وتاری کەمپەینی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لە وڵاتانی ئورووپا

0
3135

خوشک و برایانی خۆشەویست
هاونیشتیمانانی تامەزرۆی ئازادی و سەربەرزی
دۆستانی دڵسۆزی کورد، ئازادی خوازانی جیهان!
ئەمرۆ ئێمە لێرە کۆبووینەتەوە هاوکات لە گەڵ چەندین وڵاتی دیکە بۆ دەربڕینی پشتیوانی خۆمان لە بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ رێکخستنی گشتپرسی لە مەڕ مافی دیاری کردنی چارەی خۆی نووسین لە باشووری نیشتیمانە دابەش کراوەکەمان. هاتووین دەنگی خۆمان تێکەڵ بە ئاواتی ئەو کۆرپە ساوایانە بکەین کە دڵیان بۆ وڵاتێکی ئازاد، داگیرنەکراو، دێموکرات، ژینگەپارێز و گەشە کردوو لیدەدات، کە لەودا تیرۆر و تیرۆریزم، توندوتیژی، پێشێل کردنی مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ، چەکە کۆمەڵکوژیەکان دەستەواژەی قەدەغە و نامۆ بن.
ئێمە هاتووین بۆ دەربڕینی پشتگیری و هاوخەباتی خۆمان بۆ ئاواتەکانی شەهیدانی پێشمەرگە، قوربانیانی ئەنفاڵ، خونچە لە بەهار خەنکاوەکانی هەڵەبجە! هاتووین ببین بەشێک لە کاروانی ئاشتی خوازی، تۆلێرانس و رێزگرتن لە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن و خاوەن ماف لە کوردستانێکی سەربەخۆ!
دۆستانی هێژا!
دوای رووداوەکانی وڵاتی عێراق و لە ئەنجامی شەڕی نێوان شیعە و سوننە لەو وڵاتە و دەست بەسەرداگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەر ناوچە کێشەدارەکانی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەرلەمانی هەرێم ئەرکدار کرد بۆ پەسەندکردنی یاسایەک لە مەڕ گشتپرسی لە ناوچە کێشەدارەکان و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
پێنج سەدساڵ لەمەوبەر لە ساڵی 15144دا لە ئەنجامی شەڕی نێوان ئیمپراتۆری عوسمانی سوننە و پاشایەتی سەفەوی شیعەوە دابەشکراو و بوو بە قوربانی خوێنرێژی و رکەبەری نێوان فیرقە مەزهەبیەکانی ناو ئیسلام. دواتر لە ساڵی 1918دا دوای کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و دابەشکردنی خاکی عوسمانی خاکی کوردستان لەنێوان سێ وڵاتی تازە دامەزراوی عێراق، سووریا و تورکیا دابەش کرا. نیشتیمانی کوردان بەدەر لە ئیرادە و ویستی خەڵکی کورد دابەشکراوە و لە رۆژی دابەشکرانیەوە تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت، بێ وچان گەلی کورد لە هەموو پارچەکانیدا خەباتی کردووە بۆ وەدیهێنانی سەروەری ئینسانی و مافەکانی مرۆڤیی خۆی. جۆڵانەوەی خانی لەپزێرین لە 1609 لە ناوچەی ورمێ دژی شا عەباسی سەفەوی بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی کوردستانی ژێر دەستی سەفەویەکان دەسپێکی ئەو جۆڵانەوانە بووە کە بە درێژایی دەیان ساڵ خەلکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتێکی بێ وچان بۆ بەدەستهێنانی بنەماییترین مافەکانی خۆیان خەباتێکی خوێناوی و پڕ لە قوربانیان بەرێوەبردووە.
ئەمرۆ بەهۆی هەلومەرجێکی ناوچەیی کە لە عێراق پێکهاتووە، هەلێکی زێرین بۆ باشووری کوردستان خوڵقاوە تا گشتپرسیەکی سەرانسەری دا خەڵکی کورد بۆخۆی لە سەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدات. سەربەخۆیی باشووری کوردستان دەبێتە سەر لەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ژێئۆپۆلیتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر بنەمای راستی وڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد. سەرەرای ئاسەوارە کورتخایەنەکانی دوای سونامی لەدایکبوونی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان. لە درێژخایەندا سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێت بەرەبەرە ببێتە هۆی لە ناوچوونی سنوورە دەستکردەکان و بەدەست هێنانی مافی چارەنووسی خۆیان لە لایەن گەلانی ناوچەدا. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەسەندنی دێموکراسی و بەرەوپێشچوونی هاوگونجی و هاوکاری نیوان گەلانی ناوچەدا.
کوردستانی سەربەخۆ، هەروەک کولتووری باڵای کوردستان سەلماندوویەتی دەبێتە کۆمەڵگایەکی فرەچەشن، دێموکرات و گەشەکردوو کە لەودا رێز لە مافی مرۆڤ و پاراستنی کەڕامەتی مرۆڤی بنەماکانی ئەو پێک دێنن. لە کوردستانی سەربەخۆدا هەروەک لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا سەلمێنراوە ئایین و کولتوورەکان، زمان و نەتەوەکان دەتوانن لە ئاشتی و تەباییەکدا بژین کە مافی هەموویان پارێزراو بێت و لەوێ دا یاسای پەسەند کراو لە لایەن هەموو خەڵکەوە بنەمای سەروەری مرۆڤ بە دەستی مرۆڤ بێت.

ئێمە خۆپێشاندەرانی کوردستانی و دۆستانی کورد لە وڵاتانی ئورووپا، وێرای پشتیوانی لەبڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە مەڕ رێکخستنی گشتپرسی لە پێوەندی لە گەڵ دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کورد لە باشووری کوردستان، پشتیوانی خۆمان لە هەموو کۆروکۆبوونەوەیەک دەردەبڕین کە ئامانجی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان و مافی دیاری کردنی نەتەوەی کورد بێت لە کوردستان.
سەربەخۆیی کوردستان دابەشکردنی هیچ وڵاتێک نیە، بەڵکوو لە حاڵەتێکی وادا، وەسەریەک کەوتنی نشتیمانێکە کە پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر لە لایەن داگیرکەرانەوە دابەشکراوە و سارێژکردنی برینە قووڵەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە. کورد سەرەرای سەرکوت و هەوڵی زۆری دەوڵەتانی ناوەندی ئێران، تورکیا، عێرا ق سووریا قەت نەبووتە بەشێک لە کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە. لەوماوەیەدا دەسەلاتگەلی زۆر لە سەر کار لابردراون، حکوومەتی جۆراوجۆر دامەزراون و و سەرکوت و زەبر و زەنگی زۆر بەسەر گەلی کورد دا تاقی کراوەتەوە. بەڵام سەرەرای ئەوە خەبات و مافخوازی نەتەوەی کورد رۆژ بە رۆژ گەشەی سەندووە و ئەمرۆ سەرانسەری کوردستانی گرتووە.

نەتەوەی کورد یەکێکە لە گەورەترین قوربانیانی سیستەمی نویی جیهانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی بووە. لەو رووەوە وڵاتانی ئورووپایی کە بەشێکیان راستەوخۆ دەستیان هەبووە لە دابەشکردنی کوردستان، ئەرکێکی سیاسی، مێژوویی و ئەخڵاقیان لەسەر شانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ناعەداڵەتیە مێژووییە و بە پشتیوانی کردن لە رەوتی دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆی لە لایەن گەلی کوردەوە، هەنگاوی بەکردەوە بەرەو چارەسەری یەکجاری پرسی کورد و وەدیهاتنی ئاشتی و دێموکراسی و گەشەکردن لەو ناوچەیە بکەن. مێژووی دەیان ساڵی رابردوو سەلماندوویەتی بە بێ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست دا ئەو ناوچەیە ناتوانێت رووی ئاشتی و گەشەکردن بە خۆیەوە ببینێت.
ئێمە بانگەوازی دەوڵەتانی یەکیەتی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا، نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دێموکرات وپێشکەوتوو دەکەین بۆ پشتگیری و یارمەت رەوتی گشتپرسی خەڵکی کوردستان بۆ دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆیان. گشت پرسیەک کە دەتوانێت پارێزەری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەیەک بێت کە بە درێژایی سەدان ساڵ مەکۆی شەڕ و کێشە ناوچەیی و ناونەتەوەییەکان بووە. مافی دیاری کردنی چارەنووسی نەتەوەکان مافێکی دانپێنراوە یەکێک لە بنەڕەتترین ئەسڵەکانی جاڕنامەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانە.

کەمپەینی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لە وڵاتانی
فینلاند، فەرانسە، ئۆتریش (نەمسا) بریتانیا

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here