تاووتوێ کردنی پرسی ئیسلامی سیاسی و هۆکاری چوون بۆ داعش لە کوردستانی خۆرهەڵات لەگەڵ بەرێز عیرفان ڕەهنموون

0
1465

سەرهەڵدان و گەشەی ئیسلامی سیاسی لە جیهان بە گشتی بۆتە ئاریشەیەکی مەزن، ئەو پرسە و دیاردەکانی، کوردستانی خۆرهەڵاتیشی بێبەش نەکردووە، ئەمڕۆ شەممە ٣١ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی لە شنۆوە هەواڵ بە ناوەندی ڕۆژی کورد گەیشت کە گەنجێکی تەمەن ٢٤ ساڵانی خەڵکی گووندنی جاشیرانی شاری شنۆ بەناوی کاروان مەحموودی لە تورکیاوە پەیوەندی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە کە دەڕوا بۆ داعش. زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو گەنجە لەژێر کاریگەریی مەلایەک بەناوی مەلا جەعفەر کە پێشتر لەو گووندە و بە هۆی پرۆپاگەندای ئاشکرا بۆ داعش دەرکراوە، پەیوەست بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بووە. هەروەها چالاکێکی مەدەنی لە شاری جوانڕۆوە دەڵێ: “کوڕی خزمەکەمان کە ٩ ساڵانە و ناوی ئامانجە لە دوای هاتووچوو بۆ مزگەوتی قوبا دەڵێ دەبی پێم بڵێن عەبدووڵا کە ناوێکی بەهەشتیە نەک ئامانج کە ناوێکی جەهەندەمیە. ماوەیەک بەر لە ئێستاش باسی سەر بڕینی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن کەسێکی جوانڕۆییەوە لە میدیاکان دەنگی دایەوە.

ئەو کۆمەڵە باسە و گەلێک باسی تر بوون بە هۆکار تا وتووێژێک لەگەڵ بەرێز عیرفان ڕەهنموون، چالاک و چاوەدیری سیاسی و پسپۆڕ لە بواری ئیسلامی سیاسی دا، پێک بێنین کە دەقی وتووێژەکە لە خوارەوە لە بەر دەستتان دایە.

عیرفان ڕەهنموون

ڕۆژی کورد: لەگەڵ ئەوەدا کە دەگوترێ تەمەنی داعش لە ناوچە ڕوو بە کۆتاییە و لاوازییەکی بەرچاویش لە هێز و هێرش و هەڕەشەکانی داعشدا دەبیندرێت بەڵام هەمدیسان لە هەواڵەکاندا دەبیستین کەمتاکورتێک، گەنجانی کورد پەیوەست بەو ڕێکخراوە تیرۆریستیەوە دەبن، ئێوە هۆکار یان هۆکارەکانی دەگەڕێننەوە سەر چی؟

ڕەهنموون: وەک ئەوەی لە هەواڵەکانەوە گوێمان لێ دەبێ، ڕەوتی پەیوەستبوون بە ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ڕۆژهەڵات و باشوورو ئەوروپاوە ڕوو لە کزییە، بەڵام لە وەڵامی هۆکاری پەیوەستبوونی کوردی ڕۆژهەڵات بەو ڕێکخراوەوە، گرنگترین و سەرەکیترین هۆکار ڕەنگە بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە هەندێ لە هاووڵاتییانی سووننە مەزهەبی ڕۆژهەلات و بەتایبەت ئەو کەسانەی کە باکگراوەندێکی سەلەفیی-جیهادییان هەیە، خۆیان لە بەرامبەر بنئاژۆخوازیی دەوڵەتی شیعەی ئێراندا پێناسە دەکەن. بە واتایەکی دیکە، هەڵاواردنی مەزهەبی لە ئێراندا پاڵ بە بڕێک مرۆڤی مەزهەبیی کوردەوە دەنێ بۆ وەرگرتنی شوناسێکی مەزهەبیی سوونەی توندئاژوو.

داعشیش بەو پڕووپاگەندانەی کە بە شێوەی پڕۆفیشناڵ وەڕێی دەخات، بۆتە بەهەشتی مرۆڤە سەلەفی و توندئاژۆ سووننەکان و ئەو دیاردەیە بۆتە دیاردەیەکی جیهانی و تایبەت بە کورد نیە. خاڵێکی دیکە کە کاریگەریی لەسەر پەیوەستبوونی هەندێ لە کوردەکانی ڕۆژهەڵات بەو ڕێکخراوەیەوە هەبوە، دەگەڕێتەوە بۆ ئاوەڵا هێشتنەوەی بیاڤی گشتیی کۆمەلگای کوردستان لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە بۆ گرووپە توندئاژۆ-سەلەفییەکان و لەو پێوەندییەدا، کۆماری ئیسلامی دوو ئامانجی هەیە؛

یەکەم: ناشیرین کردنی کوردی ڕۆژهەلات لە بەرچاوی ڕای گشتیی ناوچەکەو جیهاندا کە بە مرۆڤگەلێکی سکۆلار و دیموکرات ناسراون و بەو تاکتیکە دەخوازێ سیمای سکولار-دیموکراتی کوردی ڕۆژهەڵات خەشدار بکات.

دووهەم: بەم تاکتیکە، واتە گۆڕەپان ئاوەڵاکردن بۆ ئیسلامی سەلەفی-جیهادی ، دەخوازێ پێش بە پەرەسەندنی بزافی میللی دیموکراتیکی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بگرێ.

ڕۆژی کورد: زۆرجار گوتراوە کۆماری ئیسلامی خۆی پشتیوانی داعشە، لە زۆر گوند و شاری کوردستانی خۆرهەڵاتیشدا هەن و کەمیش نین ئەو مەلا وحوجرانەی ڕاستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کار بۆ ڕێکخراوە ئیسلامیە جیاوازەکان هەر لە ئەلقاعیدە و داعش و لقەکانیان و ئیخوان و …تاد دەکەن، ئێوە تا چەند ڕاتان وایە ئەوە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیە بۆ پەرە پێدان بەو فکریەتانە لە کوردستانی خۆرهەڵات؟

ڕەهنموون: کۆماری ئیسلامی زۆر ئاگایانە بوار بۆ چالاکیی سەلەفییەتی جیهادی (قاعدە و داعش) خۆش دەکات. ئەم سیاسەتە تەنیا لە بەرامبەر بزاڤی نیشتیمانیی کورددا نیە -هەرچەند ئامانجی سەرەکییەتی- بەڵکو بەهۆی شانە بە ناو نهێنییەکانی قاعدەو داعشەوە، دژایەتیی ئیسلامی میانەڕەو (مەکتەبی قورئان و ئیخوان) و پێڕەوانی تەریقەتەکانی نەقشبەندی و قادری دەکات. واتە ڕژیمی ئێران، بە ئەنقەست بواری گەشەسەندنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی قاعدە وداعش دەڕەخسینێ و ئاگایەنە ژەهری توندڕەوی لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دا دەچێنێ. بەپێی ئەو هەواڵ و زانیارییانەی کە لە ڕۆژهەلاتەوە دەگەن ، مەلاکانی سەر بە قاعدە و داعش، پێوەندییەکی چڕوپڕیان لەتەک دەزگا سیخوڕییەکانی ئێراندا هەیە و بەرپرسانی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئامریکا و ئەوروپا، زۆر زانیارییان لەسەر هاوکاریی سوپای پاسداران و ئتلاعاتی ئێران لەگەڵ قاعدە لە ئەفغانستان بڵاوکردۆتەوە و تەنانەت هەندێ لە ژن و منداڵکانی ”بنلادن” بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئێران ژیاون.

ڕۆژی کورد: ئیسلامی سیاسی لە کوردستانی خۆرهەڵات تا چەند بەهێزە و لە دواڕۆژدا چەند ئەگەری مەترسی هەیە؟ ئایا دەکرێ بڵێین کۆماری ئیسلامی ئێستا ئەو گرووپانە پەروەردە دەکا تا لە سبەی ڕۆژی خەباتی ئەو بەشە لە کوردستان بە بیانووی شەڕ لەگەڵ تیرۆریزم هێرش بۆ ئەو ناوچانە بکات؟

ڕەهنموون: بەگشتی من ئیسلامی سیاسی (سەلەفی-جیهادی) لە ڕۆژهەڵاتدا بە بەهێز نازانم و پێگەی جەماوەرییان لە بەراورد لەگەڵ بزاڤی نەتەوەیی کورددا، زۆر لاوازە. بەڵام ئیسلامی میانەڕەو (مەکتەبی قورئان و ئیخوان) پێگەی جەماوەرییان هەیە، بەڵام بەڕادەیەک نیە کە ببنە هەڕەشەیەکی جیدی و ڕەنگە وەک “یەکگرتوو” لە باشووری کوردستان، ئەوانیش پابەند بن بە بەشداری لە پرۆسەی دیموکراسی دا و یاساو ڕێسا دیموکراتیکەکان پێشێل نەکەن. بەڵام ئیسلامی سەلەفی-جیهادی هەرچەند پێگەی جەماوەرییان لاوازە، رێکخستنی پتەویان هەیە و بێگومان لە کاتی خۆی دا دەبنە هەڕەشەیەکی جیدی و ڕژیم دەتوانێ بەکاریان بهێنێ و ڕوخساری گەشی نەتەوەی کوردی پێ خەشدار بکات. هەر بۆیە، بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دەبێ لەو پێوەندییەدا وشیار و هەستیار و خاوەن پلان و بەرنامە بێت.

ڕۆژی کورد: تا چەند حیزبە کوردیەکان بە تاوانباری ئەو کۆچە ناپیرۆزەی گەنجەکانی کوردستان بۆ ناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە ئیسلامیانە دەزانن؟

ڕەهنموون: ڕەنگە وشەی تاوانبار لەو پێوەندییەدا زۆر گونجاو نەبێت. دەکرێ بێژیین پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێوەندی لەتەک گەشە و هاتنە ئارای دیاردەی نوێی سەلەفییەتی جیهادی لە ڕۆژهەڵاتی کۆردستان دا کەمتەرخەم بوونە و نە خوێندنەوەیەکی زانستییانە و چڕوپڕیان بۆ کردوە و نە بۆ بەرپەرچدانەوەی پلانێکی ڕوونیان ڕەچاو کردوە. هەر بۆیە زۆر بەپێویستی دەزانم کە بزاڤی نیشتمانیی کورد، خویندنەوەیەکی زانستی  بۆ ئەو بابەتە گرنگ و مەترسیدار و هەستیارە بکاو پلانێکی تۆکمەی تیۆری و پراکتیکاڵی بۆ دابێت.

ڕۆژی کورد: دەبێ چ بکرێ تا ئیسلامی سیاسی چیتر پەل و پۆی خۆی نەتەنێتەوە؟ بەتایبەت لە شارگەلێکی وەک جوانڕۆ و هەورامان بە گشتی کە لەوانەیە حیزبەکانیش نفووز و بازنەیان لاوازتر بێت لە شوێنی تر.

ڕەهنموون: پێم وایە هەر لە دێر زەمانەوە حیزبی دیموکرات لە جوانڕۆ و هەورامان پێگەی خۆی هەبووە، بەتایبەت ناوچەی هەورامانی ژاوەرۆ و ئەو دیاردەیە (سەلەفییەتی جیهادی)، تەنیا تایبەت بەو دوو ناوچەیە نیە و کەم تا زۆر لە هەموو ڕۆژهەلات دا دەبینرێ.

پێم وایە پێش ئەوەی کە مرۆڤ بخوازێ بەرپەرچی دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی-سیاسی بداتەوە، سەرەتا پێویستە بەشێوەیەکی زانستی ئەو دیاردەیە بناسێ و تیۆرییەکی زانستی لەو پێوەندییەدا بخاتە ڕوو. کاتێ کە تیۆری دروست بێت، پراکیکی سیاسی-کۆمەلایەتیش چونکە هەڵقوڵاوی تیۆرییە زانستییەکەیە، لەجێی خۆیدا دەبێت و دەتوانێ ڕێکارێکی کاریگەر بێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییە. بە کورتی دەبێ لە پێشدا کاری تیۆریک لەسەر ئەو بابەتە بکرێ و پاشان بە پلان و پراکتیکی شیاو، بەرپەرچی بدرێتەوە. هەر بۆیە لەسەر ئەوباوەڕەم کە پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە دیاردەی سەلەفییەتی جیهادی بە هێند وەربگرن و بە خوێندنەوەی زانستی و قووڵ، ڕێکاری بەبڕشت بۆ ڕیشەکێش کردنی بگرنە بەر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.