جەواد حەیدەری: باشترین رێگە ئەوەیە خەڵک بەگشتی بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن

0
769

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  حەوتەمی ئەو تەوەرە دا جەواد حەیدەری، رۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

ئاش لە خەیاڵێك، ئاشەوان لە خەیاڵێك

یەكێك لە كەرەستەكانی دیموكراسی هەڵبژاردنی سەربەست و بێگەرد و پاكە، لە وڵاتانی خاوەن دیموكراسی، هەڵبژاردن كەرەستەیەكە بۆ ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات و كەرەستەیەكیش بۆ خزمەتگوزاری زیاتر لەهەموو بوارەكاندا، بەڵام لەحكومەتێكدا كە بەدرێژایی تەمەنی سەركوتگەر و خوێنمژ و دژە مرۆڤ بووە ئایا هەڵبژاردن كەرەستەیەك بۆ ئاڵوگۆڕكردنی دەسەڵات و بۆ خزمەتگوزارییە.

حكومەتێك كە بنەماكانی خۆی لەسەر خوێنڕشتن و خوێنمژتن و مرۆڤ كوشتن بنیات ناوە دەتوانێت هەڵبژاردنی ئازاد و سەربەست و بێگەرد بەڕێوە ببات؟ ئایا كەسێك یان حكومەتێك كە خۆی گەندەڵە دەتوانێت چاكسازی و رێفۆرم بكات؟ هەموومان باش ئەوە دەزانین كە هەڵبژاردنەكان لە ئێران زیاتر فەرمایشییە، هیچ كەس بە هەقی خۆی ناگات. خەڵك بە ئازادی ناتوانن پاڵێوراوانی خۆیان بنێرنە پەرلەمان یان ئەنجومەكان،  12 كەس لەبڕی 80 ملیۆن كەس دەیبڕن و دەیدوورن، ئایا مەعقولە 12 ئەندامی شورای نگەهبان كە هێندێكیان ساڵیان لەدەست خودا بڕیوە و خەڵەفاون بتوانن لەماوەی 10 رۆژدا كارنامەی 12 هەزار كاندید  تاوتوێ بكەن. بەچ پێوەرێك و لەسەر چ بنەمایەك؟ لە حكومەتێكدا كە هیچ كەس ئازاد و سەربەست نییە دەكرێت هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد بەڕێوە بچێت؟ لەحكومەتێكدا كە حكومەت خۆی هەم بڕیاردەر، هەم هەڵبژێردەر و هەم چاودێر بێت؟ هەڵبژاردن مانای هەیە؟ ئەحمەدی جەننەتی سەرۆكی شورای نگەهبان هەم بەڕێوەبەر و هەم پاڵێوراو  و هەم بڕیاردەریشە.

هەربۆیە باشترین رێگە ئەوەیە كە خەڵكی بەگشتی بایكۆتی هەڵبژاردن بكەن، چونكە ئەوەی ڕێزی لێنەگیرێت دەنگ و ڕەنگی خەڵكە، خەڵك ترشیان بێت و خۆشیان بێت، هەر ئەوەیە كە حكومەت خۆی دەیەوێت. كورد وتەنی ئاش لە خەیاڵێك و ئاشەوان لە خەیاڵێك.

كار گەیشتووە بە جێگەیەك كە تەنانەت خودی حكومەتیش یەكتریان قەبوڵ نییە، سەیر كەن نەوەی خومەینیش تەنانەت پەسەند ناكرێت. هەموومان باش دەزانین كەلەئێستادا حكومەتی كۆماری سێدارەی ئیسلامی لەچاو جاران زیاتر لەقەیرانێكی دەروونیدا دەژی، كار گەیشتووە بە جێگەیەك كە خامەنەیی دەپاڕێتەوە ئەوانەی كە نیزام و خودی  خامەنەیشیان قەبوڵ نییە بێنە سەر سندوقی دەنگدان. ئەم هەڵبژاردنە زۆر هەستیارە بەلای حكومەتەوە، بەڵام بەلای خەڵكەوە هیچ شتێكی ئەوتۆ نییە، چونكە ساڵانێكە خەڵكی ڕاهاتوون كە هەڵبژاردنەكان فەرمایشین و نمایەشین و تەنها لەبەر ڕای گشتی و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكرێت، هەر بۆیە باشترین هەنگاو ئەوەیە كە بایكۆت بكرێت ، هەڵبژاردنێك لەسەر بنەمای هاووڵاتی بوون نەبێت و هەمووچین و توێژ و ئایین و مەزهەب و نژادێك نەتوانن بەسەربەستی دەنگ بدەن یان بە سەربەستی خۆیان هەڵبژێرن هەر بۆ بایكۆت كردن باشە، بۆ ئەوەی چی تر ئەو نیزامە درێژە بە حكومەتی خۆی نەدا.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.