بیر و ڕای ئازاد حیزبی دیموکرات و هه‌ندێک نانخۆری سفرە دڕ

0
81

حیزبی دیموکرات و هندێک نانخۆری سفرە دڕ!
جه‌میل ئه‌حمه‌دی

کاتێک تەمەنم تەنیا ١٦ بۆ ١٧ سال بوو لە ساڵی ٢٠٠٣ و بووم بە پێشمەرگەی حیزبی دیموکرات، دوای تەواوبوونی نزیک بە سێ مانگ دەورەی سیاسی_نیزامی بە پێی دابەشکاری بە خۆشحاڵیەوە لە ئێنتشاراتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا گیرسامەوە.

لە ئێنتشاراتی حیزبدا شانازی ئەوەم هەبوو کە لە نزیکەوە لەگەڵ زۆربەی نووسەران، کادر و کەسایەتی یە دیارەکانی ناو حیزب  ئاشنابم  و زۆر شتیان لێ فێربم، بەڵام هەموو ئەوانەش هۆکارێک نەبوون بۆ ئەوەی بە وردی مێژووی حیزب نەخوێنمەوە کە پڕە لە زانیاری و لێفێربوون و هەر تاکێکی کورد، بەتایبەت ئەندامێکی حیزبی دیموکرات پێویستە بیخوێنێتەوە و لێی فێربێت.

هیندەی مێژووی حیزب زانیاری پێ بەخشیم و لێی فێربووم، دە هیندە لە ماوەی ئەم ١٣ ساڵەدا ئەزموونم وەرگرت و فێربووم، بەتایبەت لە هەڵسوکەوتو بیرو بۆچوونی ئەو کەسانەی که له نزیکەوە بینیوومن یان ناسیوومن. هەموو جارێک وتوومە و ئێستاش چەندبارەی دەکەمەوە کە ئەو وانانەی من لە ناو حیزبی دیموکرات فێری بووم ڕەنگە لە باشترین زانکۆکانی جیهانیش نەمتوانیبایە فێری ببم. چوون باوەڕم وایە کە حەقیقەتی ناو جیهانی سیاسەت، جیاوازی زۆری هەیە لەگەڵ ئەو وانە سیاسیانەی لە کەڵاسێکی سیاسیدا دەەوترێتەوە.

حیزبی دیموکراتیش ئەو زانکۆ گەورەیەیە کە هەموو کات کەڵاسەکانی ئاوەڵا بووە و ئاوەڵا دەبێ بەڕووی خەڵکی کوردستاندا و هەموو کوردستانیەک دەتوانێت بە بێ جیاوازی  لە کەڵاسەکانی باشترین وانە فێربێت.

نموونه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ زۆرن که‌ له‌ زانکۆی دیموکراتدا به‌رزترین پله‌کانی سه‌رکه‌وتنیان بریوه‌، و سه‌رکه‌وتنه‌کانیان ته‌نها مه‌ دیوونی هه‌ول و ماندوو بوون، شه‌ونخوونی ، دلسۆزی وله‌خۆبووردوویی وانه‌بێژانێکن که‌ سالها ته‌مه‌نیان بۆ په‌روه‌رده‌ و پێگه‌یاندنی لاوانانی نیشتیمان ته‌رخان کردووه‌. به‌لام سه‌د مه‌خابن پاش ئه‌وه‌ی که‌ گه‌یشتوونهتە‌ راده‌یه‌ک که‌ دوونیای ده‌وروبه‌ری خۆیان بناسن و چاو و گوێیان کرایه‌وه‌ و له‌ گه‌ل وانه‌، ته‌کنیک و زانستی قسه‌ کردن ئاشنا بوون، نه‌ته‌نها مالئاواییان کرد، به‌ڵکوو ده‌یان پیلانی ناحه‌ق و دوور له‌ پرینسیپی ئه‌خلاقی و زانستییان وه‌ک دژکرده‌وه‌، دژ به‌ مه‌کته‌به‌که‌ی خۆیان داڕێشت و وایان زانی که‌ مه‌کته‌بی دیموکرات و وانه‌ی شورش و پێگایاندنی  مرۆڤی  شورشگێر، به‌ هه‌لوێستی ئه‌وان کۆتایی دێت و سه‌ڕوه‌ری و پیرۆزی ئه‌م مه‌کته‌به‌ له‌  حافیزه‌ی گه‌لی کورد دا له‌ بیر ده‌کرێ، وه‌ک ده‌لێن ” نان خۆری سفره‌ دڕ” ئاوا دەرچوون.

ئه‌م تاقمه‌ که‌سانێکن که‌ پێش هاتنیان بۆ ناو ریزه‌کانی حیزب یا خاوه‌نی پێگه‌یه‌کی شیاوی کۆمه‌لایه‌تی نه‌بوونه‌ یا له‌ ئه‌گه‌ری بوونیش دا خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی له‌رزۆک بوونه‌، هه‌ر بۆیه ‌حیزب پاش وه‌رگرتنی ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ له‌ ریزه‌کانی خۆی دا، که‌وتۆته‌ به‌ر ره‌خنه‌ی جه‌ماوه‌ری خۆی و ئه‌و پرسیاره‌ کراوه‌ که‌ گه‌لۆ هۆکار و حیکمه‌ت چی یه‌ که‌ حیزب درگایی به‌ ڕووی ئه‌م ” نان خۆره‌ سفره‌ درانه‌دا” کراوه‌یه که‌ دنیایه‌ک گله‌یی، گازنده‌ و به‌دناوییان له‌ پشته‌؟؟؟

بێگومان  وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ له‌ ئه‌و پەرەنسیپه‌ ئه‌خلاقی و شۆرشگێڕیانه‌یی حیزبدا ده‌درێته‌وه‌ که‌ حیزب خۆی به‌ به‌رپرس، رێکخه‌ر و رێبه‌ری جولانه‌وه‌ و گه‌لێک ده‌زانێ که‌ لاوه‌کانی ده‌بێ په‌روه‌ده‌ بکرێن و فه‌رهه‌نگی له‌ خۆبوردوویی، وه‌فا و شۆڕشگێرییان پێ فێر بکردرێ وبکرێن بۆ دواڕۆژ، هه‌ر چه‌ند که‌ رابردووشیان پر بێت له‌ خالی لاواز و جێی ره‌خنه‌.

دوێنێ نووسراوی کۆنە حیزبی و دژە حیزبیەکی ئێستام خوێندەوە کە بە چەند هۆکارێکەوە پێم خۆش نییە ناوی بهێنم. بیرم لەوە کردەوە کە بە ڕاستی ئەم هاوڕێی جارانە بۆ هیندە بێ ئینسافانە بەرانبەر بە حیزبی دیموکرات دەنووسێت و دەیان وشەی ناڕاست و بووختان بۆ حیزب هەڵدەواسێت؟ لە حاڵێکدا حیزبی دیموکرات ئەوەی بۆ ئەوی کرد ڕەنگە بۆ هیچ کەسێکی تری نەکردبێت.! بەڕێزیان پێش ئەوەی بێتە ناو حیزبی دیموکرات نەک هەر خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵکوو لە کۆڵانەکەی خۆیان و ئەوپەڕی شارەکەی نەبێت کەسی تر نەیناسیوە، ناسینێک کە دەیان تێبینی و خاڵی لەرزۆکی لەگەڵ بووە. کە چی دوای ئەوەی حیزب چاوپۆشی کرد لە هەڵە و خاڵە نگەتیڤەکانی و باوەشی بۆ کردەوە، هەموو خەڵکیش بە بۆنەی حیزبەوە ناسیان و ڕێز و ئحترامێکی تایبەتیان بۆی هەبوو، بەڵام هەر زوو خۆی ڕابردووی خۆی لە بیر کرد. ئەم کەسە تەنیا نییە و زۆر کەسی تر هەبووە کە وەک ئەم، حیزب لە کەمترین ماوەدا بە باشترین شێوە پەروەردەی کردوە و پۆست و دەسەڵاتی باشی پێداون، بەڵام نانخۆر و سفرە دڕ دەرچوون و لە پاش چوونیان بە قیزەوەنترین شێوە دژایەتی حیزبی دیموکراتیان کردوە.

بەش بە حاڵی خۆم هیچ چاوەڕوانیەکی زیاترم لەم جۆرە کەسانە نییە و لەو باوەڕەشدام ئەم کارانەی ئەوانە کردوویانە و دەیکەن، کاریگەری نگەتیڤی ئەوتۆیان لە سەر حیزب و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەمان نابێت و خەڵک هیندە هوشیار بووەتەوە کە بە فەرتەنەی ئەم جۆرە کەسانە خۆڵ نەچێتە چاویەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت