەیی و کاری ژینگەیی کە لە مەسیر و ڕەوتی بنەڕەتی خۆی دەبوایە ببینرایەت و ببوایەت، ئەمان وەکوو ئەرکێک لە ئەستۆیان گرتووە، کە جێگای نرخ و پێزانینە. چاوەڕوانیش هەر ئەوەیە کە هیوادارین هەروەها کە سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە، بەو شێوازە درێژە بدەن و ڕەنگە بەڕاستی دووبارە جێگای ئاماژەیە کە ئەوان زۆرجاریش ئەرکگەلێکیان خستووەتە سەر شانی خۆیان کە کاری بەرپرسیاران و کاربەدەستانی حوکمیین.

باغی: هەروەها کە ئاگادارن، ئەمڕۆیش لە نێوان خەڵکی ئەسراوا و شارەوانی، تێکەڵچوون ڕووی داوە و ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ بێ‌متمانەیی خەڵک سەبارەت بە بەڵێنییە درۆکانی شارەوانی. بە بۆچوونی ئێوە، شارەوانی چۆن دەتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بێنێت؟

سەمەدی: ئەم کێشەیەش کە ئێستا ئاوەها هاتووەتە ڕووەوە لە ڕاستییدا هەر هەڵدەگەڕێتەوە بۆ ئەو کەمتەرخەمی و خۆدزینەوە لە کارو چالاکی ڕاستەقینە و بەشە سەرکییە خزمەتگوزارییەکان کە دەبوایەت زۆر لە پێشتر ئاوڕی پێ بدرایتەوە و ….واتە ئەوەی کە باسی لەسەر دەکەن ئەم قەیرانە لانیکەم دەساڵ پێشتر دەبوایە لەبەرچاو بگیرایەت و …تاوەکوونێ ئێستا ئا لەم باروودۆخەدا نەبووایەت. شاری مەریوان و دەورووبەری و دەڤەری ژینگەیی بە شێوازیکە کە تەنراوە لە نێوان یەکدیدا و زەوی کشتوکاڵ و بژێو و داهاتی خەڵک و…زۆر تایبەتمەندی ژینگەیی دیکە و لەلایەکی دیکەوە حەشیمەتی جەماوەری خەڵک زیادی کردووە و زۆر سروشتییە کە زبڵ و پاشماوەکان دەبێتە کێشە ئەگەر ڕێگای ئوسوولی و بنەڕەتی بۆی دانەڕێژرێت. لەم کات و ساتەشدا کە کێشەکە ئاوەها تەنگی بە گوند و شار هەڵچنیوە، دیارە بڕیاری بە پەلە و ناکارناسانە ناتوانێت ئەم دۆخە بگوازێتەوە.
دروشمی” دەنگی سماقان دەنگی هەمووانە”! ئەمە تەنیا دروشمێکی ڕیتمیک نییە کە بە زارمان خۆش هاتووە ودەمانەوێ بیڵێینەوە!! بەڵکوو ئەمە باسێک و خواستێکی جیددی و زۆر مەدەنییانەیە کە مانایەکی قووڵی لە بەردایە. واتە منێک کە دانیشتووی شاری مەریوانم و بە مافی خۆمی دەزانم کە هەوای پاک هەڵمژم و دەورووبەرم پاک و خاوێن بێت، دیارە هەر ئەم مافەش بۆ دانیشتووی گوندەکان و شوێنەکانی دیکە بەڕەوا دەزانم! ئەمە لە هەنگاوی یەکەمدا و سەرەڕای ئەمەش هەروایش کە ئاماژەم پێ کرد سروشت و شێوازی ژینگە مەریوان و دەورووبەری لە نێویەکدیدا تەنیوە و هەر خەسارێک لە هەر شوێنێکی بدرێت، مەترسییەکە و خەسارەکە گشتگیر دەبێت و هەمووان زەرەرمەند دەبن چ گوند و چ شار، کەواتە تەنیا ڕێگا چارە لەهەر ڕوویەکەوە بۆی بڕۆین، دانانی دەزگای بازیافتە.
دیارە باسی بێمتمانەی دەکەی و ئەوە زۆر خۆڕسکە دوای ١٥ساڵ تەنانەت بەڵێنیێی سادە کە شێوازی دانانی زبڵەکە و بەدەوری زبڵ و پاشماوەکە حەسارێک بچێنرێت یان لانیکەم لەم یەک ساڵەی دواییەدا کە باس کراوە و کێشەکە هەر وەکوو ئێستا گوازراوەتەوە و بەڵێنی دروۆیی بە خەڵک دراوە، هەمووی ئەمانە بێ متمانەی لە خەڵکدا ساز کردووە، بەهەرحاڵ هیوادارم لانیکەم کێشەکە لەمە ئاڵۆزتر نەبێت و بکرێت بەڕاستی چیتر بەڵێنی درۆیی بە خەڵک نەدەن و ئەم کێشەیە بە شێوازیکی باش و ئوسوولی جێبەجێبکریت و ڕەزامەندی خەڵک بەدەست بێت.

باغی: وەک کەسێکی خەڵکی مەریوان، ئەو شتە لە بەرپرسان دەبینن کە ئەم کێشە بەم نزیکانە چارە سەر بکەن؟ ئەم دۆخە تا کەی درێژەی دەبێت؟ ماوەی زیاتر لە بیست ڕۆژە زبڵ و پاشماوەی شارێک لە شۆێنی خۆیی ماوەتەوە، کە ئەگەر واش بڕوات کارەسات دەخۆڵقێنێت.

سەمەدی: کارەساتەکەش هەر ئێستاش خوڵقاوە!! سڵامەت و بێهداشت بەتایبەت منداڵان و بەساڵا چووەکان بەڕاستی لە ژێر مەترسیدایە. دیارە داخوازییەکان لە کاربەدەستانە و دەبێت بە شەهامەتەوە دان بە کۆتاییەکانییان بێنن و هەروەها کە ئاماژەم پیکرد ڕەزامەندی ئەو خەڵکە بە جێ بینن و ئەمەش دیارە بە بەڵینی سەرسەریی چیتر جیبەجێ نابێت و بەشێوازێکی کارناسانە و داکیومێنتی واتە بە سەنەد و بەڵگە بەلێن بدەن بەو خەڵکە کە کارخانەکە جیبەجێ دەبێت و کارە سەرەتاییەکان دەسپێبکەن. تا ئەو خەڵکەش هەنگاوێک لە گەڵیاندا بێن. سەرەڕای ئەمە ئەگەر بەڕاستی ناتوانن و لە عوهدەی ئەوان بەرنایەت و دەسکورتتر لەوەنە، دیسان بۆ جاریکیش بووبێت بە خەڵکی ڕاگەیەنن و تەنانەت دەست لە کار بکێشنەوە کە لانیکەم ئەو خەڵکە کەمێک هێور ببنەوە کە بەڕاستی بیسەری داخوازییەکانییانن.

باغی: وەک کەسێک کە ڕۆژانە پیگیری کاروباری ئەنجۆمەن چالاکانی ژینگەپارێزیم، زۆربەی ئەنجۆمەن و گرووپە ژینگەپارێزیەکان لە هەمبەڕ کێشەی سماقان بێ دەنگیان نواند، ئەوانەش کە باسیان کرد زۆر کەم بوون، تەنانەت لە کاناڵەکانی خۆشیان یەک هەواڵیان لە سەردانەنا، هاوهەڵوێست نەبوونی ئەنجۆمەنە ژینگەپارێزیەکان لە هەمبەڕ کێشە سماقان بۆ چی دەگەرێنەوە؟

سەمەدی: لەڕاستیدا من وەک خۆم ئەگەر ئاماژە بە دەنگدانەوەی ئەم مەسەلە بکەم ، وادەزانم بەشێکی زۆر باش جووڵاونەتەوە و بەردەوام لە بنکەکان و ئەنجوومەنەکانی دیکە پشتگیرییانم دیوە. ئەڵبەتە ڕێکخراوەی خەڵکی ڕێکخراوەیەکە کە هەروا کە لە ناوی و پێناسە و و چالاکییەکانی دیارە، دەبێت بەردەوام پشتگیریی لە داخوازیی خەڵکی بێت و مەرجیش نییە کە بابەتەکە تەنیا پێوەندی بە شاری تایبەت و خەڵکی تایبەتی ئەو شارە بێت، بەتایبەت کە ڕیکخراوە ژینگەپارێژەکان درووشمێکی بەربڵاوتر و گشتی تر لە بەرنامە و چالاکییەکانیاندایە و بەڕاستی دەبێت ری خۆیان دەرببرن.

باغی: ڕەخنەکانی خۆت بە نسبەت مەسەلەی سماقان چین لە چالاکڤان و نووسەران و ڕێکخراوەکان، لە حکومەت، بە گشتی ئەگەر قسەیەک بانگەوازێک یان داواکارییەکتان هەیە باسی بکەن؟

سەمەدی: ڕەخنەکان ڕەنگە بەشێوازی گشتی لە باسەکەدا خۆی دەنوێنێت و ئەوەی کە کاتێک کۆمەڵگا بە شارومەندی ئاسایی و کاربەدەست و کارفەرما و بەرپرسیار دابەش دەبێت، ڕەوڵەکان خۆی دەنوێنێت. چ ئەو تاکە شارومەندە ئاساییە دەبێت ئەرک و وەزیفەی خۆی وەکوو شارومەند بە جێ بێنێ و چ ئەوەی کە وەکوو کاربەدەست لە سەرەوە دانیشتووە و لە سیستەمی حوکمی و بە پێی قانوون و یاسا قەرارە خزمەتگوزاری خەڵک بێت و هەوڵ بدات بۆ ڕفاەو ئاسایشی خەڵک!! کەواتە فەقەت لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بە پۆشینی جلوبەرگی ڕازاوە و خۆنواندن ناتوانیت خزمەتگوزاری خەڵک بیت. دەبێت ڕووڕاست بیت هەم لە گەڵ خۆت و هەم لە گەڵ خەڵکیدا. با چیتر خەڵک نە لە ئێوە و نە لە یاسا ئەوەندە بێ متمانە نەبن. ئێستاش هیوادارم کە بە شێوازی دڵفراوانەوە ناڕەزایەتی خەڵکی ببیسرێت کە بەڕاستی جێگای شانازییە کە ئێمە خەڵکێکی ئاوەها م هەیە شارستانیانە و تەنانەت لە جێگای بریاری ناپەسەندی کاربەدەستێک، ئەو درووستەکەی بە دەنگی هێمنانە دەیڵێتەوە.
با خزمەتگوزارییەکان ڕەنگی جیددی و ڕاست بەخۆیەوە بگرێت و هیوادارم کە ئەم دۆخە هەرچێ زووتر بە باشترین شێوە بگوازرێتەوە.

باغی: لیلا خان سپاس بۆ ئەوەی کاتی خۆت بە ئێمە، سپاس بپ ماندوو بوونت، دەس خۆش ماندوو نەبن

سەمەدی: سپاس بۆ بەڕێزیشتان و ئێوەش ماندوو نەبن