جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ، هەنگاوێک بەرەو ئاشتیی جیهانی

0
8599
فوئاد شێربەگی
فوئاد شێربەگی

نووسینی: فوئاد شێربەگی

شەڕی دووهەمی جیهانی هۆشدارێک بوو بۆ مرۆڤایەتی کە ژیان لەسەر گۆی زەوی، دەکرێ بکەوێتە مەترسییەوە و ئەگەر چارەسەرێک بۆ پێشگرتن لە دەستپێکردنی وەها شەڕێک لە داهاتودا نەبیندرێتەوە، لە ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ بە هەر شێوازێک، هەموو جیهان لەگەڵ کێشەکانی ڕووبەڕوو دەبێتەوە و ئەگەر وایە دەبێ چارەسەرێکی جیهانی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.

هەڵسوڕاوانی مافی مڕۆڤ بەو ئاکامە گەیشتن کە دەستەبەربوونی مافەکانی مرۆڤ، سەرچاوەی ئازادی، بەرانبەری و ئاشتی لە جیهاندایە و زەوت کردن و پێشێلکردنی ئەو مافانە بووەتە سەرچاوەی هەڵگیرسانی شەڕ و ئاژاوە لە جیهاندا و ئازادی ڕادەڕبڕین و بیرکردنەوە و نەمانی ترس و هەژاری و بووەتە هیوایەت بۆ هەموو مرۆڤایەتی، بۆ دابینکردنی ئەو ئاواتانە و پێشگرتن لە پەنابردنی مرۆڤ بۆ شەڕ و توندوتیژی بۆ دابین کردنیان، پێویستە یاسا پشتگیریی تەواوی ئەو مافانە بکا و ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ وەدیهاتنی ئەو ئاواتانە.

بۆ وڵامدانەوە بەو دەرکەوتەیە، جاڕنامەی گەردوونیی مافی مرۆڤ لە 10ی دێسامبری1948، لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا تا وڵامێک نێونەتەوەیی بێت بۆ چارەسەریی ئەو کێشانەی کە مرۆڤ لە داهاتوودا پشتی پێبسپێرێت بۆ بەدیهاتنی ژیانێکی شیاو و پێش بە پەنا بردنی بۆ توندوتیژی بگرێت.

ئەو جاڕنامەیە بە جەغت کردنەوە لە کەرامەتی مرۆڤ و پێویستیی ڕێزگرتن لەو کەرامەتە بەهەموو شێوەیەک لانیکەمی مافەکانی مرۆڤی لە بوارەکانی تاکەکەسی، کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری و شارۆمەندی دیاری کردووە و هەموو وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ ڕێزگرتن لەو مافانە و دابینکردنیان ڕاسپاردووە.

لە سەرەتای ئەو جاڕنامەیەدا باسی بەرامبەریی هەموو تاکێک، بێ جیاوازی لە هەر بوارێکدا دەکا، بەو پێیە هەموو چەشنە هەڵاواردنێک بەدوور لە کەرامەتی مرۆڤ دەزانێت و بەگژیدا دەچێتەوە و بە پێیەش هەر چەشنە هەڵاواردنێک بەهەر بیانویەکەوە بێت بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ دادەندرێت و ڕێگای پێنەدراوە و چاوەڕوان دەکرێ لە لایەن هەموو ئەندامانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کاردانەوەی بۆ بکرێت.

ژیانی ئازاد و سەربەست، مافی سەرەتایی هەموو مرۆڤێکە و کەس مافی زەوت کردنی نییە و بەکۆیلەکردن و کۆیلەبوون، دوورە لە کەرامەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی دەبێ دژ بە هەموو شێوازەکانی کۆیلەدارێتی بوەستێتەوە و بەرەنگاری بێتەوە و کەس مافی ئەوەی نیە کە مافی ژیان لە تاکێکی تر بگرێت و بەهەر بیانویەکەوە بیکوژێت و یان ئەشکەنجەی بکات یان بەهەر شێوەیەکی تر کەرامەتی پێشێل بکات.

هەموو مرۆڤێک تا سەلماندنی تاوانەکی لەلایەن دادگایەک کە بەشێوازێکی پێشکەوتووانە و بە ڕەچاوکرتنی یاساکانی دادوەری داندرابێت، بێ تاوان ئەژمار دەکرێت و هەموو کەس دەبێت بە بێ هەڵاواردن لە بەرامبەر یاسادا بەرابەر ئەژمار بکرێت و هەموو کەسێکیش مافی ئەوەی هەبێ بە دادگایەکی یاسایی بۆ داواکردنی مافەکانی خۆی دەستی ڕابگا.

لەو جاڕنامەیەدا باسی مافی شارومەندیی سیاسی وەکوو هەڵبژاردنی ئازادانەی شوێنی ژیان و خۆپیشاندان و هەڵبژاردنی دین و ئایین و ڕادەربڕینی و زۆر شتی تر هاتووە کە هەموو بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دادەندرێت و بەداخەوە دوای نزیک بە 70 ساڵ لە پەسەند کردنی ئەو جاڕنامەیە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، هیشتا لەزۆریەک لەو وڵاتانەی بۆ خۆیان ئەم جاڕنامەیەیان واژۆ کردووە هەر ئاوات و خەونی دەست نەکەوتووی دانیشتوانەکەیەتی.

مافی دیاری کردنی چارەنووس و دەسەڵاتی بەشداری کردن لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەبوونی ئیش و دابین بوونی ژیانێکی گونجاو و شیاو بۆ هەموو تاکێک کە توانای کارکردنی هەیە و دابینکردنی ژیان بۆ پەککەوتووەکان و خانەنشینەکان و هەروەها ئەو کەسانەی توانای کارکردنیان نیە لەلایەن حکومەتەوە بەشێک لەو مافانەن کە زامنی ڕاگرتنی کەرامەتی مرۆڤن و دەبیندرێت بەداخەوە لەلایەن زۆربەی دەوڵەتانەوە لە پشتگوێ خراوە.

پشتیوانی کردن لە منداڵ و دایک بە بێ جیاوازی لە هەموو شتێکدا و دابینکردنی پەروەردە و سازکردنی بارودۆخی گەشەی هەمەلایەنەی مرۆڤ بۆ دابینکردنی ژیانێکی شیاوی مرۆڤایەتی، مافێکی سەرەتایی هەموو تاکێکە و دەبێ ڕێزی لێ بگیرێ و هەموو تاکێک مافی خۆیەتی داوای دابینکردنی هەموو ئەو مافانە بکا کە لەو جاڕنامەیە باسی لێکراوە و بەرتەسک کردنەوەی مرۆڤ بە یاسا تەنیا لەو شوێنە ڕێگای پێدەدرێ کەبۆ دابینکردنی سەربەستی و ئازادیی تاکەکانی تر ببێتە هەڕەشە یان بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا بە شێوازێکی ڕێکوپێک لە دەوڵەتێکی دێموکرات و بەدەنگی پەسەندکراوی زۆرینەی خەڵک ڕێککەوتنی لەسەر کرابێت بە مەرجێک کە پێشێلکەری مافەکانی نێو ئەم جاڕنامەیەش نەبێت و بە هیچ شێوازێک ڕێگە نەدراوە کە لە لێکدانەوەی خاڵەکانی نێو ئەم جاڕنامەیە بۆ بەرتەسک کردن یان پێشێلکردنی مافەکانی باس لێکراو کەڵک وەربگیرێت.

پەرەپێدان و ناساندنی جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ، هەڵسوڕان و تێکۆشان بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکێکی ئەخلاقی و جێی ڕێز و پێزانینە و دەبێت هەموو تاکێک لە ئاست توانایی خۆی یاەمەتیدەری بەجێ هینانی ئەو ئەرکە بێت و باش بزانین چارەنوسی مرۆڤایەتی بەیەکەوە گرێدراوە و ناتوانین لەبەرامبەر چارەنوسی هاوجۆرەکانی خۆمان بێدەبگ بین و پێمان وابێت کێشەکانی کەسانی تر لەسەر ژیانی ئێمە کاریگەرییان نابێت.

بەهیوای ئەو ڕۆژەی بە بەدیهاتنی هەموو مافەکانی هەموو مرۆڤایەتی لە هەموو شوێنێک ئاشتییەکی جیهانی دەستەبەر بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت