کورتیلە چرۆکی خەیاڵ/هەڵمەت مەعرووفی

0
1224
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

هەرچی ئەو تەنیشت و ئەو تەنیشتی کرد، خەو لە چاوەکانی یاغی ببوو، گڵۆپەکەی پێکردەوە و تا کامپیتێرەکەی هەڵبوو، تووتن و پەڕەکەی داگیرساند، لەسەر کورسیەکە پاڵی داوە و مژێکی تووندی بە گەرووی هەموو ئازار و خەونە بابردووکانی لێدا، خەیاڵ لەو بە هێزتر بوو، هەڵیگرت و بردی.

دەی گوڵەکانم وادیارە ماندووبوون، گۆرانیەک بڵێینەوە، منداڵەکان وەک هەمیشە بە بیستنی ئەو ڕستەیە لە خۆشیان خەنی دەبوون، بەڵێ مامۆستا بێژە. “کراسێ تە مەلەسە هاوەرە لێ هاوەرە لێ هاوەرە لێ، من دابوو بەر مەقەسە جان و جان ئەز حەیران”.

خراپیەکی خەیاڵ ئەوەیە سەرشێتە، ناسرەوێ، لەو پۆلە هەڵیگرت و بردیەوە بن باغە سێوەکەی ئەو بەری سەیرانگەکە. کوڕینە دڵنیاتان دەکەمەوە خەباتی چەکداری دەست پێدەکاتەوە، ئێمە نابێ بێ هیوا بین، ڕاستە جاش و جاشولکە خواردیانین بەڵام دەبێ بڕوامان بە حیزبەکەمان هەبێ و….

نەخێر بەو نیوەشەوە، نا نیوە شەو نا، بەو دەمەو مەلا بانگدانە، نا کاکە خۆ لێرە مەلای لێ نیە تا بانگ بدا بە قەولی نەنکم کافرستانیە، خەیاڵ دەستەمۆ کردن کاری کەس نیە. دیسان خەیاڵ بازێکی دا، سیروان تۆ لەو سەری کۆڵانەکە بوێستە، کامڕان تۆش ئەو سەری کۆڵان، ئەگەر زانیتان کەسێک دێ فیتوو لێدەن، لە ناو کۆڵانەکەش کەسێک هات، بڕٶن نیگەرانی من مەبن، دەمانچەکەم دڵنیایە، ئێستا ئێعلامیەکان تێدەهاوێمو  دێمەوە.

خەیاڵ هەر ئۆقرە ناگرێ، سەیریش وایەلە کوێ بنیشێ هەر دەچتەوە بن پۆلە مەیلەوڕووخاوەکانی قوتابخانە، شیلان گیان، بابۆ کا رابە شیعرەکە کوردی بۆ من بێژە، شیلانی منداڵکارە بە چاوە کەسکە مەیلەو شینەکانی و بە شەرمەوە هەڵدەستێ، “مامۆستا کیشکێ بێم”، “فەرق ناکەت بابۆ یەکێ بێژە”، زنار قامکێکی تێدەکوتا “ئەوا دۆهێ بخینەوە”، شیلانی شەرمێون دەستی پێدەکرد “هۆ ئەستێرکا ئەسمانێ هۆ شیرینێ جوانێ، کەنیا تە چەند شیرینە بۆ زارۆکا بخینە، زارۆکێن کوردستانێ، سوورگولێن سەر جیهانێ، بلا ولات ئاوا بیت، دلێ مە کوردا شا بیت”.

وەک ئەوەی بێتەوە هۆش خۆی لەبەر خۆیەوە گوتی: “ئای ئای لەو غوربەتە چۆنی دەست لە بینە قاقە ناوم، یادت بەخێر کاکۆ کوتت کوڕە دێموکرات ئێستا مەیەوە بڕۆ بۆ هەندەران کاتی گەڕانەوەی تۆش دێتەوە”. بەو خیاڵە بزرکا، لە جگەرەکەی ڕەشتر بوو، بزەکەی سەر لێوی ژاکا دەتکوت کانی بەر بەڕۆژێیە لە هاوینە درەنگانێکدا ویشکی کردووە”.

چاوێکی لە کامپیوتێرەکەی کرد، ماوسەکەی وردێک هێناو برد، دەتکوت لە شتێک دەگەڕێ، نا لە هیچ نەدەگەڕا، ئەوەی هەیبوو دۆڕابوو، بیرێکی لە خۆی کردەوە، ئەرێ من لە کوێی ئەم جیهانەم، خۆ مامۆستای زمانیش بە سەعات خۆی هێنا و برد تا پێی بڵێ کاکە تۆ وڵاتت نیە نە ئەو سەرئێشە چیە سازت کردووە و دەڵێی “Ich komme aus Kurdistan”، من خەڵکی کوردستانم. بەڵام خۆ ئەو سەرڕەقتر لەوەی بوو قسەی مامۆستا هیچ، قسەی خوداش قەبووڵ بکا کە ئێرانیە نەک کوردستانی.

بیرێکی لە خۆی کردەوە، ویستی مژێک لە جگەرەکەی بدا، ئەرێ هەر بەڕاست من کوردستانیم؟ ئەوجار ئەقڵ و خەیاڵ کەوتنە شەڕ، سیلەیان لێکتر گرت، شیر و تیریان لێکتر دەسوو، بەڵێ کوردم، نەخێر نی، ئاخر بۆ نیم؟ دەی نیە بۆیە نی. نا هەم، نەخێر نی.

بە کوردستاندا سووڕاوە، وڵاتێکی پێنج لەتی بێ خاوەنی خاوەن گەندەڵی سەد دەستەمۆی هەزار حیزبی یەک ملیۆن هەمە کارەی تێکقرماو.

خەیاڵ وەک شەوە دەستی لە بینەقاقای نابوو، دەستی ئەقڵی بەردا، خۆ کەس بە خەیاڵ نەبووە بەماڵ بەڵام چ لە ئەقڵ بکا کە لە ئاوارەیی زیاتر بەدوایەوە نیە.

بیری لێدەکردەوە بیر لەو هەموو ساڵە کە هاتن و چوون، چاوەێکی بەو چەند وێنەیەدا خشاند کە لە هەموو تەمەنی مابووی، هەندێک وێنەی دەهاتنەوە بیر کە نەمابوون، بۆ مەگەر وێڵی و ئاوارەیی وێنەت بۆ دەهێڵێتەوە، ئاوارە و وێنە؟

خەیاڵ، هەرزاڵی لەسەر دڵی هەڵبەستبوو، هەرزاڵێ براکەم هەرزاڵێ، هەرزاڵ چاترە لە ماڵێ. باخەوانەکەی بێ سەرمایە خۆم…….. ئەرێ بەڕاستی ئەو گۆرانیە من دامناوە یان بۆ منیان داناوە؟ هەر خۆم ماڵ وێران ڕەنج بە زایە خۆم.

وەبیری هاتەوە تافی لاوەتی دەستی کرد بە شیعر و چیرۆک، دەینووسی و بۆ ئەم و ئەوی دەخوێندەوە، یۆنس و حەبیب و شاهۆ و … زۆر جاران شیعرەکانیان دابوو بە کچان و دڵیان دزیبوون، خۆی قەتی خێر لە شیعرەکانی نەدیبوو، جارێکیان دۆستەکچەکەی یۆنس کوتبووی تۆ قورئان ئەو شیعرانە هی ئەو کوڕە ناشیرینەن، یۆنسیش بە دەم بزەو پێکەنینەوە بۆی گێڕابۆوە.

خەیاڵ هەر دەهات و هەڵدەگەڕا و هەڵدەگەڕا و داگەڕانی نەبوو، هەموو تاوانەکە لە ئەستۆی دایکی بوو، ئاخر بڵێ دایکی چاک بۆ لە جیاتی لایەلایە و حیقایەت و چیرۆکی شەو “دەستەی کەریم خاڵداری، ئەرتەش گەیشتە شار”، “دێموکرات ڕێبەرمانە، هیوایە ڕزگارکەرمانە”ت بۆ دەکوتم، ئاخر نەتدەزانی ڕۆژێک دێ ناتبینمەوە، ئاخر دایە گیان چیت “لە قەندیلی سەربەرزەوە، وڵامت بۆ دەنێرمەوە” دابوو، نەتدەزانی قەندیلیش دەبێتە تەراتێنی کوردکوژی و منیش قەت نیشانەم باش نیە. ئاخر دایە گیان بۆ تەندەزانی لەو ڕێگایە هەر ڕٶژ دەبێ خەمی هاوڕێیەک لە کۆڵم بنێم؟ بۆ دایە نەتدەزانی لەو ڕێگایەدا چەندەی دڵسۆزتر بی ئەوەندەش زیاتر هەڵتدەشێلن و دەتجاشێنن؟.

خەیاڵ وازی نەدەهێنا، دیسان خولێکی لە قوتابخانە داوە، یەکێک لە قوتابیەکان میزی بە خۆیدا کردووە، دەبێ ئێستا دیسان یاریی چاونوقاندن و خۆشاردنەوە بە منداڵان بکەمەوە تا ئەو کچە فەقیرە بچتەوە و جلەکانی بگۆڕێ، نەکا کە گەورەبوو ناوی میزکەری بەسەردا ببڕێ.

خەیاڵ کۆڵ نادا، خەیاڵ زۆر زاڵمە، با چیتر بەدوای خەیاڵی خۆمدا پەلکێشت نەکەم خوێنەری ئازیز، ئەو خەیاڵە دوورە، لێیگەڕێین باشترە با هەر بڕوا، خۆ ئەمشەویش چیتری لە شەوانی تر کەمتر نیە با خەو هەر نەیە، فەرموون چایی ئامادەیە، کورد بەر لە خەو دەبێ چایی بخواتەوە ئەگینا خەوی لێناکەوێ، خۆ کورد وەک کەس نیە، خەڵکانی تر چاییان خوارد، خەویان دەزڕێ، کورد چایی دەخوا و خرپ دەخەوێ

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت