حوسێن یەزدانپەنا : مافی هەڵبژاردن لە خەڵک زەوتکراوە

0
1124

حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕاوبۆچوونی خۆی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەکان لە ئێران لە چەند خاڵێکدا بڵاو دەکاتەوە و رایدەگەیەنێت: ” ئێران دەوڵەتێکی داگیرکەر و هاوکات سیستەمە سیاسییەکەی تووتالیتێرییە. بۆیە لە ناو ئەم سیستەمە سیاسییەی ئەم دەوڵەتە دا، رێگای هەڵبژاردنی راستەقینە لە رەهەندی سیاسی و یاساییەوە، لە هاوڵاتیان زەوتکراوە”

دەقی بابەتەکەی جێگری سەرۆکی پارتی ئازادیی کوردستان بەمشێوەی خوارەوەیە؛

لە پەڕاوێزی پرسی هەڵبژاردن لە ئێران دا
1- وەک قاعیدەیەکی گشتیی، نەتەوەی بندەستی وڵات داگیرکراو لە ناو دەوڵەتی -داگیرکەردا، دەبێ پەرۆشی بۆ یەک هەڵبژاردن هەبێ کە بریتییە لە: رێفراندۆمی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی. و تەنیا ئەو هەڵبژاردنەشە کە گۆڕانی بنەڕەتی لە ژیانی پێکدێنێ.
2-  لە ناو سیستەمی سیاسی تووتالیتێر و دیکتاتۆری دا، ” هەڵبژاردن” وەک ئامرازی بەشداریی هاوڵاتیان لە ژیانی سیاسییدا، بەڕێوە ناچێ؛ بەڵکوو کۆنتڕۆڵکراو و ئاڕاستەکراو لە پێناو بڕێک ئامانجی دیارییکراودا، دەسپێدەکا و کۆتایی دێ.
3-  ئێران دەوڵەتێکی داگیرکەر و هاوکات سیستەمە سیاسییەکەی تووتالیتێرییە. بۆیە لە ناو ئەم سیستەمە سیاسییەی ئەم دەوڵەتە دا، رێگای هەڵبژاردنی راستەقینە لە رەهەندی سیاسی و یاساییەوە، لە هاوڵاتیان زەوتکراوە.
4-  خۆبواردنی ئەمریکا لە رووبەروو بووونەوە لە گەڵ ئێران، هاوپەیمانیی لە گەڵ رووسیا و دەرچوونی لە ژێر گوشارە نێودەوڵەتییەکان، دەستی تارانی لە سەرکوت و بەرتەسک کردنەوەی بواری هەناسەدانی تاک و گروپەکان و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، ئاواڵاتر کردوە.
5-  هەنووکە پارسەنگی هێز لە نێوان تاران و کوردستاندا، بە قازانجی تارانە. ئاستی تەحەموولی دەسەڵات لە حاند دەنگ و جووڵەی رەخنەگرانە لە ناو بازنەی دەسەڵات و لە ناو کۆمەڵگادا، لە ژێر سیفرەوەیە. ئامادەیی ئەوانەش کە خۆ کاندید دەکەن و لە پاڵوێنە سیاسی و یاسایی و ئەمنییەتییەکان دەرباز دەبن، بۆ لە خۆبوردوویی پەرلەمانتارانە، کە بتوانێ کۆمەڵگا راچەنێ و بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی مەدەنی لێبکەوێتەوە، نەک هەر لە ئاستی لەیلا زانادا نییە، بەڵکوو بە قەرای بەهادین ئەدەبیش لێیان چاوەڕوان ناکرێ.
6-  لە هەلومەرجێکی ئەوتۆدا، رکێشکردنی خەڵک بۆ ناو یارییەکی کۆنتڕۆڵکراو و بێئاکام و بەتاڵکردنی وزەیان لە ناو سنووقێکی خاڵی لە هەر بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی و بێ توانا لە هەر گۆڕانێک بە قازانجی ژیان و هەلومەرجی خەڵک؛ قازانجی تەنیا دەچێتە تێڕی تارانەوە!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.