هەستی نەتەوەیی لە سەرووی کوردستانی خۆرهەڵات واتا ناوچە بادینی نشینەکان/وتووێژێکی چڕ لەگەڵ سەلیم زەنجیری

0
1526

خوێنەری هێژا:

باسی بەردەستت، وتوویژێکە لەسەر مژاری (هەستی نەتەوەیی لە سەرووی کوردستانی خۆرهەڵات واتا ناوچە بادینی نشینەکان) کە لە ڕێکەوتی ٢٨و ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی ٢٧١٦ی کوردی) لە گەورە ژووری ڕاوێژ لەگەڵ بەڕێز، سەلیم زەنجیری، ڕاهەیندکار و خەباتکاری سیاسیی و بە پێشکەشکاریی هەڵمەت مەعرووفی، ڕۆژنامەوان و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ژووری ڕاوێژ ئەنجام دراو.

سەلیم زەنجیری
سەلیم زەنجیری

ڕاوێژ: تکایە سەرەتا خۆتان بۆ خوێنەرانی ژووری راوێژ بناسێنن.

زەنجیری: سەرەتا سلاو لە دەستەی بەرێوەبەری و هەروەها هەموو ئەندامانی گەورە ژووری راوێژ، سوپاس بۆ ئەوەیکە ئەم دەرفەتەتان بۆ من ڕەخساند، هەر چەند کە پسپۆڕیم لە سەر ئەو مژارە نیە، بەڵام بە پێ توانا بە حوکمی ئەوەی خەلکی ئەو ناوچەیەم، هیوادارم گفتوگۆیەکی دۆستانەمان هەبێت و بتوانین زانیاری  بەسوود بە یەکتر بگەیەنین. هەروەها بە پێویست دەزانم کە سڵاو بنێرم بۆ تازەترین شەهیدان شەهید سەروان چەکۆ ڕەحیمی و کاک سەید ڕەزا و هەموو شەهیدانی کوردستان.

من سەلیم زەنجیریم خەلکی ئورمییەم ساڵی ١٣٥٨ لە داییک بووم و چەندین ساڵە لە ناو ڕیزەکانی شۆرش دام و ئێستاش لە خزمەتتان دام.

ڕاوێژ: بۆ چوونە ناو باسی ئەمشەو، تکایە بە گشتی و بە کوردی دۆخی هەستی نەتەوەیی لە ناوچە بادینی نشینەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتمان بۆ باس بکەن، ئێستا لە چ ئاستێکدا هەستی نەتەوەیی لە وناوچانە بوونی هەیە؟

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

زەنجیری: هەر چەندە ئەوە باسێکی بەربڵاوە، بەڵام ئەگەر تۆزێک بۆ دواوە بگەڕێین دەبینین کە ئەو ناوچەیە بەردەوام شوێنی سەرهەڵدان و چەکەرەی ناسیۆنالیزمی کورد بووە. لە سەردەمی مادەکان هەتا ئەمیرخانی لەپ زێڕین، شێخ عوبەیدوللای نەهری، سمکۆی شکاک، ئاگری، لە شۆرشەکانی دیکەش دا بەردەوام داڵدە و یارمەتیدەریان بووە و کەسایەتییە بەناوبانگەکانی شۆرشەکان لەو ناوجەیە دا هەلکەوتوون، د. قاسملووی نەمر نموونەی هەرە بەرچاوی زیندووبوونی هەستی نەتەوایەتی لەو ناوچەیە دایە کە بۆ خۆی خەڵکی ئورمیە بوو بەڵام دڵی کوردستانی بوو و بۆ هەموو کوردستان تێکۆشا. یەعنی دۆخی ئۆرمییە هەندێک جیاوازترە لە شارەکانی تری ڕۆژهەلات  دەتوانین ئێرانێکی بچووک لە ناو ئەو پارێزگایەدا ببینین کە لە پێکهاتەی جۆراوجۆری نەتەوەیی، ئایینی، مەزهەبی و کولتۆری پێکهاتوون، بەم حاڵەشەوە ئەگەر پێشەنگ نەبووبێت لە شار و ناوچەکانیتر لەدواوە نەماوە. دەتوانین چالاکییەکانیان بە نموونە بگرین لە خۆپێشاندانەکان و مانگرتنەکان و بۆنە نەتەوەیی یەکاندا هاوشانی ناوچەکانی تر لە جووڵە و حەرەکەت دا بووە ئینجا ڕەنگە کەمتر یان زۆرتر، گرینگ ئەوەیە کە سەرەڕای گوشاری زۆر لە دوو لاوە، بە چۆکدا نەهاتووە و هەر لە سەر پێیانە و تا ئاڵای ڕێبەرانی شەهید لە سەر قەلای دمدم و وارگەی قاسملوو و شێخ تەپەی شیخ عوبەیدولا هەلنەداتەوە و ئاواتەکانیان بە جێ نەهێنن لە خەبات و تێکۆشان و خۆرڕاگری بەردەوام دەبن. بەداخەوە دۆخی ئەم ناوچەیە  بە حوکمی چەند نەتەوەیی و ئایینی و .. جیاوازترە و کوردەکان جارێک لە ژێر سیاسەتی گشتی ڕێژیم دا دەچەوسێنەوە و جارێکی دیکەش بە دەست نژادپرەستەکانی نەتەوەی حاکم لەو ناوچەیەدا .

ڕاوێژ: ئەوە زۆرتر باس لە دەڤەری ورمێ بوو، بەڵام دۆخەکە لە سەڵماس، خۆی و ماکۆ و چالدران جیاوازە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکەم قوتابخانەی کوردی لە لایەن نەمر سمکۆی شکاک، باوکی ناسیۆنالیزمی هاوچەرخی کوردیەوە داندراوە، هۆکار یان هۆکارەکانی ئەو لاوازییەی هەستی نەتەوایەتی لەو دەڤەرانە چین؟

زەنجیری: ئەو ناوچەیە هەمووی وەکوو یەکە، چوونکە پێکهاتەی جەماوەری جیاوازە لە گەل ناوچەکانی دیکە، بە ئاشکەرا با بڵێم چوونکە نەتەوەی وەکوو ئازەری، کورد، ئاسووری، بەهایی تێدا دەژین و بە سانایی ناتوانی کار لە سەر بکەیت، وەکوو بۆمبێکە یان بەرمیلێکی باڕووتە کە هەر کات و سات ئەگەری تەقینی هەیە، بۆیە کارکردن و ڕێکخستن بە تایبەتی بۆ کورد زەحمەت بووە، بەم حاڵەشەوە کوردبوونی خۆیان پاڕاستووە و ئاسمیلە نەبوون و بەرگرییان لە فەرهەنگ و زمانی خۆیان کردوە، هۆکاری بەرچاو بوونی ڕێژیمێکی دڕندەی وەکوو کۆماری ئیسلامییە کە بێجگە لە  سیاسەتی سیستێماتیکی سەرکوت، گرتن و ئەشکەنجە و سیدارە و ماف پێشل کردن، بە چەند رێگای تریشەوە هەوڵی لەناوبردنیان دەدات، نموونەی بەرچاو، دیاردەی مادە هۆشبەرەکانە، لاوانی کوردی لەم ناوچەیە دا بێکار کردووە، فەقری ئابووری هاوار دەکات، لە هەموو ناوچەیەک زیاتر مادەی هۆشبەر لەوێ کڕین و فرۆشتنی پێدەکریت یان بەکار دە‌‌هێندرێت. ئەگەر لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان تەنیا فیلتێری ڕێژیم هەبێت، لەو ناوچانە فیلتێری تورکەکانیش بە سەریانەوە هەیە و لە لایەن ڕژیمەوە دەسەڵاتی خۆجێی و ئیمکاناتی باشی پێدراون و بەردەوام تەحریک دەکرێن کە ئەوانە کۆچەر و پەنابەرن، قاچاخچین و چاویان لە سەر وڵاتی ئێوەیە، لە حالێکدا مێژوو شاهیدە و بەڵگەش زۆرن کە ئورمییە دڵی کوردستانە. زۆر هۆی دیکە بوونەتە کەمڕەنگ نیشاندانی ئەو هەستە بە شیوەی بەربڵاو، کە ترس و تۆقاندن گرینگترینیان ـە، هەڵبەت ڕەنگە ئەحزابی کوردیش بێ تاوان نەبن لەو پرسەدا کە بە هۆی هەستیاری ئەو ناوچەیە، خەمساردیان نواندووە.

ڕاوێژ: پرسیاری هاوڕێیەک : ئه‌گه‌ر کوردانی وه‌مێ ته‌نیا یک کار بکه‌ن ئه‌ویش به‌ تێکرا پۆشینی جل و به‌رگی کوردییه‌، به‌ زووترین کات رێژه‌ی که‌رد له‌ وه‌رمێ دیاری ده‌کا. ئێوە تا چەند لەگەڵ ئەو ڕایە هەن؟

زەنجیری: کاکی بەڕێزم ڕێژەی کورد دیارە، لە هیچ شارێکی باکووری کوردستانی ئێران دا کورد کەمینە نیە بگرە لە نیوە زیاتریشە، ئەمجارە تەنیا پۆشینی لیباسی کوردی نیشان لە کوردبوون نیە، کابرای جاش و خۆفرۆشی کوردیش بە هەمان لیباسەوە خیانەت لە برای کوردی خۆی دەکات، ئەگەر ناوەندێکی بێلایەن، ڕەسمی و سەربەخۆ داتا و ئامار بگرێت ئەوکات دەردەکەوێت کە چەندە کوردە و چەندە کەمینەی دیکەیە، بۆیە لەوەدا بێخەم بە برای بەڕێزم، هەرچەندە کە لە دریژەی دیرۆک دا هەوڵ دراوە کە دێمۆگرافیای ئەو ناوجەیە بگۆردریت و لە سەردەمی سەفەوییەکان دا بە تایبەتی کە بۆ خوراسان و قەزوین تەبعید کران، بەڵام ئایا سەرکەوتوو بوون لەمەدا؟ کوردی ئەو ناوچەیە بە گشتی لە وڵاتپارێزی، ڕاستگۆیی و دڵسۆزیدا ئەوپەڕی مایەیان لە خۆیان داناوە، لانیکەم لە نێو ئەحزابی کوردی و یەک لەوان حدکا.

ڕاوێژ: باسێکی ئەو دواییانەی ئەو ناوچانە، هەڵبژاردن بوو، نوێنەرانی کورد دەنگیان نەهێناوە، زۆر کەس ئەوەیان بە شکست و زۆر کەس بە سەرکەوتنی کوردیان لەقەڵەم دا و زۆر کەسیش لایان وابوو کە دەنگهێنانوەی کورد لەو ناوچانە دەتوانێ دەرخەری کورد بێ و ججۆرێک ڕێفراندۆم بە ئەژمار بێ، ئێوە چۆن دەهزرن؟

زەنجیری: ڕیفراندۆم لە سیستمێکی دیمۆکراتیکدا و بە چاودیری لایەنی نێونەتەوەیی، دەتوانێ ڕاست بێ، مادام کە هەڵىژاردنی ئێران ئازاد و دێمۆکراتیک نیە و مافی یەکسان بۆ خۆ بەربژێرکردن نیە، چۆن دەتوانین دڵخۆش بین بە ئەنجامەکانی کە بە هیچ شێوەیەک تەعبیر لە ڕای خەڵکی و دەنگی خەلکی ناکات؟ ئورمیە کوردستانە و بەم هەڵبژاردنە دووریینانە ناتواندرێت ناسنامەی نەتەوەیی ئەم شارە بشیوێندرێت، کەسانی ساویلکە دەتوانن بڕوا بەمە بکەن کە ئەمە ڕیفراندۆمە، بەڵام واقعییەت شتێکی دیکەیە، ئەوەلەن زۆرێک لە کوردەکان بایکۆتیان کرد، دوهەمیش ئەوانەی کە دەنگیان دا بە کاندیدا کوردەکان، شتێکی دیکەیان وەکوو ئەنجام ڕاگەیاند لێرە دایە کە ڕووی ڕاستەقینە ی ناوەرۆکی ئەو ڕێژیمە دەبێت بۆ کەسانی دوودڵ و مەشکوووک بە ئەحزابی بەئەزموون و پێشەنگی خۆیان دەربکەوێت، ڕێژیم دەستی داوەتە چەکێکی مەترسیدار کە ئەویش تەحریکاتی قەومی یە لەو ناوچەیەدا، دەبێت زۆر وشیارانە هەنگاو هەڵبگرین. تەنیا خاڵی ئەرێنی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە، دۆخی هەڵبژاردنەکە دەتوانێ کەڵکی لێ وەربگریرێت.

ڕاوێژ: لە ورمی کە دەڕوانی، شێخ تەپە وەک شوێنێکی بەناوبانگی شار کە مەقەڕی شێخ عوبەیدووڵا نەهری بووە هاواری کورد بوونی ئەو شارە دەکا، بە کوردی دەکرێ باس بکەن کە مێژووی هاتنی ئازەرییەکان بۆ ئەو شارانە بۆ کەنگێ دەگەڕێتەوە؟

زەنجیری: هەڵبەت من مێژووناس نیم و لە دەرەوەی شارەزایی منە، بێجگە لە کتێبی “ئاناباسیس” سەردار بەناوبانگی یونانی و هەروەها شەڕەفنامەی شەڕەفخانی بتلیسی کە بە وردی باس دەکات، من تەنیا باس “لە ایرج افشار” نووسەری تورکی خەڵکی ئورمییە دەکەم کە دەڵێت لە سەردەمی شا ئیسماعیلی سەفەوی دا ٨٠ هەزار کوردی ئورمییە، سەلماس، خۆی و ماکۆ و هەتا تەورێزیش  بۆ خوراسان و  وەرامین و تویسەرکان سرگوون کراون. ناوەکانی تبریز هەمان تەورێز بە کوردی یە، سەبەلان هەمان سەهۆڵانە، اردبیل هەمان عەردەوێل یان زەوی بێ کەڵکە، ماکو هەمان مادکووه، خۆی هەمان خوێ بە کوردی یە، سەلماس لە سەردەمێک دا کوردجیا بووە دواتر هەمان سەلەماست واتە شنە بای بەربەیان.

نووسەرانی دیکەی تورک وەکوو محەمەدئەمین ڕیاحی باس لە کوردبوونی ئەو ناوچانە دەکات، حەمدولا مستوفی بە جوانی باسی دەکات، باسی بەڵگەمەند لەو بارەوە یەکجار زۆرە.

ڕاوێژ: ئەمڕۆ سەرۆک خێڵ و جاش و بەسیجیەکانی پاریزگای ورمێ بە گشتی کۆکرانەوە و ڕێ و ڕسم و ڕێزلێنانیان بۆ گیرا، مەبەستم لەو پێشەکیە ئەوەیە کە لە ناوچە بادینی نیشینەکان هێشتا خێڵەکی بوون ماوە و سەرۆک خێڵەکان زۆربەیان هاوکاری ڕژیمن، مانەوەی ئەو ڕوحیەتییە خێڵەکییە چ کاریگەرییەکی لەسەر هەستی نەتەوەیی هەبووە و دەبێ؟

زنجیری: ڕاستە ئەمە دیاردەیەکە کە تایبەت بە ناوچە بادینی نشینەکان نیە و لە هەموو کوردستان دا هەیە، دیاردەی خێڵەکی و عەشیرەگەریش کە مێژوویەکی دوور و درێژی لەناو هەموو بەشەکانی کوردستان دا هەیە کە لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بۆ ئێمە گرینگە، کەڵکاژۆی ڕژیمە لە  هەندێ عەشایر و سەرۆک عەشیرەکانی چاوچنۆک کە بۆ ئافەرین وتنێک و چەند قرووش خۆیان و مەتەوەکەیان دەفرۆشن.

کێبەرکێ دروست کردن لە نێوان عەشایر و پڕچەک کردنیان و بەگژ یەکدا کردنیان هەموو لە بەرژەوەندی خۆیدا بەکار دێنێت، بەڵام لە بیرمان نەچێت قەرار نیە هەر کەسێ چەکی ڕژیمی هەڵگرت، یان کارتی بەسیجی لە گیرفانی خۆی نا، بەرچەسپی جاشێتی لێ بدەین و … زۆرێک لەوانە بۆ دابین کردنی ژیانیان یان بۆ کاری خۆیان لە ئیداراتی دەوڵەتی ئەو کارە دەکەن و ڕەنگە لە دڵی خۆیان دا زۆریش کورد بن، هەر ئەو کەسانە بوون کە لە ڕاپەرینی ١٩٩١ باشوور دا ڕاپەرین و بینیمان کە چ دەور و ڕۆلێکیان بینی.

ئێستا کە ڕژیمم لە تەنگانەدایە و هەموو هەوڵێک دەدات کە بە دانی هەندێ ئیمتیازات و وەتەماع خستن و …تاد، جارێکی دیکە ئەوان لە دژی وڵاتپارێزان وەکوو قەڵغانێک بەکار بێنێت بەتایبەتی کە ئەمساڵ حدکا بڕیاری دەست پێکردنی قۆناغێکی نوێ لە خەباتی داوە بۆ ناوخۆ؛ بۆیە سرووشتیە کە ڕێژیم هەموو هەوڵێک بدات، لێ گرینگ هەڵوێستی ئەو کوردانەیە کە چەندە ئامادەن خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی و مانەوەی رێژیم دا فیدا بکەن کە من پێم وایە ژومارەی ئەو جۆرە کەسانە زۆر کەمە و کەمتریش دەبێت.هەر سێ چوار ساڵ لەوە  پێش بوو کە سکرتێرتی حدکا، بەڕێز کاک موستەفا هیجری لە پەیامێک دا دواوی لەوان کرد کە چەکەکانیان دابێن و بگەڕێنەوە باوەشی گەل کە پێم وایە وڵامدەر بوو. ئەوانە پەلەقاژەی پێش مەرگن، بێخەم بن، ئیرادەی گەلی کورد و ڕۆڵەکانی لەوە بەهێزترە و دەتوانێ بە سەر هەموو پیلانەکان دا سەر بکەوێت.

ڕاوێژ: زۆرێک لە چالاکانی مەدەنی و سیاسیی ناوچە بادینی نشینەکان لایان وایە نەبوونی باژێڕێکی بادینی نشین خۆی یەکێک لە خەسارەکانە و کاریگەری هەبووە هەم لە کۆکتر نەبوونی ئەوان و هەم لە گەشەتر پێدانی هەستی نەتەوەیی و هەمیش بۆتە هۆکارێک بۆ سەرکووتی ئاسانتری ڕژیم، شارەکانی ورمێ و سەڵماس و خۆی و ماکۆش تەواو پڕ کراون لە تورک، ڕژیمیش تا ئێستا هەلی نەداوە کە باژێرێکی بادینی نشین هەبێ، ئێوە چەند ڕاتان وایە ئەوە خەسارە و کاریگەر بووە؟

زنجیری: ڕاستە ئەمە واقعییەتێکە بەڵام بەدەر بووە لە ئیرادەی خۆی، جوغرافیا و دێمۆگرافیای  ئەو شارانە ڕاستییەکە کە بەدەرە لە ئیرادەی کوردەکانە. ئەوان چ بکەن کە پێکهاتەی جۆراوجۆری لەو شارانەدا هەیە.

قسەیەکی د. ئەسماعیل بێشکچی لەو بارەدا هەیە کە دەڵێت ناسیۆنالیزمی کورد بەریوانکار و دیفاعییە و وەکوو هی عەرەب و فارس و تورک هێرشبەر نەبووە.

ئەوان بەردەوام هەوڵی تەعریب، تەتریک و تەفریس یان داوە و بە گۆڕێنی دێمۆگرافیا و ئاسمیلە کردن و سەرکوت بە بەشێک لە ئامانجەکانیان گەیشتوون بەڵام ئایا توانیویانە ئاسوودە خاتیر بنوون؟ ئەو ناوچەیەش هەر دوو نەتەوەی کورد بە زۆرینەی و ئازەری بە پێکهاتەی دووهەم و کەمایەتی ئاسووری و بەهایی بە یەکەوە دەژین، بۆیەش ناویان ناوە شاری جوانی و ئاشتی، هەر چەند کە کەڵکاژۆی  زۆر لە نیەتپاکی کوردەکان کراوە بە درووشمی برایەتی و پێکەوە ژیانی ئاشتییانە و …تاد، بەڵام ڕای بژاردەی سیاسی و فەرهەنگی ئەو نەتەوانە گرینگن نەک شوڤینیزمی ئازەری یان پان تورکەکان، چونکە تێکەڵاوییەکی زۆر لە نێوانماندا درووست بووە، ژن و ژنخوازی، تێکەڵاویی فەرهەنگی.

ڕەنگە هەندی لە ئێوە ئێستا بەو قسانەی من ناراحەت بن، بەڵام هاوڕێیان هەر لەو حیزبەی کە من تێدام بە دەیان قارەمان و پێشمەرگەی ئازەری تێدا خەباتیان کردووە و شەهید بوونە،  با مەشهەدی سەفەرتان بە بیر بێنمەوە کە ڕێژیم ماڵ و منداڵی لە ناو ماڵەکەی دا ئاگر تێبەردا.

موهەندیس خەیاتی کە هەموو ژیانی خۆی لە ناو حزب دا بە خزمەت کردن بەو نەتەوەیە بە سەر برد، شەهید بەهرام ئازادفەر، شەهید جەعفەر زەمانی و دەیانی دیکە.

ڕاوێژ: (لە ناو کەوانەدا)، هەر ئێستاش بە شانازییەوە کاک ئەمیر خەیاتی و خاتوو ئیلهام چایچی خەباتکاری هەرە نموونەی حیزبی دێموکراتن

درێژەی وڵامی سەلیم زەنجیری: بەڵێ وایە و سڵا و ڕێزم هەیە بۆیان. هاوڕێیان، بە دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم کە ئەگەر سەرژمیرییەکی ڕاست و دروست بکرێت لە هەموو ئەو شارانە کە ناوتان هێنا، کورد لە سەرووی ٦٠%ـە. گرینگ کوردبوونە چ بادینی بێ یان سۆرانی فەرق ناکات، موهیم ئێمە کردین و یەک ئێش و کێشەمان هەیە و دەبێت بە یەکەوە بۆ گەیشتن بە ئامانج ساتێک هەدا نەدەین.

ڕاوێژ: ئێستا هەندێک چالاکی هەن لە لایەن پان تورکیستەکانەوە، لە ورمێ، تەورێز، نەغەدە. ئێستاش کاناڵی تایبەتیان لە تلێگرام هەیە، کاناڵی تەلەیزۆنی و ڕۆژنامە، کتێبیشیان چاپ کردووە، بە کورد دەڵێن کۆچبەر و پەنابەر، پێتان وایە بەو حاڵەوە دەکرێ ئەو دوو نەتەوە پێکەوە بژین؟ داهاتووی ئەو پرسە چۆن دەبینن لە حاڵێکدا تورک ئاڕاستەی ئامانجەکەی لە جیاتی دەستەبەر کردنی مافی نەتەوەیی خۆی کردووە بە سەرکووتی کورد و بۆتە ئامرازی دەستی فارس؟

زنجیری: ڕاستە منیش گوێم لەوان بووە و دەبینم، بەڵام ئەوان نوێنەرایەتی هەموو تورکەکان ناکەن و لە ناوەکانیانڕا دیارە کە چین، لە بەرانبەردا قسەی دیکەش دەکرێن بۆ نمونە قسەی زیبا کەلام کە کوردیش نیە.

فەرموون: زیباکلام: “رضاشاه نام «آذربایجان» را بر روی کردستان گذاشت/ آذربایجان غربی عمدتا کردنشین است! به گزارش وب سایت خبری- تحلیلی «آذریها» صادق زیباکلام در یکی از تازه ترین سخنرانی های خود در یک محفل دانشجویی گفت:

«یکی از کارهایی که رضاشاه کرد تغییر نام کردستان به استان اذربایجان غربی بود. آذربایجان غربی منطقه ای کردنشین است اما اسم آن در سایه سیاست های رضاشاه ، آذربایجان شده است.  مهاباد قلب ناسیونالیسم کردی بود در طول تاریخ بشریت. رضاشاه مهاباد را آذربایجان غربی کرد. [ با پوزخند] آذربایجان. یک تقسیم بندی احمقانه اینجوری. شهرهای اذربایجان غربی عمدتا کرد هستند. اسمش آذربایجان غربی است و کرد هستند». (تاریخ: سه شنبه 14 اردیبهشت 1395)

یان عەلی یوونسی، بە ناو جێگری سەرۆک کۆمار بۆ پرسی نەتەوەکان  دەڵێت: “ئازەرییەکانی ئەو پارێزگایە کوردن و باشترە تورکە ئازەرییەکانی ئەو شارە بە کوردی ئازەری ناو ببەین.”

یان ئەحمەد کەسرەوی نووسەری تورک زمان دەڵێت: “واقعییەتی کوردستانی بوونی ئورمییە لە جێی خۆی دایە و تورک بۆ خۆشیان دەزانن کە لەو ناوچەیەدا موهاجرن (کۆچبەر و پەنابەر) و سەرزەمینی ئەوان مغوولستان و دەشتی ئاسیای ناوەڕاستە و بە موهاجر زانینی کوردەکان لە سەرزەویی باب و باپیرانیاندا هەڵەیەکی گەورەیە و نابێت ئازەرییکان ئەو تەحریکاتە لە دژی کوردەکان بکەن و ئەمە پیلانی ڕژیمە، چونکە ناوی ئازەربایجان یان هەمان ئاترپاتکان نیشاندەری کوردستانی بوونیەتی”، زیباکەلام و هەروەها باسی قەلعەی بابەک خوڕەمدین دەکات و ناوی بابەک کە کوردی یە و هەموویان شایەتی بۆ کوردستانی بوونی ورمێن، یانی بە باشی بەڵگەی مێژوویی هەن لەو بارەدا، گرینگ ئەوەیە کە ئێمە کە گەلێکی مافخوراوین لە هەمان کاتدا بەرپرسیارین و نابێ بە مستێک ئاوی ئەو پان تورک و فاشیستانە بکەوینە مەلە، چوونکە بە ڕادەی پێویست حەساسییەت درووست کراوە.

ڕاوێژ: یەکێک لە باسە بەرچاوەکان کە من خۆم زۆر هەوڵم بۆ داوە و سەرنەکەتووم، ساز کردنی پەیوەندییە لە نێوان چالاکانی ئەو ناوچانە و ناوچەکانی تری کوردستان، لەو ژوورەش زۆرمان هەوڵ داوە بێن و ئامادە بن بەڵام پێدەچێ ترسێک هەبێ، ترسێک کە لە ناوچەکانی دیکەدا کەمترە، بەڕای ئێوە چۆنە تا ئێستا ئەو پردە پەیوەندییە بۆ هاوکاری کردن و ڕاگواستنەوەی ئەزموونەکان ساز نەبووە؟ چ بکرێ تا ئەو پردە ساز بکرێت؟

زنجیری: ڕاستە بەڵام بەو ڕادەیە نیە کە دەگوترێت. هەر بۆ نموونە ئەو کاتەی ناوەندی فەرهەنگی لە ئورمییەدا کە ناوەندی چاند و هونەریی ئەحمەدی خانی بوو  تێکەڵاوییەکی باش لە نێوانیاندا هەبوو و تەنانەت بەشێک لە بەڕێوەبەرانی ئەو ناوەندەش کورمانجی خواروو بوون، بە هەمان شێوە لە شارەکانی دیکەی کورمانجی خواروودا چالاکان و خوێندکاران هەن و تێکەڵاوییەک هەیە، بەڵام بەو ڕادەیە نیە کە ئێمە چاوەڕێ دەکەین و ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر تایبەتمەندی ئەو ناوچەیە کە من پێشتریش عەرزی ئێوەم کرد و کوردی ئەو ناوچەیە دوو تا سێ قات دەچەوسێندرێنەوە، لەلایەکی تریشەوە ڕەنگە هەڵە  لە شارەکانی دیکەش بێت. بۆ نموونە لە پێوەندی لەگەڵ گۆلی ورمێ دا کە ئەگەر وشک بێت، خۆڵەکە دەچێتە چاوی هەموو کوردێکەوە و بێجگە لە گۆڕینی دێمۆگرافیا، نەساخی، و ئاوارەبوون و …خەساری تری لەو بارە.

پێم بڵێن چەند چالاکی لە شارەکانی دیکە بە دژایەتی لەگەڵ ئەم پیلانەی رێژیم بەڕێوەچوون. ساڵی ڕابردوو هێرشی فەرهەنگ بۆ سەر کوردەکان و دوکان و بازارەکان دەستی پێکرد و هەموو ناوە کوردییەکان گۆڕدران، بۆ بە تەنیا مانەوە؟ لە دەنگ و ڕەنگی رێژیم دا چەندە گرینگی بەو بەشە دەردرێت و …تاد، کە دەکرێت لە پێشەڕۆژدا ئەو پردە پێوەندییەی کە جەنابت باست لێوە کرد پتەوتر بکرێت. ڕاستە، بەڵام هەڵکەوتی جوغرافیایی ، ستراتژیک و ژیئۆپۆلوتیکی ئەو ناوچەیە ئەو هیندە گرینگە کە بەردەوام چاوی تەماحی لەسەر بووە و بە پیلانگێڕی هەوڵ دراوە کە بێجگە لە تۆقاندن، تەبایی و ئاشتی ئەو شارەش بخاتە مەترسییەوە.

ڕاوێژ: لە سەرەتاوە هەتا  ئێستا لە ڕیزی حیزبەکان و بەتایبەتی حیزبی دێموکراتدا ئەژمارێکی زۆر لە کوردانی ئەو دەڤەرە هەم وەک پێشمەرگە و هەم وەک ڕێبەری بوون و هەن، بۆ نموونە شەهید سەروان حەتەم و بەڕێزتان و سەدانی تر کە پیویست ناکا و ناکرێ ناو بێنین، ئایا دەکرێ ئەو ەبکەین بە پێوەری بەرز بوونی ئاستی وشیاریی و هەستی نەتەوەیی لەو دەڤەرانەدا، هەرچەند ئەوە زۆرتر بۆ ورمێ درووستە نەک ماکۆ و خۆی و سەڵماس.

زنجیری: لە هەمووی هەیە. ئەمجارە تەنیا پێوانە حیزبی دێموکرات نیە، فەرموون ئاماری پێشمەرگە و گەریلا و شەڕڤانان لە هەموو حیزبەکاندا بگرن بزانن چەند لەسەدی خەڵکی ئەو ناوچەیەن؟، ڕەنگە حیزبی دێمۆکراتیش لە پێوەندی لەگەڵ ئەو ناوچەیە خەمسارد بێت با ڕەخنەیەکیش لە خۆمان بگرین.

بەڵام لە ماکوو و خۆی  و سەڵماس، نحۆ، باپیر شکاک، کەریم زیندەشت، یارمەمەد تاهیری، عەلی کاشفپوور، بەشیر بەدری، مەجید قولیزادە، حەسەن زەیتوون و دەیانی دیکە کە خەڵکی ئەو شارانەن و شەهید بوونە.

زاهیر بەدری کە بە پڵنگی کوردستان ناسراوە و سەردەمانێک کونە مشکی لە هێزەژکانی ڕێژیم کردبووە قەیسەری و بەداخەوە ئێستا تەندرووستی ناجێگیرە و لە دەرەوەیە کە هەر لێرەوە سڵاو دەنێرمە خزمەتی و بە گەرمی دەستی دەکوشم. تەنانەت لە پەیامێک دا پشتگیری خۆی لە پەیامی نەورۆزیی سکرتیری حیز دەربڕیبوو. ئەوانە دەبێ ببیندرین و لە دوارۆژدا دەیان پەیکەریان لێ دروست بکرێ و بە نەوەکانی دوارۆژ قارەمانتیان بناسێندرێت.

ڕاوێژ: دەور و کاریگەریی پ ک ک لەو ناوچانە لە گەشەی هەستی نەتەوەیی چؤن دەبینن؟ ئەوان دەڵێن ئێمە دەوری بەرچاو و سەرەکیمان لەو ناوچانەدا هەبوو، ئێوە چۆنی دەبینن؟

زنجیری: ئەگەر ئیزنم بدەن  نامهەوێت بچمە ناو وردەکاریی ئەو پرسیارە، سرووشتییە کە هەموو حیزب و سازمانێک کاری باشیش دەکات و ڕەنگە بە سیاسەتی هەڵە، ئەنجامی خراپیش بدات، واتە کردەوە و کارنامەی پراگتیکی مرۆڤ و حیزبەکانە کە سەنگی مەحەکە، ڕەنگە کار کرابێت بەڵام زۆر شتیش بە دڵی من نەبووە و نابێت، بۆیە ئەگەر لە خەڵکی یاسایی ئەو ناوجچەیە بپرسن کە چ کاریگەرییەکی هەبووە و ئێستا چ پێگە و  پایگایەکی هەیە لە ناویان دا، باشتر وڵام وەردەگرن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.