پشتیوانیی حیزبەکانی کوردستان لە مانگرتنی خەڵکی ناڕازیی کوردستان

0
807

ڕۆژی کورد: حیزبەکانی کوردستانی ئێران بە دەرکردنی بەیاننامەی ڕەسمی، پشتیوانیی خۆیان لە مانگرتن و خواستی ڕەوای خەڵکی مانگرتووی شارەکانی کوردستان ڕاگەیاند.

خەڵکی شارەکانی بانە، مەریوان، بانە و پیرانشار لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وێڕای داخستنی دووکان و بازاڕەکان بە کۆبوونەوە لە سەر شەقامەکان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەبەر دەرگای فەرمانداری، ناڕەزایەتیی توندیان بەرامبەر بە داخستنی سنوورەکان بەدەستی هێزە نیزامییەکانی ڕژیمی ئێران دەربڕی.

کۆمەڵەی شۆڕشگیری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: “رێگرییەکانی ئەم دواییانەی حکوومەت لە کار و کاسبیی خەڵک بە کارێکی ناڕەوا دەزانین و پشتیوانی لە داواکاریی خەڵکی ئەو ناوچانە دەکەین و دەست بردن بۆ ئێعتراز بە مافی بێ ئەملاوئەولای خەڵک دەزانین هەتا کردنەوەی خاڵە سنوورییەکان”.

هاوکات حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە بەیاننامەیەکی هاوشێوەدا ناڕەزایەتی دەربڕین و مانگرتنی کۆڵبەران و بازاڕییان و کاسبکارانی ناوچە سنوورییەکان بە رەوا لە قەڵەم داوە و گوشار و کۆسب و بەربەست دروست کردنی دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی ڕژیمی بۆ کاسبکاران و کۆلبەتران مەحکووم کردووە.

لە درێژەدا نووسیویەتی: “حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە توانا دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و تەشکیلاتییەکانی خۆی بۆ گەیاندنی دەنگی خەڵکی وەزاڵەهاتوو، بەتایبەت ئەم زنجیرە ناڕەزایەتییە کە هەر ئێستا درێژەی هەیە، کەڵک وەردەگری و لە سەنگەری پشتیوانی لە داخوازییە رەواکانی خەڵکی کوردستاندا رادەوەستێ”.

هەروەها حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران دوانیوەرۆی ڕۆژی سێ‌شەممە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلیوە لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا وێرای پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی و داواکانیان، پشتیوانیی هیزی پێشمەرگەی بۆ خەلکی ناڕازیی کوردستان راگەیاند.

حیزبی دیمۆکرات کە نەورۆزی ئەمساڵ باسی لە گرێدانی خەباتی شار و شاخ کرد، ڕایگەیاندووە: “دەنگی مافخوازی و ئەمڕۆیی و شارستانیانەتان هەم بەگویی خەباتکارانی کورد دەگا و گەیشتووە و هەم بە بەردەوامیتان بە شێوازی مەدەنی و هێمنانە و پەرەدان بەو شێوە خەباتە دەتوانن پاشەکشە بە ڕژیم بکەن و سەنگەر بە سەنگەر دەسەڵاتی ستەمکار تووشی شکست بکەن.

هەروەها گوتراوە: “هیزی خەباتکاری شاخ لە پشت خەباتی مافخوازانەتان دەبێ و هەرکام بە شێواز و تاکتیکی جیاواز ی خۆی دەتوانێ پاشەکشە بە ماشێنی سەرکوتی ڕژیم بکەن. گرینگ بەردەوامی و پشتیوانیی یەکتر بوونەکە خەباتی شار و شاخ گرێ بداتەوە.

حیزبی دیمۆکرات روو لە کۆر و کۆمەڵە نیودەوڵەتییەکان رایگەیاندووە: ” داواکارین بە بیستنی دەنگ ناڕەزایەتیی کوردستان پشتیوانیی خەلک بن، بەتایبەت لەم کاتەدا کە ڕژیم لە دیالۆگێکی سەرشۆرانەدا تەسلیم داخوازییەکانی ڕۆژئاوا بووە، دەبێ وەکوو ئەرکی مرۆیی پشتیوانیی خەڵکی کورد بن تاکوو ڕژیم دەست نەداتە سەرکوت و ستەمی زیاتر و ملکەچی داوا رەواکانیان بێ.

فەرمانداری مەریوان لە ئیزنی دەوڵەتی رۆحانییەوە بە  مەبەستی کۆتایی هێنان بە مانگرتنی خەلکی ناڕازیی مەریوان، هەواڵی کرانەوەی سنوورەکانی شاری مەریوانی بۆ ماوەی یەک مانگ بۆ کۆڵبەران و کاسبکاران راگەیاند.

ڕۆژی رابردوو لە کاتێکدا فەرماندار لە ناو ئاپۆرای خەلکی نارازی مەریواندا ئامادە ببوو، خەڵک بە درۆزنیان لەقەڵەم دا و خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی ناوبراو بوون.

لە شارەکانی بانە، سەردەشت و پیرانشار و مەریوان مانگرتن  هێشتا بەردەوامە و هەتا ئیستا وڵامێکی بەرهەست بە خەڵکی ناڕازی نەدراوەتەوە کە کرانەوەی سنوورەکان و دەست پێکردنەوەی کار و کاسبیی هاووڵاتییانی بەدواوە بێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.