بەلارێدابردن و گشتاندنی خەباتی مەدەنی لە پێناو چ ئامانجێکدا

0
192

نووسەر: هەڵمەت مەعرووفی

هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

خەباتی مەدەنی و کەڵک وەرگرتن لەو خەباتە بەربڵاوە و هەروەها شێوازەکانی بەڕێوەبردن و چاوەدێری ئەم خەباتە، خۆی باسێکی تەژی و بەربڵاوە و هەویرێکە، کورد گوتەنی ئاوێ زۆر دەبا. بەڵام ئەوەی ئێستا لە ناو

لایەنێک لە کوردەوە بەناوی خەباتی مەدەنی باسی ڵیوە دەکرێ، دوو تایبەتمەندی زەق بەخۆیەوە دەبینێ و دەگرێ:

یەک: سڕینەوەی بەشێکی بەرچاو لە خەباتی مەدەنی و نکوڵی لێکردن لێی و زەق کردنەوەی بەشێکی (کە زۆرتر ژینگەپارێزییە).

دوو: کردنی خەباتی مەدەنی بە ئالترناتیڤی خەباتی چەکداری و نکوڵی کردن لە سەرجەم شێوازەکانی تری خەبات و بەتایەبتی خەباتی چەکداری بە بیانووی بوونی خەباتی مەدەنی (کە من لێرەدا ناوی دەنێم ژینگەپارێزی)

هەروەک نووسەری ئەم دێڕانە لە بابەتێکی تردا باسی لە خەباتی مەدەنی کردووە، جین شارپ لە کتێبەکەی خۆدا بە ناوی (لە دیکتاتۆرییەوە تا دێموکراسی) باس لە شێوازە ناتووندئاژوێیانە و بە واتایەکی تر، شێوازە نەرم و نیانەکانی خەبات بە دژی دیکتاتۆر و هەوڵ دان بۆ لە ناو بردن و ڕووخانیان دەکات و لای وایە کە ئەوم شێوازانە زۆر باشتر و کارامەترن لە شێوازە تووندئاژوێیانە و ڕەق و چەکدارییەکان.

شارپ لە بەشێک لە کتێبەکەیدا لەمەڕ ئەو شێوازانەوە دەنووسێت: کردار و چالاکییە ناتووندئاژوێیەکان بەسەر سێ بەش و تاقم دا دابەش دەبن کە بریتین لە: دەنگ هەڵبڕین و هاندان، خۆ بواردن لە هاریکاری کردن و هێڕش.

هەروەها دەنووسێ: (54 شێوە) هەیە کە لە شێوازی دەنگ هەڵبڕین و هاندان دا کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت. شێوەکانی شێوازی خۆبواردن لە هاریکاریش، دابەش دەبن بە سەر سێ تاقم دا: هاوکاری نەکردنی کۆمەڵایەتی (16 شێوە)، هاوکاری نەکردنی ئابووری (26 شێوە)، هاوکاری نەکردنی ڕامیاری (38 شێوە)، هەر وەها لە شێوازی هێڕش بردنە سەریشدا (41 شێوە) مان هەیە کە دەتوانین بە کاری بێنین.

ئەگەر چاو لەو شێواز و دەستەبەندیانەی بکەین دەبینین کە هاوکاری نەکردنی ئابووی، هاوکاری نەکردنی ڕامیاری و هەروەها شێوازگەلی هێرش بردنە سەریش بوونیان هەیە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە کوردستانی خۆرهەڵات بەدی دەکرێ و زەق دەکرێتەوە تەنیا خەباتی ژینگەپارێزییەو زۆر کەس و لایەن و نووسەر گەرەکیانە ئەو خەباتە (کە یەکجار جێگای ڕێزە، هەرچەند لە هەندێ شوێن دەوڵەت دزەی لەو خەباتەش دا کردووە) بەسەر سەرجەم شێوازەکانی خەباتدا بگشتێنن و بە ناوی پاراستنی ئەم لقە ناسکە لە خەبات، سەرجەم خەباتەکانی تر بە زیانبار، خیانەتکاران و نەشیاو و نەگونجا لە قەڵەم دەدەن.

ئەوەی لێرەدا تێبینی دەکرێ شێوەی ئاراستە کردنی نووسەرانی ڕژیم یان مەیلەو سەر بە ڕژیمە. نووسەرانێک کە ساڵەهایە ئەسپی سەرکەشی پێنووسیان بە ناوی ڕەخنە لە حیزبە کوردییەکان تاو دەدەن و کەس نیە بەرەنگاریان بێتەوە، هەر ئەوانەی کە حیزبە کوردییەکانیان بە کەمپ نشین، ئوردوگانیشتن، کۆنەپەرەست، دوور لە کۆمەڵگا و هێزی چەند دە کەس  لە قەڵەم دا و بانگەشەی ئەوەیان کرد کە کەلێنێک لە ناو ڕووناکبیرانی ناوخۆ و دەرەوە هەیە، هەر وەک ئەوەی کە هەر کەس لە ناوخۆ بێ دژ بە حیزبەکانە و هەر کەسەش لە دەرەوە بێ ئەوە سەر بە حیزبەکانە، ئەو دابەشکارییە یەکجار جێگای گومان و یەکجاریش دژەنەتەوەییانە بوو کە تەنیا لە قەڵەمەکانی سەر بە ڕژیم دەوەشێتەوە کە مخابن بە هۆی گێژەڵووکەی “حیزبی من حیزبی یەکەمە”،ئەو کەسانە لە زۆر میدیای ئێر و ئەویش دەرکەوتن و نیوە قارەمانێکیشیان لێ درووست کرا کە بە خۆشییەوە شەممی سیاسیی تیژی کورد زۆر جار بەرەنگاری ئەو پەیکەرە لەرزۆک و نایلۆنییانە بۆوە..

خەباتی مەدەنی بە مەرجێک هەمە ڕەهەند بێ، هەمان خەباتی سیاسییە، بەڵام کاتێک کە سەرجەم لقەکانی دەشکێتندرێ و یەک لقی زراوی سەد چەقڵ و دڕوو پێوەی لێ دەمێنێتەوە ناتوانی بە خەبات بۆ نەتەوەیەکی چەوسێندراوە ئەژمار بکرێت. دەکرێ بپرسین چۆنە تا ئێستا باس لەوە نەکراوە کە دەبێ خەباتی مەدەنیی کورد وەک زۆربەی وڵاتانی تر کە شۆڕشیان کردووە، بکێشرێتە قۆناغی سەرەڕۆیانەی خۆی (بەڵام بی چەک)، چۆنە هەر کات کە دەنگ هەڵبڕینێکی مەدەنییانە دێتە ئاراوە، ئەو دەنگە چالاکیی مەدەنی خوازانە کپ دەبن و دەچنە بەرەی دژە حیزبەکانەوە و بە کارێکی تێکدەرانەی دەزانن و دەیکەنە دژە نیزام و گێرەشێوێن؟

بەر لە هەر شتێ دەبێ بزانین داواکاریی کورد، داوایەکی سیاسییە، داوا بۆ مافێکی زەوت کراو و هاوار بۆ داپەڕاندن و ڕاماڵینی داگیرکەرەو ئەوە دیسکۆرسی کورد بووە و هەیە، کورد (حیزب و شەقامەکەی) داوای مافی خۆی دەکا جا ئەو مافە چ ئۆتۆنۆمی بێت، چ فیدرالیزم و چ سەربەخۆیی کە ئیتر ئەوە جەماوەی خەڵکی کوردستانە خۆی بڕیار دەدا هەرچەند گشتمان ئاسۆی خەون و خەباتی کورد خاستر لە هەر کەس دەزانین و داگیرکەریش ئەوە باش دەزانێ بۆیەش تەنانەت دزەی کردۆتە ناو خەباتی ژینگەپارێزیشەوە.

شکاندنی قەڵبەزی کەو، کوژاندنەوەی ئاگر، دانانی ئەنجوومەنی ئەدەبی، دانانی کلاسی زمانی کوردی، دانانی فستڤالی شیعر حەیران و …تاد، شکاندنی چەکی ڕاو، بەردانی کۆتر و باڵندە، ڕۆکردنی گەنم و دان بۆ باڵندەکان و چاندنی نەماو  …تاد، کە هەر هەمووی جیا لە بەشی ئەدەبییەکەی، ژینگەپارێزییە، خەباتێکی ڕەوا، جێگای ڕێز و مایەی شانازییە بەڵام نابێتە هۆکارێک بۆ کڕ و کپ کردنی لایەنەکانی تری خەباتی چەکداری و خەباتی مەدەنی، ئەویش لە کاتێکدا کە دوژمنەکەی تۆ ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر لە پێشوو لە بوای چەکەوە خۆی تەیار دەکات و سامانەی مووشەکیی ئێس -٣٠٠ لە ڕووسیە دەکڕێ و هەر ڕۆژ جارێک بنکەیەکی مووشەکی و مانۆرێکی سەربازی ڕادەگەیێنێ و ٣٧ ساڵە بە ناو ئەمنیەتی بوونی کوردستان لە هیچ کوشتار و سەرکوت و هەڵاواردنێک خۆی نەبواردووە. ئایا خەباتی ژینگەپارێزی لە هەمبەر ئێس – ٣٠٠ وڵامدەرەوەیە؟ ئایا تا ئێستا یەک نوێنەری کورد لە پارلمانی ئێران باسی لە پڕچەک کردنی کوردستان یان پێویستیی ئەو هەموو چەک و چۆڵ کڕینەی لە لایەن دەوڵەت و ناردنی هێزی سپا و کڵاو سەوزەکانی بۆ سووریە کردووە؟

جێگای خۆیەتی لە خۆمان بپرسین، چۆنە هەر ئەو نووسەرە پێنووس بێ سەرانە، لایەنگری لە خەباتی ژینگەپاریزی دەکەن و بە گەشەی سیاسی و هزر و ڕەفتاری کۆمەڵایەتی کوردی پێناسە دەکەن (کە لە ڕاستیدا وایە)، ئەدی چۆنە هەر ئەوان بۆ داخستنی بازاڕەکانی شارەکانی بانە، مەریوان و سەردەشت بیدەنگن؟ یان چۆنە کوشتاری کۆڵبەران هیچ دەنگ و ڕەنگدانەوەیەکی لەلایەن ئەو خەمخۆرە بە ڕواڵەت ڕەنگ زەردانەی گەلی کورد نیە؟ ئایا کورد دابەش کراوە بە کوردی باش و خراپ و ئەمانەی کە دەوڵەت دەیانکوژێ کورد بۆر و خراپن و ئەوانەی وەک ئەمان بیر دەکەنەوە، کوردی باشن؟

ئەدی چۆنە ئەوان کە بانگەشە بۆ پارلمان و دەنگدان بە خەباتی مەدەنی و سیاسی دەزانن و تەنانەت بەیانیەی بۆ دەدەن و کەمپەینی بۆ وەڕێدەخەن و دەمی بڵنگۆکانیان تیژ دەکەن و دەبنە هەللاجی هەزار چەرخی ئەم دەزگایە بۆ دەنگدانی زیاتری خەڵک، بەڵام تەنانەت بۆ “کەمپەینی بەرگری کردن لە کانی بڵ” نووزەیان نیە و لووزەوەیان نابەنە سەر؟

چۆنە ئەوان کە چینێکی نووسەر و ڕۆژنامەوان و سیاسین، تا ئێستاش لق و شێوازەکانی تری خەباتی مەدەنیان نەک لە بیر نیە بەڵکو بە هەوڵی تێکدەرانەی دەزانن و ڕووداوی فەریناز و داخستنی بازاڕەکانی ئەو شارانە و کوشتنی کەسانی خۆفرۆش و …تاد بە تێکدانی خەبات دەزانن و دەستاوبەجێ نووکی تیژی ڕەخنەیان لە حیزبەکان دەگرن کە ئەوان ئاژاوەگێڕن و دەیانهەوێ بۆ نیشاندانی خۆیان (خۆیەک کە بە گوتەی ئەوان بوونی نەماوە، هەمان قسەی ڕێبەرەکەیان کە کوتی حیزبەکان مونحەللەن)، ئاوەکە لێڵ بکەن و موزاحیمی ئەوانن کە خەباتگێڕی ڕاستەقینەن؟.

ئەنجام:

لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بەتایبەت کە خەباتی چەکداری دەیهەوێ فرنچک بگرێتەوە، زۆر کەس بە بیانووی خەباتی مەدەنی، خەباتی چەکداری ڕەد دەکەنەوە، بەڵام پێویستە جارێکی تر وەبیر خۆمان بێنینەوە کە ئەوەی کە لە کوردستانی خۆرهەڵات لە ئارا دایە، بەشێکی یەکجار کەم و نزمە لە خەباتی مەدەنی و تا خەباتی مەدەنی بە لقەکانی تریەوە نەیەتە ئاراوە هیچمان لە هیچە و بۆ پشت پێ بەستن نابێ. خەباتی مەدەنییەک کە خۆی لە یەک لقی ژینگەپارێزیدا ببەستێتەوە دەتوانێ زۆر جار لاڕێ کردنی خەباتی ڕاستەقینەش بێ و ببێتە مەودایەک کە گەنجەکان و کەسە بە هەستەکان خۆیانی تێدا سەرقاڵ بکەن و دڵیان بەوە خۆش بێ کە خەبات دەکرێ.

لە هەمان کاتێشدا لە بیرمان بێ کە بەشێکی زۆر لەو خەباتە ژینگەپارێزییەش لە لایەن خودی دەوڵەتەوە ڕێنمایی و ڕاسپاردە دەکرێ، دەوڵەت بۆ ئەوەی کە هەر جۆرە هەناسەیەکی کورد کپ بکات، لە لایەن کوردەکانی ناو ژوورە فکرەکانییەوە پیلانێک دادەڕێژێ و ئالترناتیڤێک دادەنێ، هەروەک بینیمان بە بیانووی جەژنی نەورۆز، چۆن هێماکانی خۆی بردە هەندێ شوێن و هەروەک دەبینین لە هەندێ شوێن کەسانی سەر بە دەوڵەت ئەو ئەنجوومەنانە بەڕێوە دەبەن یان بە گوێرەی زانیاری تەواو پێش بە ئەنجومەنی پێشگیری لە تووشبوون بە مادەی هۆشبەر دەگرێ بەڵام بنکەکانی وازهێنان لە ماددە هۆشبەرەکان (کە زۆربەیان مەکۆیەکن بۆ تووشبوون و بازرگانی پێوەکردنی ئازاد) ڕوو لە زیاد بوونن.

ئەوەی ڕاستی بێ خەباتی مەدەنی کە ئیستا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە هێشتا نە گشتگیرە و نە هەمە ڕەهەند، کەواتە هیچ بیانوویەک نیە بۆ کپ کردنی خەباتی چەکداری و شێوەکانی تری و هەر پاساوێک لەو ڕاستایەوە، هاوئاهەنگی و هاوهەنگاویە لەگەڵ ڕژیم و داگیرکەران و دیسکۆرسی سواوی ئەوانە. لە هەمان کاتێشدا لە بیرمان بێ کە دەم ڕاستەکانی ئەو دیسکۆرسە و دەست و پێوەندەکانیان هەر لە ناوخۆ نین و لە دەرەوەش بوونیان هەیە کەواتە دەبی ئاگاداریی هەمە لایەنەمان لە پرۆپاگەندەکانیان هەبێ و بۆ پێشەوە بێ ڕاوەستان.

لێرەدایە دەبێ لەو کەسانە بپرسین: لە پێناو چ ئامانجێکدا دەستیان داوەتە بەلارێدا بردن و گشتاندنی خەباتی مەدەنی لە کوردستانی خۆرهەڵات؟

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌