شرۆڤەیەک لەسەر دۆخی ئێستای جیهان و گۆڕانکاریەکان دوای بڕیاری ئەمریکا لەمەڕ ئیسراییل و فەلەستین

0
65
هەڵمەت مەعرووفی

قودس یان ئورشەلیم، لەلایەن دەوڵەتی ترامپ و ئەمریکاوە، وەک پێتەختی ڕەسمیی ئیسراییل ناسێندرا، بڕیارە باڵوێزخانەی ئەمریکاش بچتە ئەو باژێرە بەڵام دەگوترێ، ترامپ تا شەش مانگی تر وەدوای خستووە. ئەو بەڵێنیەک بوو کە ترامپ، لە سەردەمی هەڵبژاردنەکان دابووی. سەرۆک کۆمارەکانی پێشووش ڕێک ئەو بەڵێنیەیان دابوو بەڵام لە دوو دەیەی ڕابردوودا، هیچ کامیان توانایی و بوێریی جێ بە جێ کردنی ئەو بەڵێنیەیان نەبوو، تا ئەوەی کە ترامپ کردی و وەک خۆشی کوتی: “ئەوە مافی گەلی ئیسراییلە و من ئەو کارەم جێ بە جێ کرد”.

توبیاس هۆخ، ڕۆژنامەوانی ئاڵمانیی دۆستی کورد کە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، لە زۆربەی کارەساتەکان لەگەڵ نەتەوەی کورد بووە و تەنانەت بۆ کارەساتی کرماشانیش یارمەتی کۆکردەوە لە وتارێکدا نووسیویە: “قودس پیتەختی ئیسراییلە، هەمیشە واش بووە، ئەوە یاسایەکە کە ناتوانێ بگۆڕدرێ کە دەبێ باڵوێزخانەکان لە پێتەختی وڵاتەکان بووە، تەنیا لە ئیسراییل وانیە، ئیرسییل هەر لە سەرەتاوە تایبەت بووە، وڵاتێکی ئازاد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، وڵاتێکی ئازاد کە خەڵک دەتوانن تێید گەشە بکەن.

هۆخ دواتر دەنووسێ: “لە ئیسرایی، یاسا بەپێی یاسا و مافی جیهانیە نەک بەپێی شەریعەت، لەوێ ئیسراییل ژنان و پیاوان وەک یەک مافیان هەیە.ئەوە تەنیا چەند نموونەیەکە لە ئیسراییل کە دەریدەخا ئیسراییل لەگەڵ وڵاتانی تر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست جیایە”

لەمەڕ دژکردەوەکانیش لە هەمبەر ئیسراییل و ئەمریکا، ئەو ڕۆژنامەنووسەی دۆستی کورد دەڵێ: “جیهانی ئیسلام لە هەمبەر بڕیاری ئەمریکا بۆ ڕاگواستنی باڵوێزخانەکەی بۆ ئورشەلیم و بە فەرمی ناسینی ئورشەلیم وەک پێتەختی ئیسراییل، زوو کاردانەوەی خۆی نواند، لەو ناوەدا بەر لە هەموویان، دوو کەس لە پشتیوانەکانی تیرۆر دەنگیان هەڵبڕی. یەکیان مەحموود عەباسە کە خۆی بە نوێنەری فەلەستینەکان دەناسێنێ و  ئەوی تریان  ڕەجەب تەییب ئەردۆغانە کە خۆی ناو ناوە خەلیفەی مسوڵمانان. مەحموود عەباس، تێچوو و یارمەتی دەدا بە کەس و کاری تیرۆریستە کوژراوەکان و ڕەجەن تەیب ئەردۆغانیش، یارمەتیی تیرۆریستەکان دەدا و بەتایبەتی یارمەتی و پشتیوانیی داعش دەدات.”

لەناو کورداندا و بەتایبەت لەناو چالاکانی کوردی ڕۆژهەڵاتیش، کاردانەوەکان دوو جۆرن، کە پێدەچێ یەکیان هەستەکی و بێ خوێندنەوەی مێژوو و هاوپەیمانیی ڕاستەوخۆی ئیسراییل لەگەڵ بەشێک لە کورد و هەبوونی پتانسیەلی هاوکاری لەگەڵ بەشێکی تری کوردەوە بێ و زیاتر هەوڵ دەدرێ شاعیرانە یان مرۆڤدۆستانە خۆی بنوێنێ و خوێندنەوەیەکی دیرۆکی لەتەکیدا نابیندرێ.

دەلاقە ڕوانینی دووهەمیش، هاودەنگە لەگەڵ بڕیاری ئەمریکا و دەگەڕێتەوە سەر دوو باس لە مێژوویی کە یەکیان خاوەندارێتیی ئەو خاکە بۆ ئیسراییلیەکان و لە ئورشەلیمەوە ڕابوونی مووسا و عیسا و دواتر ڕوووەرسووڕاندنەوەی پێغەمبەری مسوڵمانان لە بەیتولموقەدەس و هەڵبژاردنی مەکە وەک ڕووگەی مسوڵمانان دەکات.

هەرچەند لە سیاسەتدا، هێز و بەرژەوەندی قسە دەکات و لە هەمان کاتیشدا ئەو شتە واقعە کە هەیە نەک ئەوەی کە دەبێ، واتا سیاسەت بەپێی ریالیسم دەکرێ نەک ئایدیالیزم و ئێستاش واقعی ڕووداوەکان دیارە، بەڵام لە ڕوانگەی نووسەرەوە ئەوەی گرنگە ئەوە نیە کە ئورشەلیم ماف و خاکی کێیە و کوردیش زۆر پێویست ناکا لەو کارەوە بگلێ چون کورد ئێستا لە بێ پشتیوانی دایە و دەبێ هەوڵ بدا پشتیوان لە دوو لا کۆبکاتەوە، چ وڵاتانی عەڕەبی و چ ئیسراییل و ئەمریکا.

باسی سەرەکی ئەوەیە کە گەڵاڵەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەستی پێکردووە، ئەو گەڵالەیە ساڵەهایە بە ناوی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست باسی لێوەدەکرێ بەڵام پێدەچێ تازە پێی نابێتە قۆناخی جێ بە جێ کردنەوە و یەکەم هەنگاویشی لە ئیسراییلەوە دەستی پێکردبێ کە خۆی، هەنگاوەکانی دواتر دەخوڵقێنێ. باسێکی تریش، هێرشە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسراییلە بۆ سەر سووریە و پێکانی بنکەکانی ئێران و بێدەنگیی ئێران لەو بارەوە.

لەمەڕ خودی فەلەستین و دژکردەوەکانیش لە هەمبەر ئەو بڕیارەی ئەمریکا، دوو خاڵ جێگای سرنجن:

یەک: بێدەنگیی سعوودیە و کزبوونی دەنگی میسر

دوو: وەرەزبوونی فەلەستینیەکان لەو دۆخە و قەبووڵ کردنی بەربڵاوی ئەو ڕاستیە کە دەبێ ئەو دۆخە کۆتایی پێ بێ، تەنانەت ئەگەر بە لەدەست دانی بەشی ڕۆژهەڵاتی ئورشەلیمیش بێ.

ڕێپێوانی ئەمڕۆی فەلەستینیەکان، لە چاو ئینتفازە و ڕاپەڕینی ساڵان، زۆرتر لە ڕێپیوانێکی بچووک دەچو کە تێیدا ١٩ کەس بریندار بوون و زووش کۆتایی پێهات. ئەوە لە حاڵێکدا بوو کە ئیسماعیل هەنیە، ڕێبەری حەماس، بانگەوازی بۆ ئینتفازە یان ڕاپەڕین داوە.

ئێرانیش کردەوەکانی زۆر شلترن لە ساڵان، ئێران باش تێگەیشتووە کە سعوودیە، دەسەڵاتی خۆی بەسەر هەموو عەڕەبەکاندا سەپاندووە و ئەوە دوای دوایین کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی سعوودیە لە میسر بوو و زانیارییە نهێنیەکان باس لەوە دەکەن کە مەلیک سەلمان و ترامپ، بە عەباسیان کوتوە کە دەبێ ئەو بڕیارە قەبووڵ بکات و باژێڕی “ئەبوودیس” وەک پێتەختی فەلەستین قەبووڵ بکەن و هەڵبژێرن.

مەحموود عەباس، ڕێبەری حکومەتی خودگەردانی فەلەستین دەڵێ، ترامپ بە تەلەفوون پێی ڕاگەیاندووم کە حەتمەن باڵوێزخانەی ئەمریکا بۆ ئورشەلیم ڕادەگوازێ.

گۆڕانکاریەکان لە ناوچە و جیهان دەستیان پێکردووە، وەک جەرید کۆشنێر، زاوای ترامپ دەڵی، دەبێ ئەو گەڵاڵە و رەوتە تا سەقامگیرکردنی ئاشتیەکی درێژخایەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەردەوام بێ و دەست تێوەردانەکانی ئێران لە ناوچە بنەبڕ بکات”.

لە چەند ڕۆژ یان مانگی داهاتوودا، بە دڵنیاییەوە چاوەڕوانی چەندین ڕووداو و گۆڕانکاریی بەربەرین دەبین. ئێران تا ئێستاش باس لەوە دەکا کە بە هیچ شێوەیەک، ئیسراییل هێرشی نەکردۆتە سەر بنکەکانی وی لە سووریە.
کارناسانی سیاسی لایان وایە، ئەوە بەو واتایەیە کە ئێران نایهەوێ لەگەڵ ئیسراییل تووشی شەڕ بێ. چون ئەگەر بێت و لەگەڵ ئیسراییل تووشی شەڕ و پێکدادان بێ، ئەوا وەک شەریکێکی سیاسی لە ڕووداوەکانی ناوچە دەوری نابێ و دۆڕاوی سەرەکی دەبێ.

کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە هەموو تەمەنی خۆیدا، لە دوای ٢٠١٥ و ڕێکەوتنی بەرجام ، توانیویە بێ بە شەریکێکی دیپلۆماتیک لە ناوچە و دەوری هەبێ، ئێستا حەز ناکا و نایهەوێ ئەو دەورە لە دەست بدات.

پرسیاری من، هەمدیسان، وەک لە زۆربەی نووسینەکانی تری ئەو دواییانەمدا نووسیومە، ئەوەیە کە “گەلۆ حیزبەکان و کوردی ڕۆژهەڵات، ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گۆڕانکاریەکان”؟. ئاماژەکان دەڵێن نەخێر. پرژوبڵاویی ناو ماڵی کورد، هەوڵی سەیروسەمەرەی سیاسیە کوردەکان، وەدوای ئۆپۆزیسیۆنی نیوەگیان یان مردوو یان تازەخەواڵووی گوماناویی فارس کەوتن وەک تەبەرزەدیەکان، نەبوونی هیوا بەپێکهێنانی هێزی هاوبەش، نەبوونی هیوا بە سازنوونی پلاتفۆرم، بێسەرەوبەرەیی لە ناو ئەندامانی حیزبەکان لە دونیای مەجازی، جێگابۆخۆکردنەوەی جاش قەڵەمەکان لە ناو خەڵک و ئەندامانی حیزبەکان لە دونیای مەجازیدا، بۆ نموونە کاناڵی ناسیۆنالیسمی کورد کە کاری سەرەکیی ئەو کاناڵە، بوغزاندنی کوردستانیان و کەسانی نیشتمانپەروەرە، زیاتر لە ٢٥ هەزار ئەندامی هەیە و تەنانەت خۆی خزاندۆتە ناو ئەندامانی حیزبەکان و زانیاریی نهێنی وەرگرتووە و هەڕەشە دەکات کە بڵاویان دەکاتەوە. هەرچەند بەپێی قسەکانی پێشوویان، زانیارییەکی درووست و متمانەبەخشیان پێ نیە و زیاتر تیرۆری کەسایەتیە بەڵام بەپێی بەڵگە دیارەم ناوی کەسانی نیشتمانپەروەریان لە ناوخۆ، لە دەمی هەەندێ ئەندامی ساویلکە و پەلەقاژەیی حیزبەکان، وەرگرتووە.

کۆی ئەو باسانە و زۆر باسی تر و کۆنسێرواتیڤ بوونی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵات و بوونی بەشێکی زۆری بە پاشکۆی خەباتی پارچەکانی تر، وایکردووە، هیوایەکی زۆر بۆ هەبوونی توانایی و ئامادەیی و وزە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆخە لە کوردی ڕۆژهەڵاتدا نەبێ.

ئەوە بەو واتایە نیە کە هیواکان مردبن، بەڵکوو هیز و وزەی بیلقوە لە ناو کورددا لە ڕۆژهەڵات هەیە، بەشێک لە ڕێبەرایەتیی حیزبەکانیش دەوتوانن و توانایی قواستنەوەی دۆخ و هەل و دەرفەتەکانیان هەیە، هێزی چەکدار واتا پێشمەرگەش ئەو بوێرییەی هەیە و تینوویە، بەڵام دەبێ دەست پێبکرێ و بڕیاری کۆتایی و یەکلایی کەرەوە بدرێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌