هەر ئێستا لە ئانکارا مانۆرێکی بەرینی هەوایی بەڕێوە دەچێ

0
717

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە بەشی هەواڵی ناوەندی ڕٶژی کورد، ئەمشەو پێنج شەممە ٢٥ی پووشپەڕ لە ئاسمانی ئانکارای پێتەختی تورکیە، مانۆڕێکی بەرینی هەوایی لە ئارادایە.

لە ئێستادا و لە کاتی داڕشتنی ئەو هەواڵە، مانۆرێکی بەرینی هەوایی لە ئاسمانی شاری ئانکارا بەڕێوە دەچێ.

لەو مانۆرەدا فرۆکەیەکی بێ ژماری سەربازی و هەروەها بێ سەرنشین بەشدارن.

تا ئێستا ئامانجی ئەو مانۆرە هەواییە بۆ ڕۆژی کورد ناڕوونە.

لە هەمان کاتدا بە گوێرەی زانیارییەکان، پۆلیسی ئانکارا و ئیستانبووڵ لە ئامادەباشیی تەواو دان.

لە ماوەی دواییدا گۆڕانکارییەکی بەرچاو لە سیاسەتی دەرەوەی تورکیەدا هاتۆتە ئاراوە و لەو ماوەدا جیا لە داوای لێبووردنی ڕەسمی لە ڕووسیە، تورکیە داوای ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ڕژیمی بەشار ئەسەد کردووە کە ئەوە بە واتای دووربوونەوە لە هێڵی وڵاتانی حەرەبی و سووننە و نزیک بوونەوە لە هێڵی سووریە و شیعەیە.

شارەزایانی سیاسیی عەرەب ئەو گۆڕانکارییە دەگێڕنەوە بۆ دەوری ئیسراییل لە سووریە و هەروەها بەرەو سەربەخۆیی و فیدرالی چوونی کوردەکانی ڕٶژئاوای کوردستان.

تاهیر حەسەنی وەند، چاوەدێری سیاسیی دانێشتووی وڵاتی نۆروێژ،  لەمەڕ داوای یاسیی کرانەوەی پەیوەندیی لەگەڵ سووریە لە لایەن تورکیەوە بۆ ڕۆژی کورد دوا و گوتی: “تورکیە دەیهەوێت سوریە یەک پارچە بمێنیتەوە، بەڵام ئیسرائیل خوازیاری بەردەوام بوونی ئەو شەڕەی ئێستای ناوخۆی سووریەیە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە  ئێستا ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەموویان خەریکی سازکردنی بنکەی سەربازین لە کوردستان ڕۆژئاوا”

حەسەنی لەمەڕ داهاتووی ئەو سیاسەتەی تورکیە و چارەنووسی کورد دەڵێ: “پێش بینی زۆر ئەستەم و دژوارە بەڵام من پێموایە تورکیا و پ ک ک دیسان دانیشنەکانیان دەست پێدەکەنەوە، چون شەڕ لەگەڵ پ ک ک، بۆ تورکیە هەم تێچووی زۆرە و هەمیش لە بواری ئابوورییەوە خەسارێکی زۆری لە تورکیا داوە و هەمیش مەترسی بەرەو دابەش بوونی تورکیا لە داهاتوودا یەکجار زۆرە، بۆیە من پێموایە دانیشتنەکان دەست پێدەکنەوە”.

ئە وکارناسە سیاسییە کاروباری خۆرهەڵاتی ناڤین لەمەڕ هۆکاری وەرچەرخانە یەک لە دوای یەکەکانی تورکیا دەڵێ: ” تورکیە لە دژی ئەمریکاو ئوروپا دەستی کردووە بە گۆڕین و وەرچەرخانی دژ بە ڕابردوو لە سیاسەتەکانی خۆیدا، ئێستا تورکیە بەنیازە لە داهاتوویەکی نزیکدا ناسنامە بدات ئەو سووریەییانەی کە لە تورکیە نیشتەجێن، من وای دەبینم کە تورکیە دەیهەوێت لە داهاتوودا  ئەو کەسانە وەک ستوونی پێنجەم  لە ناو خاکی سوریەداو بۆ بەرژەوندیەکانی خۆی بەکار بهێنێت”.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت