ئیسلاح تەڵەبانی کورد لە میدیا کوردیەکان بەدوای چیدا وێڵن؟

0
749
 هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

ئەم ڕۆژانە و لە دای ٢٦ی جۆزەردان و شەڕی قورسی ١٤ سەعاتەی قەرەسەقەلی نەبەز لە شنۆ و کوژرانی نزیک بە ٢٥ پاسدار و جاش و شەهیدبوونی پۆلێک پێشمەرگە، ڕژیم لە هەموو ڕوویەکەوە هەست بە گوشار دەکات و جیا لەوەی کە بڕیاری هاتنە ناوەوەی ئەرتەش بۆ ئەو شەڕە لە ئارادا هەیە و لە هەمان کاتدا کوردستان بە گشتی و پارێزگای ورمێ بەتایبەتی میلیتاریزە کراون، بەشێک لە ئیسلاح تەڵەبەکان و بەتایبەتی جەلالیزادە و چەند کەسی تر کەوتوونەتە خۆ، جیا لەوەی کە ئەوانە پێشینەیان چیە و کێن و ئامانجیان چیە، لەو بابەتەدا هەوڵ دەدرێ بە کورتی ئاماژە بە ئامانجیان لەو ماوەیەدا و هێنانە ئارای هەندێ چەمکی وەک دان و ستان بدرێت.

بۆ ئەنجام دانی دان و ستان هەندێک پێش مەرج هەیە، سەرەکیترینی ئەوەیە کە لایەنی بەرانبەر لە بەرانبەرتدا هەست بە بێ هێزی یان بە چۆک دا هاتن بکات یان وا هەست بکا و بزانێ کە تۆ مەترسیت لە سەری، ئەوا ئەو کاتە کە بۆ مانەوەی خۆی یان پێشگرتن لە خەساری زۆرتر لەسەری، پەنا دەباتە بەر دان و ستان کە ئەویش شێوازی خۆی هەیە و خاڵی تایبەتی لەبارەوە هەیە کە باسی ئەم بابەتە نیە.

ئەوەی ڕاستی بێ کورد تا ئێستا نەیتوانیوە لە ٢٣ ساڵی ڕابردوودا، هەڕەشە بی بۆ سەر ئێران بەڵکوو ڕەژیم بە تەواوی و بە میکانیزمی جیاواز و بە هەڕەشە و هێرشی جیاواز و لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی بەهێز و لە ڕێگای هێرشی نەرم و ئەوڕۆیی و بە تێکدانی دێموگرافی کوردستان و لەم دواییانەشدا بە کێشانی پلانی ڕاکێشانی کورد بۆ ژیانێکی بە دەوڵەتەوە لکاو بە جۆرێک کە بێ بوونی دەوڵەت ژیانی بکەوێتە مەترسیەوە و لە هەمان کاتێشدا بە هێنانە ئارای جاش قەڵەم و کوردی زمانی پان ئێرانیست و هێزی تووندئاژۆی بەناو ڕیفۆرمخواز و دەم و چاوی کوردپەروەر بەڵام ناخ بە هێژموونی داگیرکەر سواغ دراو و سپاییەکانی دۆینێ و ئیسلاح تەڵەبەکانی ئەمڕۆ و دانانی ٢ کات ژمێر لە ساڵێکدا وانەی کورد کە لە ناو پەرتووکیشدا نەنووسراوە و وانەی ئازادە (جیا لەوەی کە مامۆستای بۆ پەروەردە نەکراوە)، کورد و خەباتەکەی لاڕێ بکات و وابکات نەوەی نوێ لە شوناسی خۆیدا تووشی کێشە و ئاسمیلەبوون ببێ و وابکات ئۆپۆزیسیۆنی کوردیش بەشێکی تووشی گومان و لاڕێ بوون ببێ، لێرەدایە کۆماری ئیسلامی ئەگەر چەمکی دان و ستانیش بەکار بێنێ ئەوا تەنیا بۆ تێوەگلانی زیاتری ئۆپۆزیسیۆنی کوردی و خۆشتر کردنی ڕێگا بۆ بەرەو پێش بردنی ئامانجەکانی و پێشگرتن لە خەباتی چەکداری ئەو کارە دەکات چون خۆی باش دەزانێ لە ئێستادا هیچ شتێک و میکانیزمێک وەک خەباتی چەکداری ناتوانێ مەترسی شڵەقانی ناوخۆی ئێرانی لێبکەوێتەوە و لە هەمان کاتێشدا هیزەکانی لە جیاتی ئەوەی کە لە دەرەوەی ئێران ئاژاوە بگێڕن ناچارن بێنەوە ناوخۆ و درووشم و ئەرکی هەناردە کردنی ئینقلاب وەدوا دەکەوێ.

بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە بە چەند شەڕی کورتی پارتیزانی و کوژرانی نزیک بە ٤٠ کەس لە پاسدارەکانی ڕژیم، ئێستا ئیسلاح تەڵەبەکان و سپاییەکانی دۆینێ و کۆت و شاڵوارپۆشە ئیسلاح تەڵەبە بە زوان کوردەکانی ئەمڕۆ کەوتوونەوە خۆ و میدیا بە میدیا ماڵەو ماڵ دەکەن و لە فەیسبووک و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە خەمی خۆیان بۆ کوژرانی ڕۆڵەکانی خەڵک (بەتایبەت پێشمەرگە مسوڵمانەکان) دەکەن و دان و ستان دەخەنەوە سەر خوانی کورد.

سەیر و جێگای پرسیار ئەوەیە کە چۆنە ئەوان لە ماوەی ٢٣ ساڵی ڕابردوو کە خەباتی چەکداری نەبوو، دەنگێکیان لێوە نەدەهات؟ بۆ مەگەر ئەو حیزبانە لە ڕوانگەی ئەوانەوە هەڵوەشاوە “مونحەلە” نەبوون؟ مەگەر ئەو هێزانە بە قەولی “سەلاحەددین خەدیو” دە دوازدە کەس نەبوون؟ ئەدی چؤنە ئێستا هەن و دەوڵەت ناتوانێ پشت گوێیان بخات و دەبی دان و ستان بکرێت؟ ئەوە جیا لەوەشە کە دوکتور قاسمڵوو لەسەر میزی موزاکەرە شەهید کرا.

لە هەمان کاتیشدا هەندێک لە سیاسیەکان کە خۆیان دژ بە خەباتی چەکداری دەبینن و لایان وایە نابێ خوێنی کورد بڕژێ باس لە نەبوونی پلان دەکەن و لایان وایە کە هێشتا بێ هێژموونی و تێڕوانین و تێفکرین و تەنیا بۆ مەبەستێکی حیزبی، پێشمەرگە شەهید بوون. بەڵام ئەوانەش دەبێ بزانن کە خەبات لەوەی قووڵترە ئەوان بە ئەزموونی کەمیان فامی بکەن و ستراتژی حیزبەکانیش دەکرێ قووڵتر لە ڕواڵەتی بێ و هەروەها باسێکیش هەیە لە سەر ڕوو و ناخی سیاسەت و وەرگرتنی ڕەواییەکی زیاتر لە ناو دیپلۆماسیەتی دەرەوەدا کە ناکرێ بەو هۆیە ناخی مەسەلەکە ئاشکرا بکرێ، با جارێکیش کورد بە سیاسەت بچتە پێش و ئامانجی خۆی بپێکێ، لەو ڕوویەوە نابێ حیزبەکان و خەبات خۆیان بکەن بە قوربانی فکری خام و خاوی ئەو کەسانە و بە پێی پلانی درێژ خایەنی خۆیان بچنە پێش.

کورد و حیزبەکانی بەتایبەت حدکا دەبێ ئەوە باش بزانن کە ئەو چەمک و کەسانە تەنیا وەک کڵۆ و بەردی سەر ڕێگان کە دەیانهەوێ ڕێگا بۆ ئێمەی کورد ناخۆش و بۆ دەوڵەت خۆش بکەن، ئەوان لەوە دەگەڕێن بیر و ڕای شەقامی کوردی بکەن بە دژی حیزبەکان و خەبات بەڵام خۆیا و ئاشکرایە کە بیر و ڕای گشتی لە کام لایە.

شادی و خۆشییەکی کە ئەم ڕۆژانە لە ناو خەڵکدا دەبیندرێ و دەبیسترێ، لە ڕادە بە دەرە بەڵام خەڵک تا ئێستاش گومانی هەیە کە ئایا ئەو خەباتە کاتیە یان بەردەوام دەبێ؟ ئەوان ترسیان لەوە هەیە کە جارێکی تر تەنیا بمێننەوە و داوا دەکەن تەنیا نەبن بەڵام خەڵکیش دەبێ باش بزانن نابێ حیزب و پێشمەرگەکان تەنیا بهێڵینەوە و دەبێ ئەوانیش داوای مافی خۆیان و ئازادی خۆیان و ڕاماڵینی داگیرکەر لە خاکی کوردستان بکەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت