هادی عەزیزی: خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت بکا

0
923

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  بیست و سێهەمی ئەو تەوەرە دا  هادی عەزیزی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

” دیسان هەڵبژاردن؟

کاتێک باس لە هەڵبژاردن،لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکرێت،مرۆڤ تووشی تێڕامانێک دەبێت،کە ئەویش هەڵبژاردن جێی خۆی بە سیناریۆیەکی مایەپووچ گۆڕیوەتەوە،کە خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان،سی و شەش ساڵە بینەرن…

پێش ئەوەی هەڵبژاردن لە ئێران شی بکەینەوە،دەبێ باس لە ئەو پاشگر و پێشگرە سیاسییانە بکەین کە وەک لق و پۆپ بە کۆهزری حکوومەتی پێشوو زیاد کران،هەتا سیستمی کۆماری ئیسلامی کاراتر بکا و بیپارێزی.لەوانە “ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری”،”ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاکانی حکوومەت” و “ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور”ە،کە دەستوور دادەڕێژنەوە و لە لە هیچ کەلێن و قوژبنێکدا هیچ مافێک بە کەمینەکانی نەتەوەیی و ئایینی نەدراوە،کە کۆمەڵگای کوردستان لە هەمووی بێبەشترە و لێرەدا دەهۆڵی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی بۆ هەبوونی دێموکراسی لە هەڵبژاردن لە درۆیەکی زەبەلاح زیاتر هیچ شتێکی دیکە نییە،چوون بنەمای فەلسەفەی دێموکراسی لە سەدەی بیست و یەکدا،لە پێشدا مافی کەمینە دیاری دەکات.

لە درێژەدا،لەو وڵاتانەی کە دەیانهەوێ سیستمی حوکمڕانی پێ بپارێزن،دوو جۆر رێکار بۆ هەڵبژاردن پەیڕەو دەکرێت کە بەم شێوەیەن.

یەکەم : هاوسەنگی لە هەڵبژاردندا(PROPORTIONAL) کە هەوڵ دەدرێت،هەموو نوێنەرانی خەڵك بەشدار بن و تەنانەت ئەولایەنەی کە لە هەڵبژاردنیشدا،سەر ناکەوێ لانیکەم لە پارلەماندا کورسییەکیان وەک “کۆتا” یان خێرکردنی سیاسی پێ ببەخشن.

دووهەم : لە رووی زۆرینەی دەنگەکانەوە(MAJORITAIRE)پەیڕەو دەکرێت،کە ئەو لایەنەی کە لە هەڵبژاردندا سەر دەکەوێ،چارتی پۆست و مەقامە باڵاکانی حکوومەت بە دەستەوە دەگرێت و بە گشتی دەتوانین بڵێین پارلەمان هەڵدەسووڕێنێت.

لە کۆماری ئیسلامیدا،وایدانێین نموونەی دووهەمیان پەیڕەو بکرێت،ئەویش ئەو کەسانەی کە خەڵک هەڵیاندەبژێرن،پێشتر لە لایەن حکوومەتەوە هەڵبژێڕدراون و لە بێژنگی “ئەنجوومەنی پاراستنی دەستوور” دراون.کەوابوو لەو هەڵبژاردنەدا نوێنەرێک بوونی نییە کە بتوانێ داوای مافی تاک و کۆمەڵگای کوردی بکات،هەر بۆیە خەڵکی کوردستان بە گشتی سیناریۆیەک لە سەر ئەساسی دێماگوژی و هەڵخەڵەتاندنی گشتی دەبینن،کە هیچ خێر و بێری بۆ خۆیان و کۆمەڵگاکەیان تێدا نییە و ئەو لایەنەی کە وەک رێفۆرمخوازیش لە پارلەمان بەشداری بکا،لە گەڵ لایەنی دەسەڵات،لە سەر چەوساندنەوەی کورد یەک ران.

لە کۆتاییدا وەک هەڵوێست،دەبێ باس لە کەسانی سیاسی  بکەین کە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ ئەم هەڵبژاردنانە بکەن. هەموومان دەزانین ئۆپۆزسیۆنی  کوردی هەمووی لە  دەرەوەی جوگرافیای ئێرانن،هەر بۆیە ناتوانن بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن هەتا لە پارلەمان سینگ بە سینگی زۆردارانەوە بنێن،کەوابوو هەر جۆرە پڕوپاگەندەیەک بۆ هەڵبژاردن،جۆرێک شەرعییەت دانە بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

خاڵی گرینگ لە سیاسەتدا ئەوەیە کە هەمووکات سیاسەت وەک زانست بە دوو قۆناخدا تێپەر دەبێ.سیاسەتی کورتخایەن(STATICS) و سیاسەتی درێژخایەن(DYNAMICS)،کە لەم پرۆسەی هەڵبژاردنەدا،لە رووی هەر دوو کاناڵەوە بە ئەرێ کردنی هەڵبژاردن،هئچ قازانج و دەسکەوتێکی بۆ کورد پێ نییە و ئەو رایەش تەواو هەڵەیە،کە لە سەر ئەساسی سیاسەتی کورتخایەن،لە درێژخایەندا،قازانجی دەبێت،بەڵکوو بە پێچەوانە،تاک و کۆمەڵگای کوردی،لە ئێستادا لەوەی هەیە بێ متمانەتری دەکا و لە هەر ئەگەرێکیشدا هەر تاکێکی کورد دەمی بگاتە ئەو ترێیە،دیسان زۆر ترشە و ناخورێ.”

خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هەموو چین و توێژی ناو کۆمەڵگاوە،دەبێ ئەو هەڵبژاردنە بایکۆت بکا ونابێ بە هیچ شێوەیەک بەشداری لە هیچ شانۆیەکی کۆماری ئیسلامیدا بکات.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.