ئەفراسیاب گرامی: خوێندنەوەی هەڵە لە حقووقی سیاسی ئێمە بەردەوام دووپات دەبێتەوە

0
831

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی  یازدەیەمی ئەو تەوەرە دا ئەفراسیاب گرامی، چالاکی سیاسی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

” پرسی بەشداریی سیاسیی چ لە رێگای هەڵبژاردن و چ لە رێگای مودیرییەتەوە، کردارێکی حقووقی و سیاسییە. ئەوە بەو مانایەیە کە وڵاتانی دێموکراتیکدا ئەم پرسە دەتوانێ ببێتە گۆڕانێکی بنەڕەتی لە ئاستی هەموو پێکهاتەکانی دەسەڵات کە دەیانهەوێ ئاراستەی کۆمەڵگای بکەن. بێگومان لە رەوتی مێژوودا ئەم پرسە کەند و کۆسپی زۆری بەخۆیەوە بینووە. گرینگترین ئەزموونی ئەم پرسە، هەنگاونان لە دیکتاتۆرییەوە بۆ دێموکراسی بووە کە بە رێگایەکی خوێناوییدا تێپەڕیوە. بەڵام کاتێک روو لە بزووتنەوەی کورد و رۆڵی کورد دەکەین، ئاراستەی پرسەکەمان بە چەشنێکی دیکە ئەگۆڕێت. لەبەر ئەوەی کە پرسی بەشداریی سیاسیی کورد لە دەسەڵاتی ئێراندا، شتێکی نوێ نیە، بەڵکوو مێژوویەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ بەر لە ئێستا و لە زۆربەی ناوچە و شارەکانی کوردستاندا بەردەوام ئەو پرسە تاقی کراوەتەوە و هیچ کاتێکیش دەسکەوتێکی وەها گرینگی بۆ نەتەوەی کورد نەبووە. هێڵی بەشداریی سیاسیی کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی حقووقی سیاسی کورد، هیچ کات بە ئەنجامێکی باش ناگات. راستە کە ئێمەی کورد لە ناو جەرگەی دیکتاتۆرەکاندا دەژین و دەبێت پلە بە پلە هەنگاوەکانی سەرکەوتن ببڕێن، بەڵام بەداخەوە خوێندنەوەی هەڵە لە حقووقی سیاسی ئێمە بەردەوام دووپات دەبێتەوە و خەڵکی  رادەهێنێ بۆ ئەوەی دابڕانێک لە نێوان گوتاری سیاسیی کورد و دەسەڵاتی زاڵدا هەبێت. کە بەڕای من لەم چەند لایەنی خوارەوە دەتوانین بەو ئاکامە بگەین کە بزووتنەوەی کوردستان لەسەر دوڕیانێکی گەورەدایە:

١ ـ بزووتنەوەی کورد بەرهەمی سیاسەتی سەرکوت و سڕینەوەی نەتەوەیی لەلایەن باڵادەستەوە بووە و لە خۆڕا ئەم بزووتنەوەیە لەناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کاولەوە سەری هەڵنەداوە. ئەم بزووتنەوەیەش خاوەندارێتی پرسی حقووقی و سیاسی کورد دەکات و ئیستراتێژی درێژخایەنی “دیاریکردنی مافی چارەنووسی کورد”ە لە هەر شێوەیەکی موومکینی سیاسیدا بێت. کەواتە خوێندنەوەی هەڵە ناتوانێ بمانگەیەنێت بە ئامانجەکە و دەتوانێ بە لاڕێیەکدا بمانبات کە ئاکامەکەی دیار و روون نیە. نموونەی روون و ئاشکرای لە تورکیا بینرا کە کاتێ سلۆپی بەدەستی ئەرتەشی تورکەوە داگیرکرایەوە، مارشی تورکی عوسمانلیان دەخوێند، ئەوە بەو مانایەیە بوو کە کوردستان داگیرکراوە. هەروەک چۆن کاتێ پاوە و مەریوان و شارەکانی دیکەی کوردستانیان داگیرکردەوە و کۆمەڵە و دێموکرات نەمان لە ناوچەکدا، دەبوایە هەموو بەیانییەک منداڵانیان لە قوتابخانە رابهێنایە بۆ ئەوەی مارشی ئێران و سروودی ئێران بخوێننەوە. ـ کەواتە بەڕای من کوردستان داگیرکراوە و پرسی بەشداریی کوردستان دەبێ بە ئاراستەی کۆتایی هێنان بە داگیرکاریی بهێنێت.

٢ ـــ تەوسەعەی سیاسی کوردستان بە شاڕەگی سیاسەتدا تێدەپەڕێت. ئەگەر هەر شارێکی کوردستان “دۆبە”ی بێت، بەڵام سیاسەتی توانەوەی نەتەوەیی کوردی تێدا بە ڕوونی هەبێت و کولتووری باڵادەست حاکم بێت، ئەوا پرسی حقووقی سیاسی کوردستان دەبێتە ئاگری ژێر خۆڵەمێش و دەتەقێتەوە. کەواتە تەوسەعەی ئابووری لە چەشنی هۆتێلداری و هەندێک وردە سەرمایە ناتوانێ کۆمەڵگای کوردستان بەرەو ئاراستەیەکی دیکە ببات و  لە نەهایەتدا گەندەڵی بەرچاوترین دیاردەیە.

٣ ـ تەوسەعەی فەرهەنگی هەستیارترین بەشی تەوسەعەی کوردستانە کە تا ئێستاکە لە لایەن دەسەڵاتەوە زۆر سووک کراوە. ـــ نموونەی بەرچاوی خوێندن بە زمانی کوردییە کە بەهەڵە تەعبیرکراوەتەوە بۆ خوێندنی زمانی کوردی. لە حاڵێکدا مافی هەموو دانیشتوانی کوردستانە کە بە زمانی خویان بخوێنن و گەشە بکەن. واتە کۆی سیستمی خوێندن کوردی بێت، نەک ئەوەی تەنیا زمانی دایکی خۆیان بخوێنن. زمانی دایکی خوێندن وەک ئەوە وایە لە وڵاتێکی وەک ئاڵمان وەک پەنابەرێک داوای مافی خوێندنی زمانی خۆت بکەیت بۆ ئەوەی منداڵەکەت زمانی دایکی فەرامۆش نەکات. ـــ با دەسەڵات تێبگات و بزانێت کە ئێمە لە وڵاتی خۆماندا پەنابەر نین، خاوەنی مێژوویەکی زیاتر لە هەزارساڵەین.  هەڵبەت نابێ رۆڵی ئەنجوومەنی ئەدەبی و فەرهەنگییەکان لەبەرچاو نەگیردرێ کە کارامە بوون لە زیندووڕاگرتنی فەرهەنگی کوردەواریدا.

٤ ــ گوتاری سیاسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا لە بەردەم دووڕیانێکدایە. پرسی کورد دەبێ یەکدەست و یەک گوتار بێت، بەڵام بەداخەوە رۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە زۆر لاوازە و ئاکامەکەشی راهێنانی خەڵکی کوردستان بۆ سەرلێشێواویی‌یە. حزبە سیاسییەکانی کوردستان هیچ کات راستەوخۆ بەشداریی سیاسییان نەکردووە. (مەبەست دوای راگەیاندنی شەڕ دژی کوردە) ـ لەبەر ئەوە حزبەکان راستەوخۆ لەناو رەوتی رووداوەکاندا نەبوون و مودیرییەتی کوردستانیان نەکردوە. ئەوەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ویست و داخوازییەکانی کورد قۆرخکراوەتەوە بۆ چەند خاڵی لاوازی حقووقی کە تەعبیر لە حقووقی سیاسی ئێمەی کورد ناگات و بەردەوام چالاکانی رێفۆرمخوازیی کورد دووپاتی دەکەنەوە و زۆریش جێگای داخە کە حزبە قەدەغەکراوەکانی دەرەوەی وڵاتیش دەکەونە شوێنی ئەو ڕێچکەیە و بە جێگای ئەوەی کە پرسەکە بگۆڕنەوە و کۆمەڵگا ئاراستەی حقووقی سەرەکیی خۆیان بکەن.

٥ ـ سەرچاوە سرووشتییەکانی کوردستان بەشێکن لە کۆڵەکەی ئابووری وڵاتی ئێران. هیچکات ئەمە نەبۆتە پرسێکی گرینگی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان. هەموو سەرچاوە سرووشتییەکانی وەک نەوت، کانزاکانی ئاڵتوون و  ئاسان و …، دەخڵ و دان و دارستان …. هەموو لە دەستی دەوڵەتدایەو تاڵان دەکرێت و خەڵکی کورد پشکی هیچی پێ بڕاوە و تەنانەت بێدەنگن. بۆیە بەردەوام بزووتنەوەی کورد لە هەژاریی ئابوورییدا بووە و خەڵکی کوردستانیان لە هەژاریدا هێشتۆتەوە. ئەگەر ئەمەش نەبێتە هۆکارێکی دیکە بۆ بەشداریی نەکردن، کەواتە ئەوەی کە بڵێین وەزعی ئابووری خەڵکی دەگۆڕێت، ئەوا خوێندنەوەیەکی هەڵەمان بۆ دابینبوونی گوزەرانی خەڵکیمان کردووە. بینیومانە کە خەڵکی کوردستان بۆ زۆر پرس هاتوونەتە دەنگ، بەڵام بۆ بەتاڵانبردنی سەرچاوە سرووشتییەکان هیچکات دەنگیان هەڵنەبڕیوە. یان بینوومانە باس لە سەروەت و سامانی کوردانی باشوور دەکرێت، بەڵام جارێک نەبووە کە بپرسن کە نەوتی رۆژهەڵاتی کوردستان یان کانگاکانی ئاڵتوون و … بۆ کوێ دەچێ کە بە سەدان میلیارد دۆلار داهاتیان هەیە بۆ وڵاتی ئێران و داگیرکەر.

٦ ـ دوایین خاڵ کە بەڕای من زۆر گرینگە ئەوەیە کە کورد لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئێراندا خۆی ساغ نەکردۆتەوە. کۆمەڵگای کوردستان بەردەوام قوربانی دەدات. سەردەمانێک “مارتین لۆترکینگ گوتی ئێمە هەموو ڕۆژێ بێڕێزیمان پێ دەکرێ و لێمان دەکوژرێ. بۆ یەکجار دەبێ کۆتایی پێ بێنین و لەسەر شەقام ناگەڕێینەوە یان بە تەواوەتی تێدا دەچین یان سەردەکەوین و مافەکانمان دەستەبەر دەکەین”، ئەگەر حزب و رووناکبیر و کۆمەڵگا لە پرۆسەیەکی کورتخایەندا ئاشت‌ نەبنەوە ئەوا هەرکام لە رەوتەکان دەچنە ژێر رێکێفی پرۆژەی سیاسی دەوڵەتی ئێران یان ناوچەکە و بزووتنەوەی کوردی بەردەوام لاواز دەبێت. بۆیە بەڕای من پێویستە کورد بگەڕێ بە شوێن داخوازییەکانی کەلاوەکانی کوردستان نەک شوێنکەوتەی گوتاری سیاسی دەسەڵاتدارانی ئێران و داخوا بزانین ئیسلاحتەلەبەکان یان لایەنەکانی دیکە چیان لە هەگبەدایە بۆ کوردستان. لە بیرمان نەچێت کە رێگای ئاسایشی نەتەوەیی کورستان، بە ناو جەرگەی تێکدانی ئاسایشی ئێراندا تێدەپەڕێت و تێپەڕین لەو هێڵە سوورانەی ئاسایشی ئێران، زەحمەتە و ئیستراتێژی درێژخایەن و بە تەدبیری دەوێت.

بە خوێندنەوەی ئەو چەند هۆکارە و بگرە گەلێک هۆکاری گەورەتر کە دەتوانن ئاسایشی نەتەوەیی ئێمەی کورد سەقامگیرتر بکەن، بەشداریی کردن و بەشداریی نەکردن دەبێت ئامانجێکی هەبێت کە دواجار پرسی حقووقی سیاسی ئێمەی کورد چەواشە نەبێت. ئەگەر لایەنێک دەیهەوێ بەشداریی بکات، ئەوا نابێ فەرامۆش بکات کە کورد خاوەنی دۆزێکی سیاسی ڕەوایە و دەبێ مافەکانی وەربگرێت و نەکەوێتە داوی هەندێک داخوازیی بچووکی فەرهەنگی و …، بەڵام ئەگەر بەشداریی ناکات دەبێ دیسانەکە بە مانای کوشتنی سیاسەت و لەباربردنی سیاسەت لە گۆڕەپانی کۆمەڵگای کوردستاندا نەبێت. نابێ حزبەکان ئەوەندە بەرتەسک ببنەوە کە دەستبردن بۆ سیاسەت لە کوردستان حەرام و قەدەغەکراو بێت، بۆیە دەبێ بەردەوام زەمینەی لەبار بۆ فەزای سیاسی کراوە پێک بهێنن کە کۆمەڵگا خۆی نۆژەن و نوێ بکاتەوە و ویست و داخوازییەکانی ئاراستە بکات کە ئەگەر وانەبێت ئەوا بزووتنەوەی سیاسیی کورد لەناو خۆیدا نەزۆک دەمێنێتەوە. ئەگەر دەزانین هیچ یەک لەم رەوتانە بەو ئاراستەدا ناڕوات، پێویستە بەشداریی نەکات. لە مەنتقدا خراپ و خراپتر هەر خراپە. کەواتە بەشداریی کردن، واتە خراپەکە بهێلینەوە باشترە لەوەی کە باش بێت.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.