لە بۆکان هێرش کرا سەر دوو بنکەی ڕژیم و دوو جاشیش کەوتنە بەر پەلامار

0
4766

ڕۆژی کورد: بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ناوەندی ڕۆژی کورد، ئەمشەو شەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممە 16ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی لە ناوچەی بۆکان، هێرش کراوەتە سەر دوو مۆڵگەی ڕژیم لەو ناوچەیە.

هێرشی یەکەم کاتژمێر 10:30شەو لە ئاوایی سەرچنار ئەنجام دراوە.

هێرشی دووهەم کاتژمێر 12:10 خولەکی شەو بۆ سەر بنکەی بەسیجی ناچیت ئەنجام دراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند، ئەو هێرشە لە لایەن هێزی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە ئەنجام دراوە و ئەژمارێک لە هێزەکانی ڕژیم کوژراو و بریندارن بەڵام تا ئێستا زانیاریی تەواو لەبەر دەستدا نیە.

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد هاو کات لەگەڵ هێرشی هێزی پێشمەرگە،  دوو خۆفرۆشی کۆنە جاشی ناوچەی بۆکانیش لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە دراونە بەر هێرش.

ناوی ئەو دوو جاشە عوسمان خەبات و عەبدوڵڵا کەربەلایی ڕاگەیێندراوە.

سەرچاوەیەک لە هەڵۆکانی زاگرۆس لە پەیوەندییەک بە ڕۆژی کورددا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە رایگەیاند، هەڵۆکانی زاگرۆس هێرش بۆ سەر ئەو دوو جاشەیان ئەنجام داوە.

بەپێی زانیاریی ئەو سەرچاوەیە، هێرش بۆ سەر جاش عوسمان خەبات هاوکات بووە لەگەڵ هێرشی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر بنکەی بەسیجی ئاوایی ناچیت و هێرش بۆ سەر جاش عەبدووڵا کەربەلایی هاوکات بووە لەگەڵ هێرشی هێزی پێشمەرگە بۆ سەر مۆڵگەی ڕژیم لە ئاوایی سەرچنار.

هەروەها هەواڵەکان لە باژێڕی سەردەشت باس لە کۆنترۆڵی گوندی بنەوخەڵەف لە ناوچەی قاسمەڕەشی سەر بە باژێڕی سەردەشت لە لایەن جاش و پاسدارەکانی ڕژیمەوە دەکەن.

سەرچاوەیەک لەو بارەوە بە ڕۆژی کوردی ڕاگەیاند: “لە ئێوارە درەنگانەوە جاشێکی زۆر هاتوونە  دەوری گوندەکە و گوندیان بە تەواوی گەمارۆ دراوە، دەنگی چەند تەقەیەکیش بیستراوە کە تا ئێستا ڕوون نیە شەڕ وپێکدادان هاتۆتە ئاراوە یان هەر جاشەکان تەقەیان کردووە.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت