دوای سەفەری ڕووحانی، ئیتلاعات هەڕەشە لە کرماشانیەکان دەکا

0
559

رۆژی کورد: دوای سەردانی حەسەن ڕووحانی، سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئێران بۆ کرماشان، ٣ ھاوڵاتیی کوردی ئەو شارە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بانگهێشت کران.

بانگهێشتکرانی ئەو سێ کەسە بە تۆمەتی ڕێکخستن و ھاندانی خەڵک بۆ نیشاندانی ناڕزایەتی بەرامبەر بە سەردانەکەی ڕووحانی بووە.

ھەواڵنێری رۆژی کورد لە کرماشان ڕایگەیاند، ناوی یەکێک لەو سێ کەسانە “حەمید ناجی” کوڕی عەلیڕزایە و ئەو سێ کەسە دوای ٣ کاتژمێر لێکۆڵینەوە، ئازاد کراون.

فەرمانگەی ئیتلاعاتی کرماشان بەو ھاوڵاتیانەی ڕاگەیاندووە کە نابێ لە ھیچ کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیدا بەشداری بکەن.

خەڵک لە سەردانی دوێنێی ڕووحانی بۆ کرماشان،  درووشمگەلێک وەکوو “بەرجامی چی نان نیە بخۆین”، “نانمان بۆ بێنە”، “بەخێر بێی بۆ بێکارترین پارێزگا” و ” هەڵاوارد کۆتایی بێنە”، ـیان هەڵگرتبوو.

ناڕەزایەتیی خەڵکی ئامادەبوو لە ستادیۆمی ئازادیی کرماشان، بە ڕادەیەک بوو کە ڕووحانی به ناچاری دەنگی ھەڵبڕی و گوتی :”خۆ گوێم نادەنێ و ھەر قسەی خۆتان دووپات دەکەنەوە. بەم دروشمانە ھیچ شتێک چارەسەر نابێ.”

لە کاتی قسەکردنی ڕووحانیدا، ھەروەھا چەندین جار بۆ ڕێگرتن لە بڵاوبوونەوەی دەنگی ناڕزایەتیی خەڵک، دەنگی ڕووحانی لە تەلەڤزیۆنی فەرمیدا پچڕا.

لە کاتی هاتنی ڕووحانی بۆ کرماشان، بەپێی بانگەوازیی چالاکانی کوردی یارسان، سێ چالاکی یارسان بە ناوەکانی، “سیاوەش حەیاتی، سەید ئەمین عەباسی و نەوشاد تاهیری” بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە هەڵاواردن و زۆرداری لەسەر یارسانەکان و بەناڕاست دەرچوونی بەڵێنییەکانی ڕووحانی و لاریجانی، لێوی خۆیان دووری.

چالاکێکی سیاسیی کورد لە شاری کرماشان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ لەمبارەوە بە ڕۆی کوردی گوت: “چاوەڕوان دەکرێ لە ڕۆژانی داهاتوودا، ڕادەی بانگکردن بۆ ئیتلاعات و تەنانەت دەستبەسەرکرانی هاوشاریان لە کرماشان پەرە بستێنێ”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت