هەیاس کاردۆ: وت و وێژی یەک لایەن و دوو لایەن لە گەڵ کۆماری ئیسلامی کەشی تەوەهووم لە نێو تێکۆشەرانی کورد دروست دەکا

0
1023

 ئەزموونی خەباتی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان پاشەکشەی بەرچاوی بە زۆرداری دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە ئاماژەو دەسکەوتەکانی لەوانە رێگەنەدان بەکولتووری کۆنەپەرەستانەی زۆرداری،وەگەڕخستنی هێزی لەبڕان نەهاتووی داهێنەریی جەماوەری بۆ بەربەرکانێی دیکتاتۆڕی و خستنەگەڕی توانایەکانی خەباتگێڕانە لەخۆڕهەڵاتی کورستان ئەو دەرئەنجامن کە قەیرانی مەشروعیەتی رەوانی، لۆژیکی، ئەخلاقی، سیاسی، کۆمەڵایەتیو… بۆ کۆماری ئیسلامی بە شوێنەوە بووه به چه شنێک کەئەمڕۆ لە ئاکامی ململانێی بزاڤیی رزگاریخوازانه ینەتەوەیی ـ دێموکراتیکی کورد یەکلابوونەوەیەک بە هاوکێشەی سیاسی لە نێوان کورد و دەسەڵات دەبیندرێ نە کۆماری ئیسلامی کورد و مافەکانی دان پێدادێنی نە کوردیش  دەسەڵاتەی تاران  دەسەڵمێنێت.

لە پانتایی وڵاتی ئێرانیشدا  دەسەڵاتی سەركوتكەری وڵایەتی فقیە، لێئەستاندنەوەی دەسەڵات لە تاك بە تاكەكانی ئەندامانی كۆمەڵگاو پاوانكردنی بە هۆی تاكێك لە پێگەی دەسكردی وەلی فەقیە، كە وەك نوێنەری خواو بەرێوەبەری راسپاردەكانی ئایینی پێناسە كراوە،بابەتێكی ئاسایی بووە. پێخوستكردنی شوناسی سیاسی تاكو كۆمەڵگا بە هۆی دیكتاتۆرەوە تەنیا بە رەهەندی دەسەڵات وەرگرتنەوە لە خەڵك نەبەستراوەتەوەو پێشێل كردنی هەمان شوناسی باڵو لایەنەكانی هاوبەرە، هاوچارەنووسو هاوهەڵوێستی دەسەڵاتیش بە هۆی رێبەری ئایینییەوە پەیرەو كراوە. بە مەودای تەمەنی دیكتاتۆری كۆماری ئیسلامی ئێران كێشەو پێكهەڵپرژانی باڵە دەسەڵاتسالارەكان گرینگترین كێشەی سیاسی لە ئێراندا بووەو باڵەكان لە ژێر ناوو ناتۆرەی جۆراوجۆرو پێناسەی هاوبەشدا وەك باڵەكانی مام ناوەندی، توندئاژۆ، چاكسازیخوازو… خۆیان دەرخستووە.

بۆ زیاتر تیشکخستنە سەر ئەو مژارە لە گەڵ نووسەر، ڕۆژنامەنووس و چالاکی سیاسی رێزدار ” هەیاس کاردۆ چاوپیکەوتنێکمان کردووە بۆ شیکردنەوەی وەڵامی ئەو پرسە ئاوڕمان لە تێڕوانینی داوەتەوە

ڕۆژی کورد :تکایە پێناسەیەک لە کۆماری ئیسلامی ئێران بفەرموون

هەیاس کاردۆ
هەیاس کاردۆ

کاردۆ:  کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تەواوەتیی خۆی دا ڕیژیمێکی تۆتالیتار، سەرکوتکەر، ماف زەوتکەرو دواکەوتوویە. ئەم ڕیژیمە بە ناوی مەزهەب پارێزگاری درێژەی دەسەڵاتی تەک نەتەوەیی لەئێران دەکا. لە ژێر سێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا شتێک بە ناوی بەرابەریی نەتەوەیی یان مەزهەبی ناتوانێ وجوودی هەبێ، چونکە ئەگەر ئەوە بوو یانی فەلسەفەی وجوودی ئەو ڕیژیمە تووشی گۆڕان دەبێ. کەوابوو کاتێک باسی کۆماری ئیسلامی دەکەین مەبەست بەم قانوون و ڕێوشوێنانەوەیە کە ئێستا پێرەویان دەکا.

ڕۆژی کورد: بەو پێناسە گشتیەی لە دەسەڵاتێکی دیکتاتۆڕ باستان کرد لە بنەڕەتدا چآوەڕوانی ماف و پێدانەوەی ماف و ئازادی بۆ کورد ئیمکانی هەیە؟

کاردۆ:  ماف شتێکە دەبێ بستێندرێ نەک سواڵی بۆ بکرێ. کە باسی ئەستاندنیش کرا مەوزووعی توانا و قودرەت دێتە گۆڕێ. لە بێتوانایی دا قەت ناتوانی چاوەڕوان بی شتێک وەدەست بێنی. پاشان دەبێ ساغ بینەوە مافی ئێمە وەک نەتەوەی کورد لە ئێران چیە؟ ئەگەر بەوە ڕازیین کە لێمان گەڕێن وەک هاووڵاتییەکی بێ کێشە بژین و بە زمانی خۆمان بخوێنین و کولتووری خۆمان پێرەو بکەین، ئەوە دەکرێ لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە گوشار بخەینە سەر دەسەڵاتی ناوەند و بە شەرتێک توانا و قودرەتی مانۆڕمان زۆر بێ ڕەنگە ناچاری بکەین مل بۆ بەشێک لەو داخوازانە کەچ بکا. بەڵام ئەگەر مەبەست لە مافی کورد ئەوەیە کە ئێمە نەتەوەیەکی سەربەخۆین و خاکمان  داگیر کراوە و وەدووی ئەوە دەکەوین بەو مافە ڕەوایەی خۆمان بگەین، نەخێر ئەوە بە کۆماری ئیسلامی دابین ناکرێ و دەبێ ڕێگای دیکە بگرینە بەر.

ڕۆژی کورد: هەنووکە هێزە کوردییە نەیارەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەر دوو بەرەی جیاواز دابەش بوون بەشێکیان لایان وایە لە چوارچێوەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی شتێک بەر کورد ناکەوێ کە خەونە نیشتمانییەکانی پێ بخەمڵێنێ لایەنی دیکەش لایان وایە دەکرێ لە چوار چێوەی ئەو سیستمەشدا بۆ کورد دەسکەوتێک هەبێ… بەرێزتان لێرە و لە زۆربەی نووسینەکانتاندا باستان کردووە کورد تەنیا بە هێزی خۆی دەتوانێ پشتبەستوو بێ و کێشەی لایەنەکانی دەسەڵاتی تاران بە بابەتێکی نەرێنی بۆ کورد هەڵدەسەنگێنن دەمهەوێ لە سەر ئەو بابەتە لە پێگەی نووسەرێک راوەستان و شرۆڤەیەک  بکەن.

کاردۆ: وەڵامی پرسیاری پێشوو بەجۆرێک ئەوەشی تێدایە. یانی دەبێ ساغ بینەوە چیمان بۆ کورد دەوێ. بەڵام دیسان دووپاتی دەکەمەوە لە چووکترین داوا هەتا زیاترینی، بەبێ هێز و توانا محاڵە هیچ دەست کەوێ. قەت دەسەڵاتی ناوەند خێرمان پێ ناکا و لەخۆڕا نایە وەپێشت کەوێ و بڵێ ها ئەوەی هەتا ئێستا لێت زەوت کراوە بت دەمەوە. بۆ شتە چووکەکان دیسان دووپاتی دەکەمەوە دەکرێ پاشە کشە بە ڕیژیم بکەین و لە هێندێک بواردا هێندێک شت وەدەست بێنین، بەشەرتێک توانا و هێزمان هەبێ و ڕیژیم حیسابمان بۆ بکا. یەکگرتوویی و هاودەنگی شەرتی یەکەمە لەو بوارەدا. دانیشتنی یەک لایەنە و دوو لایەنە دەگەڵ ڕیژیم لە حاڵێکدا ناتوانی هیچ گوشارێکی بخەیە سەری جگە لە دروست کردنی فەزای تەوەهوم و نیگەرانی لەنێو تێکۆشەرانی کورد، شتێکی دیکەی لێ پەیدا نابێ. بۆ کاری ئاوا هەماهەنگی، یەکگرتوویی و بەرنامەی تۆکمە لازمە.

 بەڵام بۆ قەزیە گەورەکە کە سەربەخۆیی کوردە و منیش ئەوە بە ماف دەزانم دەبێ فکری دیکە بکەینەوە. بەهێز کردنی بیری نەتەوەیی و دروست کردنی ڕێچکەیەک کە لەداهاتوودا ڕێڕەوانی ئەو داوایەی پێدا بڕوا، ئەرکی حیزبە سیاسییەکانی کوردە. بە باوەڕی من کێشەی باڵەکانی نێو دەسەڵات نابێ ببێتە خەمی ڕۆژانەی ئێمە. ئەوان چۆن دەگەڵ یەک تەعامول دەکەن، کەیفی خۆیانە. ئەوە ئێمەیەن دەبێ بزانین چۆن دەگەڵ یەک دەجووڵێینەوە و بە چ شکڵێک خۆمان تەیار دەکەین. ئەوەی هەتا ئێستا کردوومانە و گوتوومانە بەداخەوە تەنیا بۆ شتە چووکەکان بوە. قەت خەمی قەزیە گەورەکەمان نەخواردوە.

ڕۆژی کورد: پێکناکۆک بوونی رواڵەتی باڵەکانی دەسەڵاتی تاران دەتوانێ پێکناکۆک بوونێک لە بەرەی نیشتمانی خۆرهەڵاتی کوردستان رێک بخا ؟ ئەوە دەتوانێ خەسارێکی مەترسیدار بۆ داهاتووی کورد بێ ؟

کاردۆ: کارێکی زۆر خراپ و زیانبارە ئەگەر لەسەر کێشەی باڵەکانی نێو ڕیژیم ئێمە کات و وزەی خۆمان بەفیڕۆ بدەین. ئەزموونی دەیان ساڵ تاقیکردنەوە دەبێ فێری کردبین بە عەینەکێکی دیکە بڕوانینە ئەو ڕیژیمە و باڵەکانی. ئەویش ئەوەیە کێشەی خۆیان بۆخۆیان، با ئێمە دەفکری خۆماندا بین. بەداخەوە حیزبەکانی خۆمان بەشی زۆری کار و هەڵوێستەکانیان بۆ ڕقەبەرایەتیی یەکتری دەکەن. یانی یەک بڵێ خراپە ئەوی دیکە دەڵێ چاکە. یەک شەڕی دەگەڵ بکا، ئەوی دیکە دەگەڵی دادەنیشێ. یەک بڵێ وادەبێ، ئەوی دیکە دەڵێ وانابێ. بەڕاستی خەبات ئاوا ناکرێ و تەنیا خۆ خافڵاندنە.

ڕۆژی کورد: تکایە ئەگەر بابەتێکی وا هەیە لە پرسیارەکاندا ئاماژەی بۆ نەکراوە سەربەستن تیشکی بخەنە سەرو باسی بکەن

کاردۆ: بە باوەڕی من زەمانی ئەوە تێپەڕیوە تەعەسوبی حیزبایەتی پێشی بیر کردنەوەی سەربەخۆمان لێ بگرێ. کەس لە خەتا بێ بەری نیە. ئەوەی بە هەموومان دەکرێ قەت بە لایکمان جێ بەجێ نابێ. کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵات زۆر لەوە ئاڵۆزترە بیری لێ دەکەینەوە. کردنەوەی ئەو گرێ پووچکەیە تەنیا بە هاودەنگی و یەکگرتوویی دەکرێ. حیزبایەتی باشە بەڵام بە چاوی ئاوەڵا و بۆ مەبەستێکی گرینگتر لەخودی حیزبەکە. بەشی زۆری خۆڕاگرتنی کۆماری ئیسلامی لە بێ هێزیی ئێمەدایە. بەهێزش نابین مەگەر یەک بگرین. یەک گرتن باشە بەڵام ئەویش بە بێ پلانی ڕون و نەخشە ڕێگایەکی نەتەوەیی بەکاری هیچ نایە. با کوردایەتی ببێتە ئامانجی گشتییمان و حیزبایەتیی فیدا بکەین. با لەوە زیاتر ترس و خۆف دامان نەگرێ و بە ئاشکرا بڵیین کورد لە ڕۆژهەڵات ئێرانی نیە و کوردە.

سوپاس کە بەسەرتان کردمەوە.

ڕۆژی کورد: بەرێز کاک ” هەیاس کاردۆ” سپاس بۆ کات و ڕاتان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت