لە نێوان شارەوانیی مەریوان و خەڵکی ئەسراوا، شەڕ و تێکەڵچوون هاتەئاراوە

0
1305

ژینگەوان: بەپێی هەواڵێک کە بە ماڵپەڕی ژینگەوان گەیشتووە، ئەمڕۆ، ۲۰ی خاکەلێوە، لە گوندی ئەسراوای مەریوان، لە نێوان هێزەکانی شارەوانیی مەریوان و خەڵکی ئەسراوا، شەڕ و تێکەڵچوون هاتووەتە ئاراوە.

ئەم ئاژاوەیە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ شارەوانی ویستوویەتی بەپێی داواکاریی فەرمانداریی مەریوان، لە ئەسراوا، جێگەی پێشووی هەڵڕژاندنی زبڵ، دیوار ساز بکات و دەوروبەری زبڵەکە بگرێت، تاکوو بەپێی ئەو شتەی خۆی دەڵێت، تا سازکردنی کارخانەکە، زبڵەکان لەوێ هەڵڕێژێت. بەڵام خەڵک بڕوایان پێیان نەماوە و ئەمڕۆ هێرشیان کردووەتە سەریان.

جێگای باسە کە لەم تێکەڵچوونەدا، بە وتەی کەناڵی تێلێگرامیی شارەوانیی مەریوان، هێرش کراوەتەسەر هێزەکانی شارەوانی و خەسار بەر ئامرازەکان و ماشینەکانیان کەوتووە، هەروەها دیوارەکانیش زەبریان دیوە. هەروەها بەپێی وتەی خەڵکی ناوچەکە، هیچ متمانەیەک بە شارەوانیی مەریوان نەماوە و دەڵێن کە شارەوانی دەیانەوێت فێڵیان لێ‌بکەن و وەکوو جاران لەسەر قسەی خۆیان نامێنن.

شایانی باسە کە شارەوانیی مەریوان تا کۆتایی ساڵی ۱۳۹٥ مۆڵەتیان وەرگرتووە لە خەڵکی ئەسراوا، تاکوو زبڵەکان لەوێ هەڵڕێژن و بیسووتێنن. هەروەها شارەوانی ۹ مانگ پێش بەڵێنیی سازکردنی کارخانەی بازیافتی دابوو، کە تا ئێستا بچووکترین هەنگاویشی بۆ نەناوە. ئەم بەڵێنییە درۆیانە بووەتە هۆی هێرش‌کردنەسەر هێزەکانی شارەوانی.

لە لایەکی ترەوە، خەڵکی سەرشیو بەگەشتی، ماوەی یەک مانگە، لە دۆڵی “سماقان”دا، پارێزگاری لە ژینگە دەکەن و ناهێڵن چارەنووسی شوومی ئەسراوا، بێتە تووش “سماقان”یشەوە. ئێستە پرسیار ئەوەیە کە شارەوانی چۆن دەتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بێنێت؟! هەروەها بۆچی حکومەت ت ئێستا بچووکترین هەڵوێستیشی نەبووە و نایهەوێت کێشەی خەڵک چارەسەر بکات؟!

This slideshow requires JavaScript.