هەڵمەتی #من_کوردم_ئێرانی_نیم ، دەستی بە کار و چالاکی کرد

0
1409

ڕۆژی کورد: کەمپەینی کورد، لە ئەمڕۆ سێ شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوییەوە، چالاکییەکی نوێی لە ژێر ناوونیشانی ” #من_کوردم_ئێرانی_نیم” دەست پێکرد.

مەبەست لەو چالاکییە نوێیە، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ شەڕی نەرمی کۆماری ئیسلامی بە دژی گەلی کوردە کە جارێکی تر بە بیانووی هێرشە شانۆییەکانی ئەو دواییانەی تاران، بە چڕی سەری هەڵداوەتەوە.

ئەو هەڵمەتە، دژکردەوەی چالاکانی سیاسی و مافی مرۆڤی و مەدەنیی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات لە دەرەوە و ناوخۆ، بە دژی ئاژاوەگێڕییەکانی کۆماری ئیسلامی و ڕاگەیێنەکانی ڕژیمە کە کوردەکانیان بە داعش و کوردستانیان بە جێگە و پێگەی داعش و تیرۆریسم ناو بردووە.

ئەندام و بەڕێوەبەرانی ئەو کەمپەینە بە شەش زمانی زیندووی جیهان (ئینگلیسی، فەڕانسەوی، ئاڵمانی، کوردی، عەرەبی و فارسی)، باس لەوە دەکەن کە ئەوان کوردن و کوردەکانیش ئێرانی نین و پشتگیری و پشتیوانیی چڕی خۆیان لە سەربەخۆیی کوردستان ڕاگەیاندووە.

ئەندامانی ئەو کەمپەینە، داوایان لە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە تا هاوکار و یارمەتیدەریان بن و کەمپەینەکە بە هی خۆیان بزانن.

کەمپەینی کورد کە بەڕێوەبەری ئەو هەڵمەتەیە، دووپاتی کردۆتەوە کە ئەو کەمپەینە سەربەخۆیە و سەر بە هیچ حیزب و ڕەوت و لایەنێکی کوردی نیە و تەنیا بۆ کوردستان کار دەکات و هەڵویست دەگرێت.

ئەو کەمپەینە تا ئێستا توانیویەتی چەندین چالاکی لە دەرەوە و ناوخۆ بە سەرکەوتوویی بەڕێوە ببات کە لە ناویان دەکرێ ئاماژە بە چالاکی بۆ پشتیوانی لە داواکارییەکانی “محەمەد سدیق کەبوودوەند”، باوکی مافی مرۆڤی کوردستان لە کاتی مانگرتنی و هەروەها کەمپەینی “نا بۆ تانکێری مەرگ” لە مەریوان بکرێت.

یەکێک لە بەرێوەبەرانی ئەو کەمپەینە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەمبارەوە لە وتووێژێک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد، گوتی: “لێکۆڵینەوە زانستییەکانی رێکخراو و پسپۆڕە بێ لایەنەکان، دەریخستووە، کوردەکان نەک هەر ئێرانی نین، بگرە ئاریاییش نین و کوردەکان بەر لە ئاریاییەکان لەو ناوچەیە بوون و دواتر وڵاتەکەیان لەلایەن ئەو کۆچەرە شەڕخوازانەوە داگیر کراوە”.

لە درێژەدا گوتیشی: “ئێمە کوردەکان جیاییخواز نین، بەڵکوو سەربەخۆیی خوازین و بەپێچەوانەی ئەو بانگەشە چەواشەکارانەیەی کە داگیرکەران و دوژمنانمان باسی دەکەن، ئێمە دەمانهەوێت وڵاتی خۆمان ڕێک بخەینەوە و یەکگرتووی بکەین، وڵاتێک کە لەلایەن کۆچەرە شەڕخوازەکانەوە داگیر کراوە و میژووی شێوێندرا و لاڕێ کرا و تا ئێستاش لەت لەتە و بۆتە پێنج پارچە”.

ئەندام و بەڕێوەبەرانی کەمپەینی کورد داوا دەکەن، کوردستانیان ئەو دەقەی خوارەوە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکان بلاو بکەنەوە:

#من_کوردم_ئێرانی_نیم

#من_کورد_هستم_نه_ایرانی

#انا_کردی_لیس_إیرانی

I_am_Kurd_I_am_not_Iranian#

Ich_bin_Kurd_nicht_Iranisch#

Je_suis_Kurde_non_Iranian#

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت