خەلیل نادری: دەبێ هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکرێ

0
193

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  بیست و پێنجەمی ئەو تەوەرە دا  خەلیل نادری بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

” دەبێ هەڵبژاردنەکان بایکۆت بکرێ

به‌م هۆکارانه‌ی که‌ ئاماژه‌ی پێ ده‌ده‌م پێویسته‌ کورد بایکۆتی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ بکاو ده‌نگدان و خۆکاندیدکردنی کوردان به‌ هه‌ر که‌س و بۆ هه‌ر پۆست و پله‌و پایه‌و ئه‌ندامێتی له‌هه‌ر ئۆرگان و مه‌جلیسێکی رێژیمدا به‌نادروست و خۆفریودان و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌ راسته‌ رێگا و به‌هه‌ده‌ر دانی وزه‌و توانا ده‌زانم.

یه‌که‌م: کورد و هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی بن ده‌ست و دابه‌ش و خاک داگیرکراو پێویسته‌ هه‌موو هه‌وڵ کۆشش و وزه‌و تاقه‌ت و هه‌ر کارت و رێگایه‌کی که‌ له‌ به‌رده‌میان و هه‌یه‌تی بۆ رگاربوون له‌ بنده‌ستی و ره‌دکردنه‌وه‌ی سیستم و ده‌سه‌ڵات و حاکمه‌تی ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ربێ…جا ئه‌گه‌ر مۆدیلی حوکمڕانی و سیتمه‌که‌ی نمونه‌ی هه‌ره‌ دیموکراسی ترین بێت.

کێشه‌و نه‌هامه‌تیه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی بنده‌ست به‌ دیموکراسی کردنی ده‌وڵه‌ت و نه‌ته‌وه‌ی داگیرکه‌ر به‌ کۆتا نایه‌ت…ده‌بینین دیموکراسیه‌تی ئینگلیزو کاناداو ئیسپانیا به‌ دابینکردن و ده‌سته‌به‌ری هه‌موو مافه‌ وه‌ک یه‌کی و یه‌کسانی ئابوری ئازادی زمان و کلتور‌ نه‌یتوانیوه‌ کێشه‌کانی سکۆتله‌ند و کبیک و که‌ته‌لۆن چاره‌سه‌ر بکا.

کێشه‌و خه‌بات و بزوتنه‌وه‌و تێکۆشانی کورد له‌بنه‌راتدا له‌ پیناوی ئازادیدابووه‌و مه‌سه‌له‌یه‌کی ئازادیخوازییه‌..یان بڵێم رزگاریخوازانه‌یه‌.

دووه‌م: ده‌وڵه‌تی ئێران و سیستمه‌که‌ی توتالیتاری و دیکتاتۆرییه‌ ، گه‌ر خۆشمان بازنه‌ی پرسی کورد و داخوازه‌کانی به‌رته‌سک بکه‌ینه‌وه‌ ئه‌وا هه‌ڵبژاردن به‌ جۆرێکه‌ و وه‌ها کۆنترۆڵێک له‌ ئارادایه‌ ئه‌وانه‌ش که‌ بیانه‌وێ وه‌ک ئێرانیه‌ک و له‌و چوارچێوه‌ داسه‌پاوه‌دا به‌نیه‌تی به‌شداری سیاسی و ته‌نانه‌ت خزمه‌تێکی خه‌ده‌ماتی و فه‌رهه‌نگی محه‌لی خۆ بۆ پۆست و نوێنه‌رایه‌تیه‌ک کاندید ده‌که‌ن له‌ کۆتادا بێ سه‌مه‌رو مایه‌ پوچ ده‌بن و یان له‌ فیلتێره‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ ده‌رباز نابن چونکه‌ رێگای هه‌ڵبژاردن و خۆپاڵاوتنی راسته‌قینه‌ و ئه‌و مافه‌ له‌ خه‌ڵک زه‌وت کراوه‌له‌ ئێراندا، ئه‌وانه‌ش که‌ ده‌گه‌ن به‌ پله‌و پۆست و کورسی هه‌موو ئه‌و ده‌رگایانه‌ی ده‌یهێنیته‌ به‌رچاو لێی داخراوده‌بێت و ناتوانێ نوێنه‌رایه‌تییه‌کی راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و شاره‌که‌ی بێت و هیچ له‌ چاره‌و له‌ ژیانیان بگۆڕێ.

له‌وه‌ها وڵاتێکداو به‌و سیستمه‌ زاڵ و حاکمه‌وه‌ ده‌کرێ بوترێ هه‌ڵبژاردن شانۆیه‌ی سیاسیی و نمایشکارییه‌که‌ بۆ هه‌ڵفریودانی خه‌ڵک له‌ نێوخۆ و  و دواتر نیشاندانی سیماو ماکسێکی به‌خه‌یاڵ خۆیان جوان به‌ رای گشتی و کۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وله‌تی.

ده‌وڵه‌تانی داگیرکه‌ری کوردستان، گه‌ر باوه‌ڕیان به‌ ڕاو ویست و داخوازی راسته‌قینه‌ی دانیشتوانی نێو ئه‌و جوگرافیا سیاسییه‌ داسه‌پاوه‌یه‌ ئه‌وا رێگای هیمن و ئاشتی و ئارامی و دوور له‌ خوێن رشتن و دیموکراسیه‌تی راسته‌قینه‌ رێگه‌دان و رێکخستنی رێفراندۆمه‌ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک ئازادانه‌ بڕیار له‌ چاره‌نوسی خۆی بدات…له‌وه‌ها وه‌خت و دۆخێکدایه‌ ده‌توانین په‌رۆشی به‌شداریی خه‌ڵک بین و هانیان بۆ به‌شداری بده‌ین.

هه‌ربۆیه‌ به‌و پێیه‌ی ئێران ده‌وڵه‌تێکی داگیرکەرەو به‌شداری له‌و سیستم و ئۆرگانه‌کانیدا ملدانه‌ به‌ سته‌م و بنده‌ستی و بێ مافی ..هه‌روه‌ها سیستمی ئه‌و وڵاته‌ ته‌نانه‌ت وه‌ک ترکیه‌ش نیه‌ که‌ دۆخ و ژیان و و ئه‌نجامی مانه‌وه‌و باوه‌ڕی کورد به‌ دیموکراسیی و به‌ هه‌موان ترکیاین و ترکایه‌کی ئازادمان مه‌به‌سته‌ ده‌بین… بایکۆت کردنی هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌و رێژیمه‌ ئه‌رک و ێویستی سه‌ر شانی خه‌ڵکی کوردستان و هه‌موو ئه‌وانه‌یه‌ که‌ باوه‌ڕیان به‌ئازادی و ده‌ربڕینی بیری ئازادو کۆمه‌ڵگه‌ی ئازاده‌.

ده‌وله‌ت و ده‌وڵه‌تسازی ماف و ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌ی بن ده‌ست و بێ وڵاته‌.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت