جێگیربوونی هێزێکی بەرچاوی سوپای پاسداران لە ژاوەرۆی سنە

0
620

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕۆژی کورد، هێزێکی بەرچاوی سوپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران لە ژاوەرۆی سنە جێگیرکراون.

ڕاپۆرتی گەییشتوو بە هەواڵنێریی ڕۆژی کورد باس لەوەدەکات کە ئەم هێزەی سوپای پاسداران کە چەکی نیوەقورس و قورسیشیان پێیە لەو چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە ژاوەرۆی سنە جێگیرکراوە.

یەکێ لە دانیشتوانی ژاوەرۆ لە وتووێژێکدا، تایبەت بە ڕۆژی کورد ئاشکرای کرد کە ئەم هێزانە سەرەتا لە دەوروبەری گوندی تەختە جێگیرکرابوون.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە درێژەدا ئاماژەی دا: هێزەکانی سوپای پاسداران کە لەگەڵ جاشەکاندا بوون، لە چەم تەختە بەرەو گوندی تەوریوەر ڕۆییشتوون و دواتریش چوونەتە گوندی گەلێن.

هێزەکانی سوپای پاسداران بە ڕێنیشاندەریی جاشەکانی ئەو ناوچەیە لەوێ نیشتەجێ بوونە و هەروەها کەشێکی نیزامییان بەسەر ئەو ناوچەیەدا زاڵ کردووە.

لەم پێوەندییەدا، سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئێران لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکوو ئێستا کەشێکی چڕی ئەمنیەتی بەسەر کوردستاندا زاڵ کردووە و هەروەها لەو چەند ڕۆژەدا شەپۆلێکی بەرینی دەستبەسەرکرانی هاووڵاتییانی کورد، کوردستانی داگرتووە.

ڕژیمی ئیسلامیی ئێران پاش پەیامی نەورۆزیی حیزبی دێموکرات و ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێی خەبات، بە هەموو شێوەیەک خەریکی بانگەشەی نەرێنی و بوختان لە دژی جووڵانەوەی نەتەوەیی – دێموکراتیکی کوردستانە.

هەنووکەش سوپای پاسداران لە گوندەکانی ژاوەرۆدا دەگەڕێت و وێڕای جێگیرکردنی هێز، کۆبوونەوە بۆ جاشەکان دەکات و لە مزگەوتەکاندا بە دژی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، بانگەشە دەکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.