ئیدارەی ئیتلاعات ڕێگری لە ناردنی زیندانێکی سیاسی کورد بۆ نەخۆشخانە دەکات

0
777

 ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەییشتوو بە ناوەندی هەواڵی ڕۆژی کورد، ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد ڕێگری لە ناردنی جەماڵ قادر نژاد، زیندانی سیاسیی کورد بۆ نەخۆشخانە دەکات.

 کەسێکی ئاگادار لەمبارەوە بە ناوەندی ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “جەماڵ قادر نژاد، زیندانی سیاسیی کورد، ماوەیێکی زۆرە تووشی نەخۆشیی بەردی گورچیلە بووە و ئازار دەکێشێ و گورچیلەکانی تووشی چڵک بوون و هەروەها لەکاتی دەستبەسەر کرانیدا و بە هۆی ڕاگرتن و ئەشکەنجەکرانی لە لایەن ئیتلاعاتی مەهاباد، دوو مۆرەی پشتی ئازاری پێ گەییشتووە و تووشی دیسکی پشت بووە، بەڵام تا ئێستاش ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد سەرەڕای دۆخی نالەباری جەستەیی ناوبراو و پێویستیی خێرا بە پزیشکی پسپۆڕ، پێشی بە ناردنی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە بۆ نەخۆشخانە گرتووە.”

جەماڵ قادرنژاد لەدایک بووی 1355ی هەتاوی و خەڵکی گووندی حاجی حەسەن سەر بە باژێڕی مەهابادە و تا ئێستا دوو جار بەتاوانی پەیوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ڕژیم لە لایەن ڕژیم دەستبەسەر کراوە.

جاری یەکەم، ساڵی 1378 بۆ ماوەی 4 ساڵ لە زیندانەکانی مەهاباد و ورمێ بەندکراوە.

جاری دووهەم، ساڵی 1391 دەستبەسەر کراوە و حووکمی 5 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاوە، کە تا ماوەی ٤ ساڵ لەو حوکمەی تێپەڕاندووە.

لە ماوەی پێنج ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و هەروەها سەرەڕای ئەو هەموو ئازارە جەستەیی و نەخۆشییە، تەنیا یەک جار ئیزنی مەرەخەستی پێدراوە کە ئەم یەکجارەش بەر لە تەواوبوونی ماوەی مۆڵەتی سەردانەکەی، گەڕێندراوەتەوە بەندیخانە.

بە گوێرەی کەسانی نزیک لە بنەماڵەی قادرنژاد، ئەو چالاکە سیاسییە لە ماوەی ڕاگرتنی لە ئیدارەی ئیتلاعات، لە ڕووی ڕوحی و جەستەییەوە ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی زۆر و بەربەرین بۆتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.