حەسەن ساڵحزادە: نوێنەرانی مەجلیس خاوەنی هیچ دەسەڵاتێک نین

0
281

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی بیستەمی ئەو تەوەرە دا حەسەن ساڵحزادە، مامۆستاو چالاکی سیاسی بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“دەنگی هەرزانبایی لە حکوومەتی سەرەڕۆدا

پۆستی نوێنەرایەتی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران پاروویەکی چەورەو دەتوانێ سەرنجی زۆر کەس بۆ لای خۆی رابکێشێ. وەک دەزانین ساختاری ئیداری کۆماری ئیسلامی ئێران تۆرێکی لاوازە. مۆرەکانیشی بە هۆی ئەوەی کە لە رووی شیاوەتییەوە لە سەر پۆستەکانیان دیاری نەکراون، لە کەسانی بێ باوەر بە بەها ئەخلاقی و ئینسانییەکان پێکهاتوون و نەفس نزمن. بەم هۆیەوە نوێنەرانی مەجلیس دەتوانن بە ساناهی ئیرادەی مۆرە ناوچەییەکان بە دەست بهێنن و بۆ خزمەت بە بەرژەوەندی شەخسی خۆیان دەستەمۆیان بکەن. نوێنەر لەم رێگەیەوە بە شێوەی راستەوخۆ یا ناراستەوخۆ قازانجی ماڵی زۆری وەچنگ دەکەوێ. ئەوان جاری وایە بە رادیەک دەچنە ناو دۆخی سیستمی ئیدارییەوە کە لە دانان، لابردن و جێگۆرکێی زۆربەی پۆستە دەوڵەتی یەکانی ناوچەدا دەخالەت دەکەن. هەروەها دۆزینەوەی هەلی کاری دزێو و پێشنیاری پۆستی ئیداری بۆ خزم و کەسە نێزیکەکان یەکێک لەو دیاردەگەلەن کە دەتوانن دەرفەتی بەرتیل و باج وەرگرتن بۆ نوێنەران بخوڵقێنن. لە وەها نیزامێکی گەندەڵ دا، نوێنەران ئەرک و کاری رۆژانەی خۆیان لە بیر دەچێتەوەو کاروباری لاوەکی دەبێتە راستەی کاری سەرەکی ئەوان.

وەک باسمان کرد و رابردووش نیشانی داوە، لە تەنیشت پرسی نوێنەرایەتی دا کۆمەڵێک هۆکار خۆیان حەشار داوە کە توانای ئەوەیان هەیە کاندیدا پەسەندکراوەکان هان بدەن بکەونە خۆو بە هەر نرخێک کە بۆیان دەکرێ کۆمەڵێک لە خەڵک رازی بکەن بە پیریانەوە بێن و یارمەتیدەریان بن بۆ گەیشتن بە مەجلیسی شوورای ئیسلامی. لە بەر ئەوەیە کە کاندیداکان لە میانەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا زۆر زیرەکانە دەست دەخەنە سەر ئێش و ئازارەکانی گەڵ و بەمجۆرە هەستیان وەبەر دێننەوە  کە بەشداری پرۆسەکە بن و بە نیسبەت پرسی چارەنووسی خۆیان کەمتەرخەم نەبن.

رابیتەی “خراپ باشترە لە خراپتر” یەکێک لە فاکتۆرە بەرچاوەکانی دەورانی پرۆسەی هەڵبژاردنە کە کاندیداکان دەستەوداوێنی دەبن و هەوڵ دەدەن رەوایی کارەکانی خۆیانی پێ بسەلمێن. بەلام بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی تایبەت، هەوڵی پەنابردن بۆ خراپ لە بەرانبەر خراپتردا، بە پێی هەموو ئوسوولە عەقلییەکان هەوڵێکی تەک رەهەندەو  رێگرە لەوەی کە هەر چوارلای ئامانجەکە دەربکەوێ. هەروەها هیچ گارانتی یا هێڵێکی بە هێز لە بەردەست دا نیە کە رێگەنەدا خراپەکە لە دوارۆژدا ببێتە خراپتر. ئەگەر کۆمەڵگا لە سەر خەتی ئەم فکرەدا بەرەوپێش بروات، لە ئاکامدا بە ئاسانی رێگەی گەشەو نەشەی داهاتووی ئەو کۆمەڵگایەدادەخرێت و دەرفەتێکی زەمانی دیکە بە زیانی گەل و بە قازانجی حاکمیەتی نارەوا لە کیس دەچێت. لە ناو نیزامی کۆماری ئیسلامی دا، تەنها کەرەسەیەک کە خەڵک بەرەو پێشوازی لە هەڵبژاردنەکاندا هان دەدەن، هەمان رابیتەی “خراپ لە خراپتر باشتر”ەیە. بە دڵنیایی لە سێبەری ئەم بیرۆکەیەدا دەسەلاتی ستەمکاری زاڵ بە سەر کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆرترین بەهرەی پێ دەگات.

لە لایەکی دیکەوە، ناوەرۆکی حکوومەتی سەرەرۆی ئیسلامی لە سەر بنەمای بەرتەسکی مەزهەبی شیعەی ١٢ ئیمامی دامەزراوە. ئەم بنەمایەش هەڵگری ئەوەی نیە کە هێزە کۆمەلایەتیەکان، لە بۆنە گشتییەکان و یەک لەوان لە هەلبژاردندا بە مەبەستی دەستەبەرکردنی مافەکانیان، مانۆر لە سەر بدەن و دەسەلاتی سیاسی تووشی تەنگەژە بکەن. ئەگەر لە هەمان دەلاقەوە چاو لە واقعی کۆمەلگای کوردستان بکەین، داواکاری و داخوازەکانی گەلی کورد زۆر لەوە بەرفراوانترن کە لە ئەندیشەی ویلایەتی فەقیهدا جێگایان ببێتەوە. لە ماوەی ٣٥ سال تەمەنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان دا، هەم بۆ کاندیداکان و هەم بۆ دەنگدەران روون بۆتەوە کە حەوزەی دەسەڵاتی نوێنەری مەجلیس چەندەیەو لە چ ئاستێک دایە. خەڵکی کوردستان ٩ دەورەیە شاهیدن کە کاندیداکان کۆڕی شایی و هەڵپەرکێ و شامی غەریبان ساز دەکەن تەنها بۆ ئەوەی کە لەوێدا مژدەی دروستکردنی جادە، پرد، ترمینال، کەمەربەندی، برق و گاز بۆ شارو گوندەکان بلاو بکەنەوە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە ئەم شتانە نە پێوەندی ئەوتۆیان بە نوێنەرانەوە هەیە، نە ئەوەندەش گرینگ و پڕبایەخن کە دەنگدەران فیداکاری و گیانبازییان بۆ بکەن.

لە کوردستان دەنگەکان ئەوەندە هەرزانن کە بە هیچ شێوەیەک بۆ ئەوە نابێ پشتیان پێوە ببستترێ. ئەو بیرۆکەیەی کە پێی وایە هەلبژاردنەکانی نوێنەرایەتی مەجلیس لە کوردستان توانایی دروسکردنی هەلی زێرینی بۆ راپەرین هەیە و دەنگدەران وەدوای دەنگەکانیان دەکەون، بیرۆکەیەکی هەڵەو نادروستە. وەک ئاگادارن، زۆربەی دەنگدەران بە دزییەوە و بە کەڵکوەرگرتن لە تاریکایی شەو خۆ دەگەیەننە سەندووقەکانی هەڵبژاردن، دواتریش حاشا لەوە دەکەن کە بەشداری هەڵبژاردنیان کردبێ. کە واتە دەسەلات ئەگەر بێت و ئاکامی دەنگەکان دەسکاری بکا، دەنگدەران دژکردەوەیەکی ئەوتۆ لە خۆ نیشان نادەن. چونکوو ئەوان مەبەستێکی دیکەیان لە دەنگدان هەیە.

لە کۆتاییدا، دەبێ بگەین بەو قەناعەتەی کە نە دەنگەکان ئەوەندە بەهێزن کە بتوانن مەشرووعیەت بە نیزامی ویلاتی فەقیه‌ بدەن، نە ئەوەندەش پڕبەهان کە خاوەنەکانیان بەدواداچوونیان بۆ بکەن. بەم پێیە کاراترین هەڵوێستی شیاو بۆ رۆشنبیران ئەوەیە کە کۆمەلانی خەڵک ئاگادار بکەنەوە کە، سرویسەکانی ئیتلاعات و فێلتێرەکانی حکوومەتی سەرەڕۆی ئاخوندی، هەڵبژاردنی پێشوەختی خۆیان بە کردەوە ئەنجام داوەو هیچ کارێکی پێویستیان بۆ چینی دەنگدەر نەهێشتۆتەوە کە دەرەتانی ئەوەی هەبێ سوودی لێ وەربگرن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌