فەڕانسە:پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان

0
963

فەڕانسە
ئەمڕۆ ۲٦ی مانگی ژووییەی ۲٠۱٤ ی زایینی لە سەر پێشنیاری کەمپەینی پشتیوانی لە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد و بە دەستپێشخەریی ئەو کەمپەینە و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆژی کورد و هاوکاریی کۆڕی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە ، لە پاریسی پایتەختی فەڕانسە هاوکات لە گەڵ وڵاتانی ئوتریش ، فینلاند و بریتانیا کاتژمێر ٤ی ئێوارە بە کاتی ئورووپا بە بەشداریی سەدان کەس لە کوردانی نیشتەجێی فەڕانسە خۆپێشاندانێک بە مەبەستی پشتیوانی لە بەڕێوە چوونی ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان و بەرگری لە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد بەڕیوە چوو
سەرەتای بەرنامەکە بە خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێز گرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕیگەی رزگاریی کوردستان دەستی پێکرد
دواتر سروودی نەتەوایەتی و دوژمن شکێنی ئەی ڕەقیب پێشکەش کرا
پاشان مێژوو نووس سوهەیلای قادری ، لە سەر مێژووی کورد و کوردستان بە زمانی فەڕانسەوی بۆ بەشداران دوا
دواتر پەیامی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە لایەن جوان سمۆ پێشکەش کرا ، نوێنەری ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریە لە فەڕانسە لە پەیامەکەی دا وێرای پشتیوانی ئەنجومەنەکەیان لە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد پشتیوانی خۆی بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان راگەیاند و هیوای خواست کورد لە هەر چوار پارچە بتوانن بە ویست و مافەکانیان بگەن
لە درێژەی ئەم کۆبوونەوەیە دا مافناس و چالاکی سیاسی عەزیزی ماملێ لە لایەن ئەنجومەنی کوردەکانی دانیشتووی فەڕانسە پەیامێکی پێشکەش کرد ، ماملێ لە پەیامەکەی دا باسی دۆخی ناوچەکە بە گشتی و ئەو هەلەی زێڕینەی کرد کە لەم قۆناغە دا بۆ کورد ڕەخساوە و هەر وەها لە لایەن ئەنجومەنەوە پشتیوانیی خۆیان بۆ رێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بەوە دا کە هەموو گەلان مافی خۆیانە کە بە دەستی خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن
دواتر عومەر فارووق بەرپرسی کۆمەڵەی گوڵان ، کۆمەڵەی دۆستایەتیی کوردی فەڕەنسی، لە پەیامێک دا وێرای ئاماژە بە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی ، رایگەیاند کە پشتیوانی لە پەیام و داخوازیی سەرۆکی هەرێم کاک مەسعوود بارزانی دەکەن و هیوادارن گەلی کورد بە یەکگرتووی و یەکدەنگی ئەو هەلە مێژوویە لە کیس نەدەن و بتوانن بە پشتیوانیی گەل بگەنە کوردستانێکی ئازاد و سەربەست
ئینجا پەیامی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن ئارەش زەمانی بەرپرسی کۆمیتەی ئەو حیزبە لە فەڕانسە خوێندرایەوە ، زەمانی لە پەیامەکەیدا وێڕای پێداگری لە مافی چارەی خۆنووسین رایگەیاند کە حیزبەکەی پشتیوانیی بێ ئەملاو ئەولای خۆی لە مەسەلەی رێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەردەبڕێ و پشتوانیی و داکۆکی دەکا لە سەرجەم هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان
لە بڕگەیەکی دیکەی ئەو ڕێوڕەسمە دا پەیامی کەمپەینی پشتیوانی لە هێما نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە لایەن ڕۆژنامەنووس خەباتی قوربانیەوە خوێندرایەوە لە بەشێک لە پەیامەکەی کەمپەین دا هاتبوو کە
ئەمرۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە هاوکات لە گەڵ چەندین وڵاتی دیکە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان لە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ رێکخستنی گشتپرسی لە مەڕ مافی دیاری کردنی چارەی خۆی نووسین لە باشووری نیشتیمانە دابەش کراوەکەمان. هاتووین دەنگی خۆمان تێکەڵ بە ئاواتی ئەو کۆرپە ساوایانە بکەین کە دڵیان بۆ وڵاتێکی ئازاد، داگیرنەکراو، دێموکرات، ژینگەپارێز و گەشە کردوو لیدەدات، کە لەودا تیرۆر و تیرۆریزم، توندوتیژی، پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، چەکە کۆمەڵکوژیەکان دەستەواژەی قەدەغە و نامۆ بن.
لە کۆتایی پەیامەکە دا هاتبوو کە
ئێمە بانگەوازی دەوڵەتانی یەکیەتی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دێموکرات وپێشکەوتوو دەکەین بۆ پشتگیری و یارمەت رەوتی گشتپرسی خەڵکی کوردستان بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆیان. گشت پرسیەک کە دەتوانێت پارێزەری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەیەک بێت کە بە درێژایی سەدان ساڵ مەکۆی شەڕ و کێشە ناوچەیی و ناونەتەوەییەکان بووە. مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەکان مافێکی دانپێنراوە یەکێک لە بنەڕەتترین ئەسڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
دواتر لاوی دەنگخۆش ئارام عوسمانی بە وتنی سرودی هەر کورد بووین و هەر کورد ئەبین گەرم و گوڕی زیاتری بە ڕێوڕەسمەکە بەخشی
پاشان چالاکی سیاسی مەمەد ئالی لە لایەن هاک پار ، پارتی ماف و ئازادیی کوردستانی تورکیە ، پەیامێکی پێشکەش کرد لە پەیامەکەی هاک پار دا باس لەوە کرا کە مافی دیاریکردنی چارەنووس ، مافێکی بنەڕەتیی مرۆڤە و هەموو گەلانی جیهان بۆ خۆیان بە دەستی خۆیان مافی خۆیان دەبێ دیاری بکەن و رایگەیاند کە هاک پار پشتیوانی لە بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور دەکا بۆ ڕێفراندۆم لە مەڕ سەربەخۆ بوونی کوردستان
لە کۆتاییدا بەشداران بە شایی و گۆڤەند و هەڵپەڕکی کۆتاییان بە ڕێوڕەسمەکە هێنا

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here