شوناسی 7 مێرمنداڵی مەحکووم بە سێدارەی کورد

0
675

ڕۆژی کورد: ڕۆژی دووشەممە25ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، مافی مرۆڤی ئێران، ناو و زانیاریی 7 منداڵ و مێرمنداڵی لە زیندانەکانی باکووری ڕۆژئاوای ئێران (کوردستانی ڕۆژهەڵات) بڵاو کردۆتەوە کە سەرجەمیان بەر لە تەمەنی ١٨ ساڵان، تووشی تاوانی مرۆڤکوژی بوون و سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە. لە لایەکی تریشەوە ئێران ئەندامی پەیماننامەی ناونەتەوەیی مەدەنی و سیاسی و هەروەها “کونوانسیۆنی مافی منداڵان”ـە هەر بۆیە دەبێ کۆتایی بە لە سێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵان بهێنێت بەڵام ڕاستییەکان پێچەوانەی ئەوەن و ئەو ڕێکخراوانەش هیچ دەسەڵاتێکی بڕیاردانی کردارییان بۆ گوشارهێنانە سەر ئێران نیە و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی ڕۆژئاوا، مەرگ و سێدارە بە گشتی و لە سێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵان بەتایبەتی، دەکەنە قوربانیی یەک بەرمیل نەوتی هەرزانتر.

 ئەو ٧ بەندی مێرمنداڵە کوردە لە بەندیخانەکانی سەقز، بۆکان، میاندواو و سنە، دەستبەسەرن و چاوەڕوانی جێبەجێ بوونی سزای سێدارەیانن، ئەوە لە کاتێکدایە کە تا ئێستا دەیان جار لە لایەن ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ و وڵاتانی تر و نەتەوە یەکگرتووەکان، داوا لە ئێران کراوە لە سێدارەدانی منداڵان و مێرمنداڵان، ڕاگرێت.

شوناسی ئەو ٧ مێرمنداڵە کوردە بریتییە لە:

ڕەئوف حەسەنی
ڕەئوف حەسەنی

کەسی یەکەم: “ڕەئوف حەسەنی”، کوڕی محەممەد کەریم، لەدایک بووی 8ی ڕێبەندانی 1375ی هەتاوی.

لە ١٧ گەلاوێژی 1392، لە باژێڕی سەقز و بەتاوانی مرۆڤکوژیی بەئانقەست دەستبەسەر کراوە.

مانگی گوڵانی 1394ی هەتاوی لە دادگای گشتیی سەقز بە کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە)، مەحکووم کرا.

ڕەئووف تا پێنجی بنەڕەتی خوێندووە و ئێستا لە بەندی مێرمنداڵانی بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، دەستبەسەرە.

ئازاد محەممەد زادە
ئازاد محەممەد زادە

کەسی دووهەم: “ئازاد محەممەدزادە”، کوڕی عوسمان، لەدایک بووی 22ی پووشپەڕی 1376ی هەتاوی.

مانگی ڕەشەمەی 1394ی هەتاوی لە لایەن دادگای گشتیی باژێڕی سەقزەوە بە کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە) مەحکووم کرا.

ئازاد تا پۆلی یەکی ناوەندی خوێندووە و ئێستاش لە بەندیخانەی ناوەندیی سەقز، دەستبەسەرە.

ساڵح تەیمووری
ساڵح تەیمووری

کەسی سێیەم: “ساڵح تەیمووری”، کوڕی جەلال، لەدایک بووی 19 گوڵانی 1375ی هەتاویە.

مانگی خەرمانانی 1390 بەتاوانی مرۆڤکوژیی بە ئانقەست بە شێوەی بەردپێدادان کە بوو بە هۆکاری زەربەی مێشکیی کەسەکە و دواتر کەسەکە کۆچی دوایی کرد لە باژێڕی بۆکان دەستبەسەر کراوە.

 لە 21ی پووشپەڕی 1393ی هەتاوی لە دادگای گشتیی ئەو باژێڕە، سزای کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە)ی بەسەردا سەپا.

ساڵح تا پۆلی یەکەمی ناوەندی خوێندووە و ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی بۆکان، دەستبەسەرە.

کەسی چوارەم: “خالید ڕەسووڵی”، کوڕی مستەفا، لەدایک بووی 29ی خەرمانانی 1374ی هەتاوی، خەڵکی مهاباد.

لە کۆتاییەکانی مانگی خەرمانانی 1390ی هەتاوی لە باژێڕی میاندواو و بە تاوانی مرۆڤکوژیی بە ئانقەست دەستبەسەر کراوە.

مانگی بەفرانباری 1393 لە دادگای گشتیی میاندواو بە کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە)، مەحکووم کرا.

خالید تا پۆلی ٢ی ناوەندی خوێندووە و ئێستا لە زیندانی میاندواو دەستبەسەرە.

کەسی پێنجەم: “ئەسعەد ڕەسوڵنەژاد”، کوڕی عەلی، لەدایک بووی 16ی ڕەزبەری 1375ی هەتاوی و خەڵکی باژێڕی مهابادە .

 بە تاوانی مرۆڤکوژییەک کە ڕێکەوتی 17ی نەورۆزی 1391ی هەتاوی لە باژێڕی بۆکان هاتۆتە ئاراوە، دەستبەسەر کراوە .

 ساڵی 1394ی هەتاوی لە لایەن دادگای گشتیی بۆکان و بە کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە) مەحکووم کراوە.

ناسر خزری
ناسر خزری

کەسی شەشەم: “ناسر خزری”، کوڕی عەبدووڵا، لەدایک بووی خەرمانانی 1377ی هەتاوی.

ناسر ئێستا 17 ساڵانە بەڵام مانگی خەزەڵوەری 1393ی هەتاوی و لە تەمەنی 15 ساڵاندا، بەتاوانی مرۆڤکوژی دەستبەسەر کراوە.

ڕێکەوتی 30ی پووشپەڕی ئەمساڵ لەلایەن دادگای گشتیی باژێڕی سەقزەوە، سزای کوژرانەوەی بە تۆڵە (سێدارە)ی بەسەدا سەپاوە .

 ڕێکەوتی 6ی گەلاوێژی ئەمساڵ لە بەندیخانە، حوکمەکەی پێڕاگەیێندراوە.

دۆسیەی ناسر ئێستا و بۆ بڕیاری کۆتایی نێردراوەتە دیوانی باڵای ئێران، ناسر ئانها لە بەندیخانەی سەقز، دەستبەسەرە.

 

یەدوڵا ڕەحیمی
یەدوڵا ڕەحیمی

کەسی حەوتەم: “یەدووڵا ڕەحیم زادە”، کوڕی خوسرەو، لەدایک بووی 19ی خەزەڵوەری 1376ی هەتاوی.

مانگی گوڵانی 1393ی هەتاوی لە باژێڕی سەقز و بە تاوانی مرۆڤکوژی دەستبەسەر کراوە.

یەدووڵا تا پۆلی یەکەمی ناوەندی خوێندووە و بەر لە دەستبەسەر کرانی خەریکی ورکەنان فرۆشی بووە.

ڕۆژی شەممە 26ی پووشپەڕی ئەمساڵ، لەلایەن دادگای گشتیی سنەوە سزای سێدارەی بۆ دەرچووە و بە دەستی گەیشتووە.

یەدووڵا لە کاتی دەستبەسەر کرانیەوە تا نها لە بەندی مێرمنداڵانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە، دەستبەسەرە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.