سۆران کرباسیان: پێشێلکردنی کەرامەتی هەر تاکێکی کورد دەو سیستەمەدا بەردەوامە

0
315

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی چوارەمی ئەو تەوەرە دا سۆران کرباسیان ، نووسەر و لێکۆلەر بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

” سەرەتا پێویستە بێژم کە ڕێزگرتن لە را و بۆچوونی کوردانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشێکە کە ئەخلاقی رووناکبیر. ڕووناکبیر لێکدانەوە و شرۆڤەی خۆی لەسەر دۆخەکە دەکا و بڕیاری بەشداریکردن/بەشدارینەکردن بۆ خەڵک دەهێڵێتەوە. ئەوە سیاسەتوان و لایەنی سیاسی‌یە کە ڕاشکاوانە لەسەر ئەمجۆرە پرسانە ڕێنوێنی جەماوەر دەکەن. بەهۆی ئەوە کە من هیچکات نە سیاسەتوان بووم و نە ئەندام و لایەنگری لایەنێکی سیاسیی، هەربۆیە بە دروستی دەزانم لە وەڵامی پرسیاری ئێوەدا چەندان بابەت لەناو سەتان بابەت‌دا زەق بکەمەوە و بڕیاری بەشداریکردن/نەکردن لە دەنگداندا بۆ دانیشتوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بهێڵمەوە.

من لام وایە دەنگدان کاتێک دەتوانێت کەرەستەی وەدەستهێنانی ماف بێت کە ڕێگە بدرێت ڕەخنە لە هێز دە سیستەمی کۆماری اسلامی ایران‌دا بگیردرێت. ئەوەی کە بناخەی دیکتاتۆری دەو سیستەمەدا داڕشتووە، نەبوونی ئەتمۆسفێرێک و تۆلێرانس لەبۆ وردبوونەوە لە هێزە. هێزێک لە سەرووی سیستەم هەیە کە بەسەر هەموو ڕوانگەکاندا زاڵە و ئەوەی لەگەڵی نەبێ، سانسۆڕ دەکرێت.

سیستەمی کۆماری اسلامی ایران لە بوارەکانی ئابووری، ڕامیاری، داد و قانوون، حکومەتی و هتد چەندان سیاسەتی جۆراوجۆری لە بەرانبەر پرسی کورد دە ایران‌دا بەکار بردووە و لە زەمەنی جۆراوجۆردا کەڵکی لێ وەرگرتوون. ئەم سیاسەتانەی کە بەکار بردراون، دژایەتییان لەگەڵ دەستووری بنەڕەتی خۆیان و زۆربەی ئەو کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییانە هەیە کە واژۆیان کردوون. دروستە کە تا بە ئێستاش ئەو گچکە ئاماژەیە و دانپێدانان بە مافە ئێتنیکییەکانی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا هەروا لەسەر کاخەز ماونەتەوە، بەڵام دیسانیش سیاسەتکردن گەمەی دان و ستانە و پێویستە ئەو کەسەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەژی، بە وردیی شرۆڤەی دۆخەکە بکات. گەلۆ هیچ دەرفەتێک بۆ کورد دەو پارلەمانەدا هەیە؟ دەکرێت بەرەیەک دەو پارلەمانەدا لە زۆربەی گرووپە ئێتنیکییەکانی نێو ایران بۆ بەرژەوەندی هەموویان پێک بێت؟ گەلۆ دەرفەتی ئەوە هەیە کە دەو سیستەمەدا قانوونەکان سەرلەنوێ دابڕێژڕێنەوە؟ مافی تاکی کورد و کورد وەک نەتەوەیەکی جیاواز لەچاو نەتەوەکانی دیکە دە ایرانی ئەمڕۆدا تەنیا لە چوارچێوەی دەستوورێکی سێکۆلار و دێمۆکراتیکدا بەدی دەکرێت. سەروەربوونی ئایینی، زمانی و ئێتنیکی دەبێ لە دەستووری کۆماری اسلامی ایران بشۆردرێتەوە و تا ئەم چاکسازییە قانوونییانە ئەنجام نەدرێن، پێشێلکردنی کەرامەتی هەر تاکێکی کورد دەو سیستەمەدا بەردەوامە. قسەکانم بەوە تەواو دەکەم کە من کاتێک ئامادەم لە دەنگدانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان‌دا بەشداری بکەم کە:

  • داوای لێبوردن لە نەتەوەی کورد لە ئاست هەموو جەنایەتەکان بکرێت کە سیستەمی کۆماری اسلامی ایران بە پلان دژ بە نەتەوەی کورد بەڕێوەی بردوون. هاوکات قەرەبووی خەسارەکان بۆ کورد بکرێت و گارانتییەکی قانوونی بە کورد بدرێت هەتا مەترسی ئەوەی نەبێت جارێکی دیکە لەگەڵ کارەساتی پلانداڕێژراو بەرەوڕوو بێتەوە.
  • مافە ئێتنیکییەکانی کورد وەک نەتەوەیەک لەو ئاستەدا بە فەرمی بناسرێن کە لە کۆنوانسیۆنە نێونەتەوەییەکاندا دانی پێدا نراوە.
  • سیاسەتێک لە پێش بگرن کە ئامانجی پەرەسەندنی ئاشتی دە نێوان نەتەوەکانی ناوچەدا بێت، نەک بڵاوکردنەوەی ئاژاوە و قین لە نێوانیاندا.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە