تاهیر قاسمی: پێویستە گڵکۆی هەر کام لە کەسایەتیەکانی مەزارگەی شاعیران خاوەن شوناسی تایبەتیی خۆیان بن

0
1412

بەرپرسانی حکومەتیی مهاباد بە فەرمانی ئیتلاعات و لەژێر ناوی چەند نووسەر و چالاکوانێکی کورد، گڵکۆی شاعیرانی کوردیان لە مهاباد شێواند، شیعرەکانیان سڕییەوە و ناوەکانیان بە زەقی بە فارسی نووسین و کوردییەکەیان والێکرد بە وردبینیش نابیندرێ، ئا لێرەدابوو چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە تاراوگە، هەڵوێستی پێویستیان گرت و کەمپەینێکیان وەڕێخست و لە ڕێگای جیاوازەوە، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند، تا ئێستاش ئەو کێشمەکێشمە لە نێوان تاریکی و ڕووناهی دا، بەردەوامە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ تاهیر قاسمی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانێ کەمپینێکن بە ناوی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” ئامانجتان لە ڕێکخستنی ئەو کەمپینە چیە؟

تاهیر قاسمی
تاهیر قاسمی

قاسمی: دوای ئەوەی دەرکەوت کە شێعر و دەقی سەر گڵکۆی ئەدیبان و هونەرمەندانی بەرزی نەتەوەکەمان لە شاری مەهاباد لە ئەنجامی پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە نەماون و نامێنن، جۆرێک دڕدۆنگی و نیگەرانیی لای چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دروست بوو و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. نیگەرانی لەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی ئەمنیەتی بێ  و بەشێک لەو هەوڵانە بێ کە لەلایەک بە مەبەستی تواندنەوەی شوناسی کوردایەتی و داماڵینی شوناسی نەتەوەیی لەو جۆرە شوێنانەی کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایەو لەلایەکی دیکەش درێژەی ئەو ڕەوتە بێ کە لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا دژ بە گڵکۆی کەسایەتیە گەورەکان، بەتایبەت لەو دواییانەدا ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێ. کۆمەڵێک لە دۆستان وایان پێ باش بوو کە بە مەبەستی هاوبیری لەگەڵ یەکتر و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوناسی گڵکۆکان و ڕێکخستنی دروستی ناڕەزایەتیەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە. لوتفیان کرد منیشیان بانگ کرد و پەیوەست بەو کەمپەینە بووم. بەڵام با لێرە ئەوە بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە کە ئەمن وتەبێژی کەمپەین نیم و قسەکانیشم بۆچوونی تاکە کەسیی خۆمن و هی کەمپەین یان لایەنی دیکە نین.

ڕۆژی کورد: باسی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کوردتان کرد، بەوپێیە کە مەزارگەی شاعیران و ناودارانی کورد دەکەوێتە خانەی سامانی فەرهەنگی و نیشتمانیی کوردستان، مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشکردن بۆ سەر ئەو ڕەهەندە فەرهەنگیە چیە؟

قاسمی: ئەمن زۆرم بەدواداچوونی پڕۆژەکە کرووە. سەرەتا منیش پێم وابوو پڕۆژەکە زیاتر لە خزمەت وێران کردن دایە تا نوێ کردن و نوێژەن کردنەوە. بەڵام لە بەدواداچوونەکانم دا بۆم دەرکەوت کە ئەوەی کراوەو دەکرێ زیاتر هەوڵی کەسانێکە کە بەش بە حاڵی خۆم لە دڵسۆزیی ئەوان گومانم نییە. هەر ئەوان بوون کە بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئەو مەزارگەیان بە هەموو شێعر و تێکستی سەر گڵکۆکان پاراستووە و پێی ڕاگەیشتوون و نەیانهێشتوە لە پەرەگرتنی گۆڕستانەکەدا ون بن. ڕەنگە زۆر جاریش لە سەر ئەوە پیاوخراپ بووبن. لەم بارەوە ئەوان شیاوی ڕێز و سپاسن. دوا جاریش کە بە هەوڵی ئەوان مۆڵەت و بودجەی دامەزراندنی بینایەکی هونەری لە سەر ئەو مەزارانە وەرگیراوەو دەست پێکراوە، دیسان جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. بەڵام بێگومان پڕۆژەکە کرچی و پەلەپڕووزەی پێوە دیارە. زیاتر پڕۆژەیەکی هونەریە و کەمتر لایەنی فەرهەنگی و ڕۆحیی خەڵکەکەی لە بەرچاو بووە. ئەوە عەیب و نەقسی هەرە سەرەکیی کارەکەیە.

ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کۆمەلێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگییەوە دەستی بۆ ئەو بابەتە ورووژێنەرە بردووە، ئێوە لە نووسین و ڕوانگەکانتاندا ڕەخنەتان بەرەو ڕووی ئەو کەس و لایەنانە ئاراستە کردووە. بە ڕوونی ڕەخنە و پێشنیارتان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ئەو وێرانکارییە فەرهەنگیەن چیە و لە هەمان کاتیشدا ڕاسپاردەتان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی لە نێو خۆی خۆرهەڵاتی کوردستان باس بکەن؟

قاسمی: بەداخەوە بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆژەیە زۆر بە خشکەیی و بە بێدەنگی پڕۆژەکەیان دەست پێکرد و بەرەو پێشیان برد. هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیان بۆ خەڵک نەبوو. ئەوەش یەک لە هۆکاری نیگەرانی و دڕدۆنگیەکانی خەڵک و بۆ وێنە منیش بوو کە پێمان وابوو دەستێکی شاراوە لە پشت ئەو کارەیە. بەڵام دوای ئەوەی زیاتر بە دوای بابەتەکەدا چووم، بۆم ڕوون بۆوە کە ئەرخەیانیی من سەبارەت بە بوونی ئەو دەستە نادیارە، ناتوانێ سەداسەد ڕاست بێ. چونکە لە سەرەتاوە ئەوە دەسەڵات نەبوو کە ئەو کارەی بەو بەڕێزانە کرد. بە پێچەوانە ئەوە ئەوان بوون کە لەمێژ ساڵە هەوڵ دەدەن کارێکی شیاوی کەسایەتیە بەرزەکانمان بۆ ئەو مەزارگەیە بکەن. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، کرچ و کاڵی بە کارەکەوە دیارە. من بەش بە حاڵی خۆم داوا لەو بەڕێزانە چ هەیئەتی ئومەنا و چ ئەندازیار و ئارشیتێکتی کارەکە دەکەم کە پێداچوونەوە بە پڕۆژەکە بە تایبەت بە شوناسی گڵکۆکان بکەن. چونکە ئەو کارە لە سەر ئەوان ماڵە و لە هەموو کەس زیاتر بەشیان بە چاکی یا خراپیی کارەکەوە هەیە و دەبێ. وا دروستە کە کارەکەیان بە دڵی زۆرینەی خەڵک بێ. هاوکات داوا لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردستانیش بە گشتی دەکەم کە بە ڕۆحی هاوکاری و بە ڕەخنەی یارمەتیدەر، یارمەتیی بە ئەنجام گەیاندنی هەرچی باشتری ئەم پڕۆژەیە بدەن و لە بەشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندن لەو بەڕێزانە کە بە دڵنیاییەوە بەشێک لە دڵسۆزانی شارەکەمانن، خۆ ببوێرین.

ڕۆژی کورد: بە هۆی چالاکیی ئێوە هەتا ڕادەیەک بابەتی دەستێوەردانی گڵکۆی شاعیران، نووسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد بووە بە بابەتێکی هەستیار، ئاشکرایە ئێوە ڕەخنەتان لە دەستێوەردانی بە مەبەست و سڕینەوەی فەرهەنگییە بەڵگە نەویستە گڵکۆی ناودارانی کورد پێوسیتی بە چاکسازی هەیە پێشنیارتان بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوی ئەو گڵکۆیانە چیە؟

قاسمی: کۆی سازەکە بابەتێکی پسپۆڕییە و بەڕاستی نە من و نە زۆربەی ناڕازیان شارەزای ئەم بوارە نین و ڕەخنەشمان لەو بەشە نەبووە. ڕەخنە و سەرنج سەبارەت بەو بەشە کاری شارەزایانی بوارەکەیە و هەتا ئێستا چەند بابەتیش لەم بارەوە نووسراون. بەڵام وەک هاوڵاتیەک پێم وایە ئەمەی کە ئێستا لە سەر گڵکۆکان هەیە و بە پێی پلانەکە لەوەش زیاتر نابێ، خەڵک بە تایبەت ئەدیبان و ئۆگرانی بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتیە بەرزانە ڕازی ناکا. ئەوە کە بەپێی فەلسەفەی کارەکە کێل و بەرد لە دیزاینەکەدا نییە، بە بڕوای من شتێکی جوانە بەڵام پێویستە هەر کام لە گڵکۆکان خاوەنی شوناس و ناسێنەی تایبەتیی خۆیان بن و تەنیا بە کۆکردنەوەی هەموان لە کەتیبەکەی پشت سەریاندا قەناعەت نەکەن. لە ناو ئەو گۆڕانەدا کەسایەتیی جیاواز بە بەرهەمی جیاواز نێژراون. وێڕای کەتیبەکە کە ڕەنگە کارێکی زۆر جوان بێ، پێویستە هەر کام لەو ئینسانە بەرزانە خاوەن لەوح و بەردەیادی تایبەتی و بە شوناسی تایبەتیی خۆیان بن. پێویستە ئەو بەردانەی ئێستای سەر گڵکۆکان لابەن و بە جێی ئەوە شتێک دابنێن کە دەرخەری شوناسی تایبەتیی هەر کامیان بێ و بینەر بتوانێ ڕاستەوخۆ و بە جیا لە باری ڕۆحیەوە پێوەندی لە گەڵ هزر و بەرهەمی ئەو ئازیزانە بگرێ. لە سەر ئەم بەرد یان لەوحەی سەر گڵکۆکە پێویستە ناسناوی ئەو کەسایەتیانە بە نووسینی کوردی دیار و بەرچاو بێ و ئەو دێڕە شێعرانەش لە سەر بەردەیادەکە بێ کە هەر کامیان کاتی خۆی ناراستەوخۆ بۆ ئەو مەبەستە نووسیویانە. ئەوە کە هێمن دەڵێ: کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک..” یان هەژار دەڵێ: “لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە..”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت