دژکردەوەی حیزبەکان لەسەر تیرۆرەکەی شەوی یەلدا/چەند لایەن کۆماری ئیسلامی بە بکەری تاوانەکە دەزانن

0
2579

ڕۆژی کورد: ژمارەیەکی بەرچاو لە حیزب و رێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان، وێڕای مەحکووم کردنی کردەوە تیرۆریستییەکەی شەوی یەڵدا، ڕوانگە و بۆچوونی خۆیان لەسەر چۆنیەتی و دەستەکانی پشتی پەردەی ئەو کردەوەیە ڕاگەیاندووە.

حیزبی دیمۆکراتی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا لە ماڵپەری فەرمیی ئەو حیزبەوە بڵاو بۆتەوە، ئاماژەی بە هەوڵەکانیان بۆ ناسین و ئاشكراکردنی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە کردووە، بەڵام ئاماژەی بە هیچ کەس و لایەنێک وەکوو تۆمەتبار و یان ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە نەکردووە.

هاوکات سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراویکدا، وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆیان و هەروەها مەحکووم کردنی ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەیە، رایگەیاندووە: “بە لەبەرچاوگرتنی مێتۆد و سیاسەتی چەندین سالەی ئاخوندان لە راست نەیارانی خۆی، وا وێ دەچێ ئەو رووداوە كردەوەیەكی تیرۆریستی بێ و لەلایەن رژێمی ئاخوندییەوە پیلاندارێژی و جێبەجێ كرابێ”.

سمکۆ یەزدانپەنا، سکرتێری یەکیەتیی شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە پەیامێکدا رژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە قەڵەم داوەو رایگەیاندووە: “ئەگەرچی لەو ٣٧ ساڵەی دەسەڵاتی پڕ لە تۆقان و خوێنڕشتن و تیرۆركردنی بەرهەڵستكارانی خۆی لە هیچ كەرەستەیەك درێغی نەكردوە بەڵام تیرۆركردنی ئەو رۆڵە قارەمانانەی گەلەكەمان بەو چەشنە هەموو لایەكمانی تووشی شۆك كرد. هەربۆیەش وریابوونی زیاتر و بەردەوام پەروەندەی تیرۆریزمی دەوڵەتی كۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر مێزی كارو بیرمان دەبێت لە ئەولەویەتی كارمان دابێت”.

هەروەها بزووتنەویە کۆماریخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاندووە: “دەگەل ئیدانە و مەحکوم کردنی ئەم کردارە تێرۆریستی‌یە، خۆی بەهاۆخەمی برایانی حیزبی دەزانێ،و بەم هۆیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بەریوەبەرایەتی حیزبی دیمۆکرات،و برایانی ئاسایشی هەرێم، و گشت پێشمەرگە و ئەندامان،و بنەمالەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکات،و هێوا بۆ جێگیربوونەوەی هەرچی زووتری رەوشی تەندروستی بریندارەکان، دەخوازێ”.

لەلایەکی دیکەوە کۆمەڵەی شۆڕگێڕ لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، ڕایگەیاندوو: ساڵی پێشووتر  کۆمەڵەی شۆڕگێر کەوتۆتە بەر پلانی کردەوەیەکی لەم چەشنە و کۆمەڵە دڵنیایی ئەوەشی داوە کە کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە بە دژی ئەندامانی حیزبە کوردییەکان بەردەوام دەبن.

هەیئەتی ئیجرایی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان‌یش لە پەیامێکدا ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی و شناسیی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستییە دەربڕیوەو رایانگەیاندووە: “ئێمە دڵنیاین كە بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان‌و حیزبە سیاسییەكان بەم جۆرە كردەوە تیرۆریستیانە كز‌و لاواز نابن‌”. کۆمەڵەی زەحمەتکێشان دەشلیت: “پێویستە جارێكی دیكە ئاماژە بەوە بكەین كە هاوكاری‌و پێكەوە كاركردنی حیزبە سیاسییەكانی كوردستان مەرجی سەرەكییەوە بۆ ئەوە پێش بەم جۆرە كردەوە تیرۆریستییانە بگیرێت یان پوچەڵ بكرێنەوە”.

هەروەها، کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیش وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، رایەگیاندووە؛ بە سەرنجدان بە پێشینەی تیرۆرسیزمی رژیمی ءیران و هەبوونی هێزی رژیمی ءیران لە هەریمی کوردستانو  دەسئاوەڵابونوی لە هەرێمی کوردستان، گومانی تێدا نییە کە دەستی کۆماری ئیسلامی لە پشت ئەو تیرۆرەوەیە”.

بەڵام پارتی ئازادیی کوردستان لە بەیاننامەیەکی فەرمی‌دا وێڕای دەربڕینی هاوخەمیی خۆی بۆ شەهیدانی شەوی یەلدا و مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، رەخنەی توندی لە (حدک) گرتووە و رایگەیاندووە: “ساڵی رابردوو کە پارتی ئازادیی کوردستان لە بەرەکانی شەڕی داعشدا، کەوتە بەر پەلامارێکی تێرۆریستیی تاران و لە ئاکامدا 3 فەرماندە و پێشمەرگەی گیانیان بەختکرد؛ حدک لەو لایەنانە بوو کە لە جیاتی وریا بوونەوە و ئەزموون وەرگرتن لێی، لە ژێر کاریگەریی ماشێنی چەواشەکاریی دام و دەزگا تێرۆریستییەکانی ئێران لە جیهانی مەجازییدا، لەگەڵ چەواشەکارییەکاندا رۆیشتن و تەنانەت، لە دەربڕینی سەرەخۆشییەکی سادە لە کەس و کاری شەهیدە سەربەرزەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، خۆیان بوارد”.

هەروەها پارتی سەربەستیی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوەیە تیرۆریستییە، رایگەیاندووە، “پێمانوایە کە بە پێی ئەزموون و کردەو تروریستیە بەردەوامەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی ٣٧ ساڵەی حوکمدارێتیاندا بەرامبەر بە لایەنە سیاسیە کوردییەکان و گشت ئازادیخوازاندا، ئەم کردەوەش  زۆر لە کردەوەی دەزگای داپڵۆسێنەری ئیتلاعاتەوە نزیکە”.

پارتی لیبراڵ دێمۆکراتی کوردستان، لەگەڵ مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە، رایەگیاندووە: “گۆمان لەوە دا نییە کە ئەم کردەوە جەنایەتکارانە کاری سوپای پاسداران و سوپای قۆدسی رژیم تێرۆریست پەروەری ئێڕانە و کە بەسەدان کردەوەی لەو چەشنەی لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردوە، بێگومان ئەم کردەوانە نە یەکەم جارە و نە ئاخرین جاریش دەبێت”.

یەکیەتیی دیمۆکراتیکی کوردستان لە پەیامێکدا کە روو لە (حدک) بڵاوی کردۆتەوە، هاوخەمیی خۆی لەگەڵ ئەو حیزبە دەربڕیوەو ڕایگەیاندووە: ” هەر جۆرە کردەوەیەکی تیرۆریستی لە ژیر هەر پاساوێک و لە لایەن هەر لایەنێکەوە بێت بە توندی مەحکوومی دەکەین”.

هەروەها ڕێکخراوی یاریکورد لە بەیاننامەیەکدا وێڕای مەحکووم کردنی ئەو کردەوە تیرۆریستیە، رایگەیاندووە: ” ئێمە دڵنیاین ئەم کردەوە قیزەونانەی کاربەدەستانی تاران بە دژی روڵەکانی نەتەوەکەمان و تێکوشەرانی رێگای رزگاری کورد و کوردستان درێژەیان هەێە، بەڵام تروریستان و داگیرکەرانی خاکی پیروزی کوردستان دڵنیا دەکەین کە ئەو کردوە قیزەون و ترسەنوکانە ناتوانێ ئیرادەی بە هێزی روڵە و تێکوشەرانی کورد بە چوکدا بێنی، بەڵکوو ئیرادەی گەل و پارێزەرانی وڵات بەهێزتر دەکا بۆ بەرنگاربوونەوەی زیاتر دژی تاریکپەرستانی تاران”.

هاوکات حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران لە راگەیاندراویکدا، رژیمی ئێسلامیی ئێرانی وەکوو ئەنجامدەری ئەو تیرۆرە لەقەڵەم داوەو مەحکوومی کردووەو راشیگەیاندووە: ” ئەم کردەوە تێرۆریستییە جارێکی دیکە نیشانی دایەوە کە تێرۆر و سەرچاوەی تێرۆیزم لەگەڵ هەموو بنەمایەکی ئازادی و مرۆیی ناتەبایە و ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران هەڕەشەیەکی جیهانییە بۆ سەر ژیانی ئینسانی”.

هەروەها پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکیەتی نیشتمانیش لە دوو بەیانانمەی جیاجیادا، کردەوەی تیرۆریستیی دژ بە ئەندامانی (حدک)یان مەحکووم کردووە.

یەکیەتیی نیشتمانی لە راگەیەندراوەكەی مەكتەبی سیاسی‌دا ئەنجامدەرانی ئەو کردەوە تیرۆریستیەی مەحکووم کردووەو راگەیاندووە: “په‌رۆشی به‌ئه‌نجام گه‌یشتنی لێكۆڵینه‌وه‌كانین له‌باره‌ی ته‌قینه‌وه‌كانه‌وه‌. داواش له‌ هه‌ڤاڵانی حیزبی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ین، هاوكاری ده‌زگاكانی ئاسایشی ناوخۆ بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی راستی رووداوه‌كان بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێن و بكه‌رانی رووبه‌ڕووی یاسا بكرێنه‌وه”.

هەروەها شوان داودی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردەوە: ”ڕووداوەکەی دوێنێ 20\12\2016ی کۆیە، دیاریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو بۆ کورد، بەبۆنەی مافی هاووڵاتیبوون لەو وڵاتە کە هەر دوێنێ ڕاگەیاندرا“.

هەروەها فوئاد مەعسووم، سەرکۆماری عێراق تەقینەوەکانی شەوی رابردووی شاری کۆیە بەتووندی مەحکووم کردووە و رایگەیاندووە، دەبێت لێکۆڵینەوەی پێویست بکەن، بۆ دۆزینەوەی ئەو لایەنەی بەرپرسیاری ئەم تاوانەیە”.

لەلایەکی دیکەوە هوشیار زیىاری،  لە تویتێک‌دا، رژیمی ئیسلامیی ءیرانی وەکوو ئەنجامدەر و بکەری ئەو کردەوە تیرۆریستیەی بە دژی پێشمەرگەکانی (حدک) لەقەڵەم داوە.

هەروەها پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە راگەیاندراوێکدا، وێڕای هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدانی ئەو  کردەوە تیرۆریستییە، رایگەیاندووە: ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیە ئامانجیان پشێوى و تێكدانى سەقامگیری و ئارامیی هەرێمی كوردستانە، زۆر بە توندى ئیدانە و سەرزەنشت دەكەین”.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ارگەیاندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردۆتەوە، کە “هەموو هەوڵ و توانای خۆمان دەخەینە گەڕ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى ئه‌م تاوانه‌ تیرۆرستییه‌ به‌ سزای یاساییی خۆیان بگه‌ن. به‌وانه‌شی كه‌ له‌ پشتى ئه‌م تاوانه‌ تیرۆرستییه‌وه‌ن، ڕاده‌گه‌یه‌نین، هەر هەوڵ و پیلانێکی نەخوازراو دژی گەل و نەتەوەکەمان بەدڵنیاییەوە ڕووبەڕووی شکست و پووچەڵکردنەوە دەبێتەوە”.

هەتا ئیستا هیچ کەس ولایەنێک لەلایەن دەزگای ئاسایش و لێکۆلینەوەی هەریـی کوردستانەوە وەکوو ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە نەناسێدراوەو هیچ کەسێکیش لە وپەیونەدییەدا دەستەبسەر نەکراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت