مستەفا هیجری: ئێران لەبەرامبەر هێزدا تەسلیم دەبێت

0
1526

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ شەممە 6ی خەرمانانی 395ی هەتاوی، یەکەم ڕٶژی کاریی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی لەشاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچوو.

سكرتێری حدكا یەکێک لە کۆڕگێڕەکانی ئەو سمینارە بوو لە میانەی لێدوانی خۆیدا گوتی: “كاتێك ئارامی دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەكە، كە نەتەوەكان خۆیان حوكمی خۆیان بكەن”

مستەفا هیجری، سکرتێری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ئاماژەی بە دابین نەبوونی مافی کورد لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا کرد و گوتی: “كۆماری ئیسلامی ئێران چاوەڕێی ئەوەی لێناكرێت مافی نەتەوەكانی وڵاتەكەی دابین بكات، چونكە ئەوە تاقیكراوەتەوە”

هیجری باسی لە ڕێگاچارەکانی بەر دەم گەلانی زۆرلێکراو کرد و گوتی: گەلە زۆرلێکراو و بندەستەکان بە هۆی چوونە سەری ئاستی زانیاری و تێگەیشتووییان لە هەمبەر داگیرکەر و دیکتاتۆرەکان وەستاونەتەوە و زۆر نەتەوەشمان بینی کە بە دەستی بەتاڵەوە لە هەمبەر دیکتاتۆرەکان وەستاونەوە، ئەو نەتەوانە کە وا بندەست و سەرکوتکراون، دوو ڕێگایان لە بەر دەم هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانن لە ژێر دێموکراسی درێژە بە ژیان بدەن. یەکەم: دەسەڵاتێکی دیموکراتیک و مافی هاوسان و بەرانبەر بۆ هەموو ئەو نەتەوانە دابین بکرێ، ئەوا ئەو کات هەموویان دەتوانن پێکەوە لە چوارچێوەی یەک وڵاتدا بژین ئەگینا بە دڵنیاییەوە شەڕ و خوێن دێتە ئاراوە کە ئەوە بۆ هەر دوو لا پڕتێچوویە.

هیجری لەمەڕ داهاتووی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێ: “من وای دەبینم کە نەتەوە بندەستەکان لە داهاتوودا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەسەڵات دەگرنە دەست و کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری دێت و ئارامی جێگای ئەو شەڕانە دەگرێتەوە.

سکرتێری حدكا هەروەها گوتی: “کۆماری ئیسلامی لە ٣7 ساڵەی تەمەنی خۆی سەرجەم ڕێگاکانی سەرکوتی گرتۆتە بەر و ئێستاش بە چەشنێکی تر دووبارەیان دەکاتەوە. کۆماری ئیسلامی لە بنەڕەتەوە هیچ بڕوای بە مافی نەتەوە بندەستەکان نیە، کەواتە دەبێ چ بکەین؟ دەبێ بە هێز بین. ئێران لەبەرامبەر هێز تەسلیم دەبێت، بۆیە دەبێت ئازادیخوازانی ئێران بەردەوام بن لەسەر خەباتی چەكداری، لەسەر ئەو بنەمایەش دوو ساڵ پێش ئێستا گەیشتە ئەو ئەنجامەی كە پێویستە هەنگاوی نوێ‌ هەڵبگرێت و كەموكورتییەكانی رابردوو وەلابنێت و ژمارەی پێشمەرگەكان لەناو كوردستان زیاتر بكات.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت