راگەیاندراوی رۆژنامەوانی:پشتگیری بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ

0
3803

راگەیاندراوی رۆژنامەوانی
پشتگیری بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ
بە مەبەستی پشتگیری لە رەوتی سەربەخۆیی باشووری کوردستان، کوردانی دیاسپۆرا لە چەندین وڵاتی یەکیەتی ئورووپا خۆپێشاندانێکی هاوکات رێک دەخەن. خۆپێشاندانەکە رۆژی شەممە 26.7.2014 لە کاتژمێر 16 بۆ 18 بە کاتی وڵاتانەوە بەرێوە دەچێ.
بەخێر هاتنی هەموو نوێنەرایەتی راگەیەنە گشتیەکان دەکەین بۆ سازکردنی رێپۆرتاژ و وتووێژ لە گەڵ بەشدارانی رێپیوانەکە و ناسینی رەوشی ئێستای کوردستان.
دوای رووداوەکانی وڵاتی عێراق و لە ئەنجامی شەڕی نێوان شیعە و سوننە لەو وڵاتە و دەست بەسەرداگرتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە سەر ناوچە کێشە لە سەرەکانی کوردستان ، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی باشوور پەرلەمانی هەرێمی ئەرکدار کرد بۆ پەسەندکردنی یاسایەک لە مەڕ گشتپرسی لە ناوچە کێشەدارەکان و گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی کوردستان. بە درێژایی دەیان ساڵ خەڵکی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خەباتێکی بێوچانیان بۆ بەدەستهێنانی بنەماییترین مافەکانی خۆیان بە خەباتێکی خوێناوی و پڕ لە قوربانیان بەرێوەبردووە. ئەمرۆ بەهۆی هەلومەرجێکی ناوچەیی کە لە عێراق پێکهاتووە، هەلێکی زێرین بۆ کوردستانی باشوور خوڵقاوە تا لە گشتپرسیەکی سەرانسەری دا خەڵکی کورد بۆخۆی لە سەر چارەنووسی خۆی بڕیار بدا.
سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەبێتە سەر لەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ژێئۆپۆلیتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر بنەمای راستی وڵاتی کوردستان و نەتەوەی کورد. سەرەرای ئاسەوارە کورتخایەنەکانی دوای سونامی لەدایکبوونی وڵاتی سەربەخۆی کوردستان، لە درێژخایەندا سەربەخۆیی کوردستان دەتوانێ بەرەبەرە ببێتە هۆی لە ناوچوونی سنوورە دەستکردەکان و بەدەست هێنانی مافی چارەنووسی خۆیان لە لایەن گەلانی ناوچەدا. ئەمەش دەبێتە هۆی گەشەسەندنی دێموکراسی و بەرەوپێشچوونی هاوگونجی و هاوکاری نیوان گەلانی ناوچەکە.
ئێمە خۆپێشاندەرانی کوردستانی و دۆستانی کورد لە وڵاتانی ئورووپا، وێرای پشتیوانی لەبڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی باشوور لە مەڕ رێکخستنی گشتپرسی لە پێوەندی لە گەڵ دیاری کردنی چارەنووسی خەڵکی کورد لەم پارچەیەی کوردستان، پشتیوانی خۆمان لە هەموو کۆروکۆبوونەوەیەک دەردەبڕین کە ئامانجی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان و مافی دیاری کردنی نەتەوەی کورد بێ لە کوردستان.
نەتەوەی کورد یەکێک بووە لە گەورەترین قوربانیانی سیستەمی نوێی جیهانی دوای شەڕی یەکەمی جیهانی . لەو رووەوە وڵاتانی ئورووپایی کە بەشێکیان راستەوخۆ دەستیان هەبووە لە دابەشکردنی کوردستان، ئەرکێکی سیاسی، مێژوویی و ئەخڵاقیان لەسەر شانە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو ناعەداڵەتیە مێژووییە و بە پشتیوانی کردن لە رەوتی دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆی لە لایەن گەلی کوردەوە، هەنگاوی بەکردەوە بەرەو چارەسەری یەکجاری پرسی کورد و وەدیهاتنی ئاشتی و دێموکراسی و گەشەکردن لەو ناوچەیە هەڵێنن. مێژووی دەیان ساڵی رابردوو سەلماندوویەتی بە بێ چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەلاتی ناوەڕاست ، ئەو ناوچەیە ناتوانێ رووی ئاشتی و گەشەکردن بە خۆیەوە ببینێ.
کەمپەینی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان لە وڵاتانی
فینلاند، فەرانسە ، ئۆتریش (نەمسا)، بریتانیا

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here