جەلال کۆچەر

0
589
جەلال کۆچەر

ناوی تەواوی ” جەلال ئەحمەد وەیس “ـە. ساڵی ١٩٤٣ لە گەڕەکی ” دەرگەزێن “ی شاری سلێمانی لە دایک بووە. ساڵی ١٩٥٢ لە قوتابخانەی ” فەیسەڵییە ” نراوەتە بەر خوێندن و لە پشووی هاوینانیشدا، لە لای ” نەجمەدینی مەلا ” و لە قوتابخانەی ” کەشتیی نوح ” درێژەی بە خوێندن داوە. بە ” جەلال کۆچەر ” ناوی دەرکردووە.

بە هاندانی ” عیسمەت خانی قادر ئاغای مەحموود ئاغا “ی دایکی، هەر لە منداڵییەوە هونەری پەرەپێداوە و ساڵی ١٩٦٠ بۆ یەکەمینجار چووەتە سەر تەختی شانۆ و لە شانۆگەری ” کاوەی ئاسنگەر ” لە شاری قەڵادزێ، وەک ئەکتەر، بەشداری کردووە. ساڵی ١٩٦٢ بووەتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد لقی سلێمانی. لە ڕەشبگیرییەکەی ساڵی ١٩٦٣ی ” زەعیم سدیقدا “، بۆ ماوەیەک دەستگیر کراوە و پاش ئازاد بوونی، چووەتە بەغداد و لە بەشی کوردی ئێزگە، لەگەڵ تیپی نواندن و کۆرسی ئێزگەکەدا، وەک ئەکتەری دەنگ و دەنگخۆشێک کاری کردووە و بەرودوا ٦٨ گۆرانی لە ئێزگە تۆمار کردووە.

ساڵی ١٩٦٤ و پاش تاقیکردنەوەی دەنگی، بۆ یەکەمینجار گۆرانی ” ئەستێرەی پرشنگدار ” لە هەڵبەستی ” بەختیار زێوەر ” و ئاوازی خۆی، لە ئێزگە تۆمار کردووە. پاش تۆمارکردنی چەند گۆرانییەکی تر، کە زۆربەیان  لەلایەن خۆیەوە ئاوازیان بۆ دانراوە، وەک گۆرانیبێژی ئێزگە ناسراوە.

پاش کردنەوەی تەلەڤزیۆنی کەرکووک، جەلال کۆچەری هونەرمەند، یەکەمین گۆرانی خۆی بەناوی ” پەریزاد ” ەوە پێشکەش دەکات و دواتریش سیازدە گۆرانی تر بۆ تەلەڤزیۆن تۆمار دەکات.

پاش بڵاوبوونەوەی بەیاننامەی یازدەی ئازاری ساڵی ١٩٧٠ دەگەڕێتەوە شاری سلێمانیی و دەبێتە ئەندامی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردیی و لێپرسراوێتی بەشی موزیک و گۆرانیی و هەڵپەڕکێ وەردەگرێت.

ساڵی ١٩٧٤ ژیانی هاوسەرگیری پێک دەهێنێت و دەبنە خاوەنی پێنج منداڵ.

ساڵى ١٩٧٦ دەبێتە ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان و لەم ماوەیەدا، کاری لەسەر کتێبخانە و ئەرشیفی شانۆیی کردووە تا ساڵی ١٩٨٢ کاری کردووە.

ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٩١ و تا ڕاپەڕینی گەلی کوردستان لە بەغداد دەمێنێتەوە و دواتر دەگەڕێتەوە کوردستان و لەگەڵ چەند هاوڕێیەکییدا ” کۆمەڵی هونەری نەتەوەیی کورد ” دادەمەزرێنن.

ساڵی ١٩٩٣ لەگەڵ کوڕەکەی بەناوی ” هونەر “ەوە لە ڕێی چوونیان بۆ شاری مەهاباد، لە نزیک شاری سەردەشت دەبن بەژێر هەرەسی بەفرەوە و کۆچی دوایی دەکەن و تەرمەکەیان دەهێنرێتەوە بۆ سلێمانیی و لە گردی سەیوان بەخاک دەسپێردرێن.

جەلال کۆچەر، عەلی مەردان، عەباس محەمەد

جەلال کۆچەر، عەلی مەردان، محەمەد عەباس بارام

جەلال کۆچەر

جەلال کۆچەر
جەلال کۆچەر

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت