شەماڵ مامزادە بۆکانی: دەنگدان شەرعییەتدانە بە کۆماری سێدارەی ئیسلامی

0
1015

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەمووو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  بیست و دووهەمی ئەو تەوەرە دا  شەماڵ مامزادە بۆکانی ، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“36ساڵ سیاسەتی چەواشەکاری

سی وشەش ساڵە شیدەکەینەوەو دەیڕێسین ، کۆمەڵگەی کوردستان لەو ماوەیەدا بە پێی ئەزمونی ژیان لە ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا زۆر شتی بۆ ڕوون بۆتەوە .، بەڵام بەڵامەکانی ڕوون نەبۆتەوە.

بۆ سیاسییەکانیش زۆر ئاکاری خەڵک ئاشکرایە ، ئەویش دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتی حکومەت بە سەر تاکەکانی کۆمەڵگەدا ، چونکە هەمو تاکێک بە پێی سیستەمی دەسەڵات رۆژێک کەوڵەکەی دەکەوێتە بەر دەستی دەزگا حکومییەکانەوە و ڕەنگەی ناوێ لێپرسینەوەی لێ دەکرێت بۆ دەنگت نەداوە .کۆمەڵگەش لە کەرتی دووهەمدا دابەش دەکرێت بە چووار دەستە  ، دەستەی یەکەم کارمەند و مامۆستا و خوێندکار دەستەی دووهەم جاش عەقیدەتی ، دەستەی سێهەم جاش مەسڵەحەتی و دەستەی چووارەم جاش ئابووری .

بەم ڕوونکردنەوە بۆمان دەردەکەوێت بۆ تا ئێستا دەنگ دراوە : چونکە لە کەرتی دووهەمیشدا دەستەی یەکەم وەک کارمەند و مامۆستاو خوێندکاریش دەتواندرێت بە سەر هەرسێ دەستەکەی تردا دابەش بێت .

کە لێشیان دەپرسیت بۆ دەنگ دەدەی ؟ دەڵێ ئێمە حقوق خۆری دەوڵەتین ، نانمان دەبڕن، پرسیار ئەوەیە بۆ کابرای بازاڕی و کرێکار و شۆڕشگێڕ منداڵی نییە و نان ناخوات لە جیات تۆ بچێتە زیندانەکانەوە ؟

بۆ داهاتووش وەک ئەزمونی مێژوویی کە کورد ببێتە خاوەن دەسەڵات ، کارمەند و خوێندکار ومامۆستا بەو شەرتەی ژێر بە ژێر جاش عەقیدەتی نەبووبن هاووڵاتییەکی ئاسایی دێنە ئەژمار ، جاش مەسڵەحەتییەکانیش کە چینی سەرمایەدارن تا مردن جاشی هەموو حکومەتێکن تەنیا بۆ بەرژەوەندی ئابووری خۆیان ، جاش ئابووریش بە ئەوپەڕی بەزەییەوە دەبێت عەفوو بکرێن چونکە سیستەمی حکومی وچینی بورژوا بونەتە هۆکار و جاشێتیەکەی بۆ نانی مناڵەکانی بووە ، دەنا وەک ئاگادارن زۆربەی کارە نهێنییەکانی سیاسی حیزبەکان لە ناوخۆدا ئێستاش ئەوان دەیبەن بە ڕێوە .

بەم لێکدانەوە کورتە دەبێت بگوترێ بۆ دەبێ ئەمجارلە هەڵبژاردنەکاندا بەشداری نەکرێت؟

بۆیە پێویستە ووردبینانەتر کۆمەڵگەی عام وروناکبیرانی سیاسیش لە بۆچوونەکان بێبەش نەبن . پاساوم بۆ مەهێنەوە لە سەرەوە شیمکردەوە بۆ تا ئێستا دەنگتان داوە ، بەڵام تاکەی دەتەوێت چاوت لە راستیەکان بنوقێنی  ونەوەی داهاتووت لەم گێژاوی بێ وڵاتییەدا بکەیتە قوربانی مەسڵەحەتە کاتییەکانت ؟

پێش ئەوەی راستەوخۆ بڵێم دەنگ مەدە و شەرعییەت مەدەوە بە کۆماری سێدارەی ئیسلامی با قەناعەت بە خوێنەری خۆشەویست وکۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەم ، واتە ناچارم بچمە ناخی هەندێک بیرۆکە فەلسەفییەکانەوە چونکە هەمووی کۆمەڵگە لە گەڵ ڕێزمدا ناتوانێت سیاسی بێت ، ئەگەریش سیاسییانە بیر کاتەوە .

وەک ئاگادارن لە ساڵی 1358  ئەوکاتیش کورد ویستی لە ڕێگەی دانوستان و وتووێژەوە کێشەکان لە گەڵ حکومەتی تاران  چارەسەر کات بەڵام کە هێزەکانی ناوخۆی ڕێک خستەوە  بەهانەیان بە خەڵکی کوردستان گرتوو بە  توڕەبوونی “خومەینی ” جینایەتەکانی ” خەڵخاڵی ” و کوشت وبڕ وسووتاندنی گوندەکانی قاڕنا و قەڵاتان و ئیندرقاش و ناوچەکانیتری کوردستان و لە سێدارەدان و تیرباران کردنی بەکۆمەڵی  رۆڵەکانمان هاتنە ئاراوە.

بەتێپەڕبوون لەو لاپەڕە ئێستاش بۆ زانیاری گشتی و تاکەکانیش ڕوونکردنەوە دەدەم بۆ دەبێت بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکرێت . حکومەتی ئێران جیا لەو چەند ڕەنگەی خۆی پێ داپۆشیوە ، وەک دیموکراسی ئیسلامی کە بەراستی دیموکراسی هیچ پێوەندییەکی بە ئیسلامەوە نییە ، دەبێت بگوترێ ئایدیای کۆماری ئیسلامی ” تیۆکراسی دیماگۆژی “یە واتە خەڵک خەڵەتاندن و سادەفریودان لە ژێر سایەی حکومەتێکی مەزهەبیدا ، واتە مانیفێست و دارێژەی باوەڕی دەسەڵات گڕێدراوە بە دەسەڵاتێکی ئاسمانی کە بەپێی ئەو یاسایە مرۆڤ زۆر لەوە بچووکترە دەستکاری وشیکاری و ڕەخنەی لێ بگرێت ، واتە فەلسەفەی ” ڕاسیۆنالیسم “کە باوەڕی بە ڕەسەنایەتی عەقڵ وئاوەز وپێشکەوتنی مرۆڤ هەیە لە گەڵ ئەم جۆرە دەسەڵاتە یەکتر ناگرنەوە چونکە دەسەڵاتی ئاخوندی پەی وایە بیرکردنەوە لە شێوە دەسەڵاتی جێگرەوەی خودا بۆ بەڕیوە بردن کفرەو تۆ بە مولحید ناوزەد دەکات و بە تاوانی ” موحارەبە ” لە سێدارەت دەدا .

هەر بۆیەشە دەسەڵاتی حکومەتی  ” ئالیگارشی ” کە تاقمێکن ولە ژێر فەرمانی جێگرەوەی خودا کار دەکەن 36 ساڵە خەڵکی ئێران دەچەوسێننەوە و هەر جارەو بە شانۆگەرییەکی ساختە و ئەوجارەش بۆ بازار گەرمی  بە رەتکردنەوەی ” حەسەن ئەحمەد خومەینی ” و چەند کەسانێکی پیلاندارێژ کە دواتر هاوار دەکەن دەنگی لایەنگرانمان دەدەین بە فڵانەکەس تەندورەکە گەرم دەکەن و دەیکەنە زوڕنای ڕێکلامی بۆ مێدیاکانی جیهانی کە خەڵک باوەڕی بە کۆماری ئیسلامییە ، بەڵام ئەوەتان بیر نەچێت خامنەیی بۆ ئەوساڵ تکا و هاواری دەکرد بۆ مانەوەی کۆماری ئیسلامی دەبێ بەهەر شێوەیەک بێت خەڵک بێنە سەر سەندوقی دەنگدان . لە کۆتاییدا دەڵێم دەنگدان شەرعییەتدانە بە کۆماری سێدارەی ئیسلامی و گەوجاندنی خۆت و مێژوویەکی ڕەش.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.