ئەلحەریری: حیزبووڵا بۆتە داردەستی ئێران لە سووریە و ئاژاوەگێڕی دەکات

0
591

ڕۆژی کورد:  بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی “ئەلغەد” سەعد ئەلحەریری سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان لە میوانی بەربانگی سەفیرەکانی بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە لوبنان لە لێدوانێکدا ڕەخنەی تووندی لە کردەوەکانی حیزبووڵای لوبنان گرت و گوتی: “حیزبووڵا بە ئەمری مەلاکانی ئێران و بۆ پشتیوانی لە ڕژیمی ئەسەد لە سووریە تاوانی گەورەی ئەنجام داون و دواتریش دۆخی سیاسیی لوبنانی ئاڵۆز و قەیراناوی کردووە”.

 حەریری لە درێژەی لێدوانەکەیدا گوتی: “کردەوەکانی حیزبووڵا وایان کرد تا لوبنان بۆ یەکەمین جار لە ناو وڵاتانی عەرەبیدا گۆشەگیر بێ. بە هۆی کردەوە هەڵەکانی حیزبووڵا، یارمەتی ماڵیی وڵاتانی عەرەبی بۆ لوبنان ڕاوەستاوە و چالاکی لە بەشی کشت و کاڵ و گەشتیاریدا کە بەشێکی زۆر لە ئابووری و داهاتووی نەتەوەیی ئێمە لە لوبنانە، لە دەستمان داوە”.

 ئەلحەریری لەسەر لێدوانەکەی خۆی بەردەوام بووە و گوتوویەتی: “حیزبیووڵا نە تەنیا خۆی لە ناو شەڕی سووریە خزاند بەڵکوو لە ڕێگای تۆڕگەلی سەر بە ئێران، لە وڵاتانی عەرەبی وەک عێراق و یەمەن و بەحرینیش، خۆتێهەڵقووتانی کردووە”.

 سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان گوتیشی: “حیزبووڵا بە ئەمری ئێران، پێشنی بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە لوبنان گرت و لە هەر پرۆسەیەکی سیاسیدا کە لوبنان ڕێک دەخات، دەست دەکات بە پێشێلکاری و سەر باان و ئەوەش وای کردووە کە ئێستا نزیک بە ٢ ساڵە و بە هۆی ئەو سیاسەتە سەرەڕۆیانەی حیزبووڵا، لوبنان سەرۆک کۆماری نیە.”

حەریری لە درێژەی ئەو لێدوانەی خۆیدا لەو ژەمە خوانە گوتی: “لوبنانییەکان نایانهەوێ ئێران خۆ لە کار و باری ناوخۆیی وڵاتەکەیان هەڵقووتێنی و نایانهەوێ ببنە ئاوردووی شەڕ و ئاژاوەی ئێران لە سووریە و ولاتانی تری عەرەبی”.

 شایانی باسە کە چەند ڕۆژبەر لە ئێستا سەرۆکی گشتیی بانکی ناوەندیی لوبنان هەواڵی داخرانی ١٠٠ حیسابی بانکیی حیزبووڵا لە لوبنانی بە هۆی ئەو پێشێلکاری و سەرەڕۆییانەی، ڕاگەیاند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت