حامید درودی: دانیشتووانی وڵات لە دیاریکردنی کاندیدەکاندا هیچ مافێکیان نییە

0
284

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی پازدەیەمی ئەو تەوەرە دا  حامید درودی، چالاکی سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“هەڵبژاردنمان هەیە تا هەڵبژاردن

بەر لەوەی بیروڕای خۆم لەسەر بایکۆتکردن و نەکردنی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو لە ئێراندا دەرببڕم، پێم خۆشە نموونەیەکتان لە شانۆگەریی هەڵبژاردن لەو وڵاتانەدا بۆ بگێڕمەوە کە دیکتاتۆرەکان تا چ رادەیەک گرینگی بە بەشدار بوونی خەڵک و ریکلام پێوە کردنیان لە راگەیەندراو و مێدیاکاندا، دەدەن.

رۆژنامەنووسی ناوداری ئیتالیایی ئەحمەد رەفعەت لە یەکێک لە سەردانەکانیدا بۆ تیشک تی ڤی بۆی گێڕاینەوە: “لە یەکێک لە دەورەکانی هەڵبژاردنی سەددام حوسێن بۆ سەرۆک کۆماری ئێراق، منیش لەگەڵ هەواڵنێرەکانی وڵاتانیتر لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری بەغداددا چاوەدێری ئەو هەڵبژاردنەم دەکرد. پۆلیس و هێزە نیزامییەکان ئاگاداریان کردینەوە کە دەبێ ئێمەش دەنگ بدەین و دەبێ تەنیا دەنگ بە سەددامیش بدەین. بە کورتی هەموومانیان مەجبوور کرد کە دەنگ بدەین بە سەددام حوسێن! لە ئاکامی هەڵبژاردنەکەدا دەرکەوت کە ئەو گەڕەکەی ئێمە دەنگمان دابوو، سەددام حوسێن بە ١٠١% دەنگەکانەوە ببوو بە یەکەم!”

ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە لەو وڵاتانەدا کە دانیشتووانی وڵات لە دیاری کردنی کاندیدەکانی خۆیاندا هیچ مافێکیان نییە، لە هەمان کاتدا دەنگەکانیان بە گرینگ وەردەگیردرێ و لە مێدیاکانی ئەو وڵاتانەدا پڕوپاگەندەیەکی یەکجار زۆریان پێوە دەکرێ. دەتوانم بڵێم لەو شوێنانەدا دەنگدەران وەک سیالەشکەر بەکار دێن بۆ ئەوەی بە خەڵکی بسەلمێنن کە خەڵکی بەشداریی دەکا و ئەوانەی کە ئاگایان لە ئاکامی هەڵبژاردنەکە نییە، وا تێبگەن کە ئەو کەسەش کە دەبێ بە سەرۆک کۆمار یان نوێنەر ژمارەی دەنگەکانی ئەوان دیاریی کردووە. نەک وەک راستییەکەی کە ئەو کەسانە پێشتر دیاری کراون و لە فیلتری دەسەڵاتدارانەوە تێپەڕ بوون.

لە وڵاتانی دیمۆکرات و خەڵک سالاردا هەرچەندە خەڵکی هان بدرێن بەشداری دەنگدان بکەن، هێشتا کەمە و خەڵکی دەبێ لە دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و نوێنەرانی خۆیاندا سەرپشک بن، بەڵام لەو وڵاتە بەڵا لێدراوانە کە خەڵکی هیچ مافێکی هەڵبژاردنیان نییە، هەرچەندە خەڵکێکی کەمتر بەشداری ئەو شانۆگەرییە بکەن، باشترە چونکە جار لە دوای جار رادە و رێژەی بەشدار بووان لە کەمیی دەدا و لە کۆتاییدا دەسەڵاتدار ناتوانێ لە مێدیا و راگەیەنەرەکاندا شانۆگەریی پێشان بدا و مەجبوور دەبێ بیر لە چارەسەرێکیتر بکاتەوە.

لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکانی شاری کرماشان لە سەرەتایی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، خەڵکێکی زۆر دەنگیان بە “مەشەیی نوقرە” (ژنێکی بەدناوی کرماشانی) دابوو، یەکێک لە چاوەدێرەکان دوای ساڵانێک دیگێڕایەوە کە ئەو مەلایانە کە دەنگەکانیان دەژمارد، دەنگەکانی مەشەیی نوقرەیان بە دزییەوە لە ژێر فەرش و بن ئەژنۆ و عەبا و کراسەکانیاندا دەشاردەوە بۆ ئەوەی ئەوانیتر نەبینن. هەڵبژاردنێ ئاکامەکەی بە دزی و فزی و سەردەرهێنانی کەسێ دڵخوازی حکومەت لە نێ سندووقی دەنگەکانەوە بێ، نەبوونی باشترە تاکوو بوونی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت