ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌یی زمانی دایک

0
997

ئاماده‌ كردنی : دیاكۆ هاشمی
International Mother Language Day
دەستپێک
زمان ناسنامه‌ و کۆڵه‌که‌ی ژیان و مانی نه‌ته‌وه‌یه‌. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک زمانه‌که‌ی لێ بسەنرێتەوە، خۆشی له‌نێو دەچێت و دەفەوتێت. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییشی نەبێت، به‌ڵام زمانه‌که‌ی خۆی بپارێزێت، هه‌رگیز نامرێت و هه‌ر ڕۆژێک دێت که‌ سه‌ر دەکەوێت و سه‌ربه‌خۆ ده‌بێت.

زمان، مرۆڤ له‌ گیانله‌به‌رانی تر جیا ده‌کاته‌وه‌، مرۆڤ به‌ که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ زمان، هزر و بیری خۆی ده‌رده‌بڕێت و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای خۆیدا پێوه‌ندی ده‌گرێت. نه‌ته‌وه‌ جۆربه‌جۆره‌کان له‌به‌ر زمان لێک جیا ده‌کرێنه‌وه‌ و هه‌ر به‌ زمانیش پێکه‌وه‌ پێوه‌ندی ده‌گرن.

پێشێلکردنی مافه‌ زمانییه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر یان ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یه‌کی تر، ده‌بێته‌ هۆی ناکۆکی و شه‌ڕ له‌ نێوانیاندا و، سنوور ده‌خاته‌ نێوان نه‌ته‌وه‌کان و سنووری نێوانیان ده‌بێته‌ شووره‌ و ئاگر.
ڕێزنان له‌ مافه‌ زمانییه‌کان، ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌ جۆربه‌جۆره‌کان ته‌با و ده‌ست له‌نێو ده‌ستی یه‌کتر، پێکه‌وه‌ بۆ پێشچوونی مرۆڤایه‌تی هه‌نگاو بنێن و، سنووره‌کانی نێوانیان ته‌نها ده‌بێته‌ سنوورێکی کاغه‌زی و نه‌خشه‌یی‌.
نموونه‌که‌ی ئورووپایه‌ که‌ به‌ ڕێزگرتن له‌ مافی زمانی و له‌ ئه‌نجامدا هه‌موو مافێکی تری یه‌کتر، توانیویانه‌ به‌ کرده‌وه‌ هه‌موو سنوورێک له‌ نێوان خۆیان لابەرن.

بەبۆنەبوونی ئەم ڕۆژە
٢١ی فێبریوەری ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکه‌.
یوونێسکۆ له‌ ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری دا که‌ ٢١ی فێبریوەری که‌ به‌رانبه‌ره‌ به‌ ٢ی ڕه‌شه‌مه‌، ببێته‌ “ڕۆژی نێونه‌ته‌وه‌ییی زمانی دایک International mother language day”.
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک هه‌موو ساڵێ له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانی ئه‌ندام له‌ یوونێسکۆ، بۆ پاڵپشتیی زمانی و فه‌رهه‌نگی و هه‌مه‌چه‌شنیی زمانی، له‌ نووسینگه‌ی سه‌ره‌کیی یوونێسکۆ له‌ پاریس یادی ده‌کرێته‌وه‌ . زۆر له‌ ساڵه‌کان ناودێر کراون، بۆ نموونه‌، ساڵی ٢٠٠٨ ناو نرابوو‌ به‌: “ساڵی نێونه‌ته‌وه‌ییی زمان” ، ساڵی ٢٠١٠ ‌ به‌ “ساڵی نێونه‌ته‌وه‌ییی بۆ نێزیکبوونه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگه‌کان”‌ ناودێر کرابوو.

هەموو ساڵێک:
1. ئه‌م ڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن چین و توێژه‌ جۆربه‌جۆره‌کانه‌وه‌ یادی ده‌کرێته‌وه‌،
2. له‌ قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌کان، له‌ په‌رتووکخانه‌کان و بنکه‌کانی چالاکیی فه‌رهه‌نگی و کۆڕ و کۆمه‌ڵی ئه‌ده‌بی و وێژه‌یی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک فەیسبووک و هه‌ندێ شوێنی تر یادی دەکرێتەوە و بۆنه‌که‌ی ڕێزی لێ ده‌گیرێ.
3. له‌و ڕۆژانه‌دا گۆرانی ده‌وترێ، سه‌ما و هه‌ڵپه‌ڕکێ ده‌کرێت، هۆنراوه و‌ هه‌ڵبه‌ست ده‌خوێنرێته‌وه‌،
4. قسه‌ له‌سه‌ر مێژوو و بۆنه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی ڕۆژی زمانی دایک ده‌کرێت.
5. باس له‌ گرنگیی زمانی دایک ده‌کرێت.
6. زیاتر له‌ ٧٠٠٠ زمان له‌ دنیادا هه‌یه‌.
7. مه‌زه‌نده‌ ده‌گرێت که‌ تا کۆتاییی ئه‌م سه‌ده‌یه‌ نزیکه‌ی ٩٠%ی ئه‌و ٧٠٠٠ زمانه‌ له‌نێو بچن.
8. خه‌ریکن پلان داده‌نێن که‌ چی بکه‌ن له‌و کاره‌ساته‌ پێش بگیرێت.

جگه‌ له‌ یوونێسکۆ و وڵاتانی ئه‌ندامی، قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌کان، کتێبخانه‌کان، کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ هونه‌ری و ئه‌ده‌بییه‌کانیش ڕێز لەم ڕۆژە دەگرن و یادی دەکەنەوە.

linguapax
خەڵاتی لینگواپاکس

ئه‌نه‌ستیتۆی لینگواپاکس، که‌ ڕێکخراوێکی ناحوکوومییه و بنکه‌که‌یان له‌ “بارسێلۆنا”ی “سپانیا”دایه‌‌، هه‌موو ساڵێک خه‌ڵاتێک به‌ ناوی (The Linguapax Prize) واته‌ “خه‌ڵاتی لینگواپاکس” له‌ ٢١ی فێبریوه‌ری‌ ده‌به‌خشێت به‌ زمانه‌وانان، لێکۆڵه‌ره‌وان، پرۆفیسۆران و ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی بۆ پشتڕاستکردنه‌وه‌ی کاری بێوێنه‌یان له‌ بواری “هه‌مه‌چه‌شنیی زمانی و/ یا په‌روه‌رده‌ی فره‌زمانی” (linguistic diversity and/or multilingual education).
ئه‌م خه‌ڵاتی لینگواپاکسه‌، له‌ ساڵی ٢٠٠٢ه‌وه‌ دابه‌ش کرا، سێ ساڵی یه‌که‌می واته‌ ٢٠٠٢، ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ هه‌ر ساڵه‌ دابه‌ش ده‌کرا به‌سه‌ر ٢ که‌سدا، به‌ڵام له‌ ساڵی ٢٠٠٥ به‌و لاوه‌ دراوه‌ به‌ یه‌ک که‌س.

پاڵێوراوه‌کان له‌ دیسامبری ساڵی پێشیدا پێشکه‌ش ده‌کرێن و خه‌ڵاته‌که‌ له‌ ٢١ی فێربیوه‌ریدا دابه‌ش ده‌کرێت.

مێژووی “ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک”
نیمچه‌ دوورگه‌ی هیندووستان که‌ مۆڵگه‌ی به‌ریتانیا بوو له‌ ساڵه‌کانی ١٩٤٧ و ١٩٤٨دا گۆڕانی به‌ خۆیه‌وه‌ بینی و چوار وڵات سه‌ربه‌خۆیییان به‌ده‌ست هێنا: هیندووستان، بورما، سه‌یلۆن (سریلانکای ئەوڕۆ)، پاکستان (به‌ هه‌ردوو به‌شی ڕۆژاوا و ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌):

hidostan

له‌ ڕۆژاوای پاکستان به‌ “ئوردوو” قسه‌ ده‌کرا.
خه‌ڵکی ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان به‌ “به‌نگلایی” قسه‌یان ده‌کرد. ده‌ورووبه‌ری ساڵانی ١٩٥٢-١٩٥٠ توێژی مامناوه‌ندیی گه‌شه‌سێن له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی به‌نگاڵدا ده‌ستیان کردبوو به‌ شۆڕشێک که‌ دواتر به‌ “بزووتنه‌وه‌ی زمانیی به‌نگلایی Bangla Language Movement” ناسرا.
له‌پڕا حوکوومه‌تی ئه‌و ده‌مەی پاکستان له‌ جاڕنامه‌یه‌کی ئاوه‌ڵادا ڕایگه‌یاند که‌ تاقه‌ زمانی ڕه‌سمی له‌ سه‌رانسه‌ری پاکستان به‌ ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژاوایه‌وه‌ ده‌بێ ته‌نیا و ته‌نیا ئۆردوو بێت.

ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان، له‌به‌ر ئه‌و بڕیاره‌ ئاڵۆزیی تێ که‌وت،
دژ به‌و بڕیاره‌ ڕژانه‌ شه‌قامه‌کان.

pakistan1

پۆلیس هه‌ر چه‌شنه‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ڕێنه‌دراو کرد. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌، خوێندکاره‌کانی زانکۆ له‌ شاری داکا و کۆڵێجی پزیشکیی داکا و باقیی چالاکه‌ سیاسییه‌کان، له‌ ٢١ی فێبریواریی ١٩٥٢، ناڕه‌زایه‌تییه‌کیان خسته‌ ڕێ.

له‌ نێزیکی نه‌خۆشخانه‌ی کۆڵێجی پزیشکیی داکای پایته‌ختی ئێستای به‌نگلادێشدا، پۆلیس ته‌قه‌ی له‌ خۆپیشانده‌ران کرد و کۆمه‌ڵێ که‌س کوژران.

pakistan2

بزووتنه‌وه‌که‌ په‌ره‌ی سه‌ند بۆ هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان و ته‌واوی هه‌رێمه‌که‌ وه‌ستا.
پاش ئه‌وه‌ حکوومه‌تی پاکستان کۆڵی دا و زمانی به‌نگلایییه‌کانی برده‌ ڕیزی زمانی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پاکستاندا.

کاریگه‌رییه‌کان
ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ بوو به‌ تۆوی بزووتنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی که‌ ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بوو به‌ جیابوونه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی پاکستان و سه‌ربه‌خۆییی به‌نگلادێش له‌ ساڵی ١٩٧١دا.

Alla_Bangeladish
ئاڵای بەنگلادێش

بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ پیرۆز بکرێت، مناره‌ی شه‌هید که‌ په‌یکه‌رێکی بۆنه‌یی و نیشانه‌یییه‌، له‌ شوێنی کوشتاره‌که‌ چێ کرا.

له‌ به‌نگلادێشدا ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ ڕۆژی بزووتنه‌وه‌ی زمان، یان ڕۆژی شۆڕشی زمان ناو ده‌برێت هه‌روه‌ها (ڕۆژی شه‌هیدانی زمان) یان (ڕۆژی شه‌هیده‌کان)یشی پێ دەوترێت.

له‌لایه‌ن به‌نگلادێشه‌وه‌ به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان پێشنیار کرا با ئه‌و ڕۆژه‌ بکرێته‌ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.
یوونێسکۆ (ڕێکخراوی په‌روه‌رده‌یی، زانستی و فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان)

United Nations Educational, Scientific and Cultural Organization (UNESCO)

له‌سه‌ر ئه‌و پێشنیاره‌ و به‌ پاڵپشتیی ٢٨ وڵاتی ئه‌ندامی، له‌ نۆڤه‌مبری ١٩٩٩دا ڕۆژی ٢١ی فێبریوه‌ری، ٢ی ڕه‌شه‌مه‌، ٢ی اسفند، بوو به‌ “ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک”.

Minare_Bengladish

هەموو ساڵێک زۆر لە بەکارهێنەرانی فه‌یسبووک وێنۆچکه‌ی ناوه‌که‌ی خۆیان دەگۆڕن بۆ وێنه‌ی ئه‌و پوسته‌ره‌ی که‌ یوونێسکۆ بڵاوی دەکاتەوە بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئه‌ویش بۆ پاڵپشتیکردن له‌ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک.

زمانی کوردی لە پارچەکانی کوردستاندا
به‌ دروستبوونی تورکیە پاش هاتنه‌سه‌رکاری که‌مالی ئاتاتورک زمانی کوردی لەوێ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک قه‌ده‌غه‌ کرا، ناوی هه‌موو لادێکان گۆڕدرا بۆ تورکی. له‌ تورکیەدا کوردی وا که‌وتۆته‌ زیندان ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پیتی “w”ی به‌کار هێناوه‌ له‌ نووسینی وشه‌ی Newroz دا. چونکە ئەو پیتە لە ئەلفبێی ئاساییی تورکیدا بوونی نییە، هەر لەبەر ئەوە نووسینیشی بۆ کوردەکان سزای لەسەر بووە.

له‌ ڕۆژهه‌ڵاتدا زۆر که‌س ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کتێبی کوردییان پێ بووه بەند کراون‌. دایکوباوکێک که‌ به‌ هه‌زاران خولیا و خۆزگه‌وه‌ منداڵیان ده‌بێ، بۆیان نییه‌ ناوێکی کوردی به‌ حه‌ز و ویستی خۆیان له‌ کۆرپه‌کانیان بنێن. زۆر که‌س هه‌یه‌ دووناوه‌یه‌، له‌ ماڵدا ناوێکی هه‌یه‌ و له‌ تۆماری وڵاتەکەدا ناوێکی تری هه‌یه‌.

هێنده‌ سووکایه‌تییان به‌ زمان و فه‌رهه‌نگی کوردی کردووه‌ که‌ زۆر که‌س پێی عه‌یب و شووره‌یییه‌ به‌ کوردی قسه‌ بکات و هێنده‌ وا مێشکیان شۆراوه‌ته‌وه و هه‌ستی خۆبه‌بچووکزانی و خۆپێسووکبوون و خۆبه‌که‌مزانینیان تێدا درووست بووه‌، ‌ که‌ به‌ فارسی له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانیان قسه‌ ده‌که‌ن.

ته‌نانه‌ت کاتێ بۆ نموونە لە ئێراندا فیلمێ فارسی درووست ده‌که‌ن و به‌هه‌ڵکه‌وت کوردێکی تێدا ده‌بێ و به‌ فارسی قسه‌ ده‌کات، فارسییه‌که‌ی هێنده‌ شڕ و سه‌قه‌ته‌ که‌ هه‌ر خۆیان وا فیلمه‌که‌یان درووست کردووه‌ به‌و شێوه‌ قسه‌کردنه فارسییه‌‌ ڕاده‌بوێرن، هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی که‌سایه‌تیی کورد بشکێنن. وه‌ک شتێ کورد نه‌توانێ به‌ فارسی قسه‌ بکات و به‌ نه‌خوێنده‌وار پیشانی ده‌ده‌ن.
به‌و جۆره‌ ئه‌و هه‌سته‌ درووست ده‌که‌ن با هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانتان به‌ فارسی قسه‌ بکه‌ن، با له‌هجه‌که‌ی باش ببێت.

ئه‌ویش له‌ حاڵێکدا له‌ باشووری کوردستان قوتابیان کاتی خۆی دژی زمانی عه‌ره‌بی و بۆ هه‌بوونی مافی نووسین و خوێندن به‌ کوردی خۆپیشاندانیان ساز کرد و ئه‌و ناڕه‌زایه‌تیده‌ربڕینانه‌ بووه‌ هۆی ئه‌وه‌ی ئێسته‌ زمانی کوردی له‌وێ ببێته‌ زمانی فەرمی له‌ پاڵ زمانی عه‌ره‌بیدا.

به‌ڕاستی جێگه‌ی داخه‌ هه‌ندێ کورد پێیان عه‌یب و عار و شووره‌یییه‌ به‌ کوردی قسه‌ بکه‌ن، که‌چی کوردێک له‌ تورکیا که‌ ته‌نانه‌ت کوردیش نازانێ، خۆی ده‌سووتێنێ بۆ ئه‌وه‌ی مافی هه‌بێ به‌ کوردی بخوێنێ و بنووسێ.

جاڕنامەی جیهانیی مافی زمان
هه‌موو یاسا نێونه‌ته‌وه‌یی و جیهانییه‌کان پاڵپشتی له‌ مافی زمانیی نه‌ته‌وه‌کان ده‌که‌ن.
بۆ نموونە لە “جاڕنامەی جیهانیی مافی زمان”دا کە کاک “حەسەنی قازی” لە ئینگلیزییەوە کردوویەتییە کوردی دەوترێت:

*مادەی ٢٦
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەردەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بدا بە ئەندامەکانیان بەتەواوی زمانی خۆیان فێر بن و لێی ڕابێن، لەوانە توانایی جۆربەجۆر لە هەموو بوارە ئاساییەکان دا، هەر وەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گۆنجاو بۆ فێربوونی هەر زمانێکی دیکەی کە ئەوان پێیان خۆش بێ فێری بن.
*مادەی ٢٨
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان لێیان دەوەشێتەوە پەروەرەیەکیان هەبێ کە دەرفەت بۆ ئەندامەکانیان بڕەخسێنێ زانیارییەکی تەواو سەبارەت بە میراتی کولتووری خۆیان( مێژوو، جوگرافیا، ئەدەبییات و، هێماکانی دیکەی کولتووری خۆیان)وەدەست بهێنن ، هەر وەها هەبوونی دەرفەتی هەرە گونجاو بۆ ئاگادار بوون لە سەر هەر کولتوورێکی دیکەی کە پێیان خۆش بێ.
*مادەی ٢٩
١. هەموو کەس مافی هەیە بەو زمانە پەروەردە ببێنێ کە تایبەتییە بەو خاکەی تێیدا دەژی.
٢. ئەم مافە مافی فێربوونی زمانێکی دیکە چ بە قسە کردن و چ بە نووسین بەرپەرچ ناداتەوە کە دەکرێ وەک ئامرازی پێوەندی لەگەڵ کۆمەڵگە زمانییەکانی دیکە بەکار بهێندرێ.
*مادەی ٣٠
زمان و فەرهەنگی هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ ببێ بە بابەتی لێکۆڵێنەوە و تۆێژینەوە لە ئاستی زانکۆ دا.
*مادەی ٣١
هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە کە سیستمی ناوی تایبەتی خۆیان بپارێزن و لە گشت بوارەکان و لە هەموو بۆنەیەک دا بە کاریان بهێنن.
*مادەی ٣٢
١.هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناوی شوێنان بەو زمانە بەکاربهێنن کە تایبەتی خاکەکەیانە، هەم لەقسەکردن و هەم لە نووسین دا، و لە بواری خسووسی، گشتی و ڕەسمی دا
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان مافی ئەوەیان هەیە ناو لە شوێنان بنێن، ناویان بپارێزن و یان ناوە ڕەسەنەکانیان بگۆڕن.ئەو جۆرە ناوانەی شوێنان ناکرێ بە زۆر ملی بگۆڕدرێن، تێک بدرێن یان دابندرێن و لە بەر گۆڕانی بارودۆخی سیاسی، یان هەر جۆرە گۆڕانێکی دیکە نابێ ناویان بگۆڕدرێ.
*مادەی ٤١
٢. هەموو کۆمەڵگە زمانییەکان دەبێ بتوانن ئەو مافە بە تەواوی بەکاربهێنن بەبێ ئەوەی شوێنی کۆمەڵگەکە بکەوێتە بەر داگیرکاری باڵادەستانەی کولتوورێکی بیگانە.
سێهەم
دەستەڵایدارێتی گشتی لە بەر ڕووناکایی ئەو قانوونانەی کە کاریان پێ دەکرێ، دەبێ سزا دابمەزرێنێن بۆ پێشێلکردنی ئەو مافە زمانیانەی کە لەم جاڕنامەیە دا گونجێندراون.

zimani-dayki-

دەرەنجام
ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە لایەکەوە بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لەبەر بەیاساییبوونی زمان ڕژاون بڕیاری لەسەر دراوە، لە لایەکی تریشەوە بۆ ئەوەی بە جیهان ڕابگەیەنرێت کە هەموو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان پاڵپشتی لە ئازادبوونی هەر زمانێک دەکەن. هەر نەتەوەیەک بۆی هەیە زمانەکەی ئازادانە بەکار بهێنێت و نابێت هیچ سنوورێکیش لەڕێی گەشەسەندنیدا دابنرێت.
با هەموومان هەوڵ بدەین ئەمساڵ زیاتر زمانەکەمان پێش بخەین و بیکەین بە زمانی فەرمی لە هەموو ناوچە کوردنشینەکاندا. تا ڕۆژی ئازادبوونی بەتەواوی بیپارێزین و گەشەی پێ بدەین. تا زمانمان هەبێت هەرگیز نامرین.

ڕۆژانە منداڵی کورد تەنیا لەبەر ئەوەی ناتوانێ بە زمانی باڵادەست وانەکان بەباشی جێبەجێ بکات سووکایەتیی پێ دەکرێت و کەسایەتیی دەشکێنرێت و تەنانەت لێدانیش دەخوات. ئەو لێدانانە دەبنە هۆی ئەوەی کە منداڵ لە خوێندن و لە قوتابخانە بێزار بن، دەرەنجامەکەی دەبێتە کەسایەتییەکی ڕووخاو و شەرمن و نەخۆش و سەرنەکەوتوو لە ژیاندا:

بایەخدان بە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک خەباتە دژ بە داپڵۆساندنی نەتەوەیی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.