جه‌مشید به‌هرامی: بایکۆت کردنی گشتگیر، تاقە رێگایە

0
1080

تایبەت بە رۆژی کورد

بڕیار وایە لە حەوتی ڕەشەممەی ئەمساڵدا هەڵبژاردنەکانی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان لە ئێران بەڕێوە بچێ، بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی لە ڕاگەیەندنەکاندا هەموو هەوڵێک دەدەن خەڵک بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان ڕابکێشن و سیمایەکی دیموکراتیک بە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ ببەخشن، بەشی زۆری حیزب و لایەنە سیاسییەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بایکۆتی هەڵبژاردنەکانیان کردووە و داوایان لە خەڵک کردووە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکەن. رۆژی کورد بە پێویستی زانینی لە تەوەرێک دا پرسی بەشداریکردن و بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ نووسەر و رووناکبیران و هونەرمەندانی خۆرهەڵات بخاتە بەر باس.

لە بەشی شازدەیەمی ئەو تەوەرە دا جەمشید بەهرامی، شانۆکار و چالاکی فەرهەنگی  بەم شێوەیە ڕای خۆی دەردەبڕێ:

“به‌ ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ مێژووی کۆماری ئیسلامی و چۆنیه‌تی که‌ڵک وه‌رگرتنی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان، ده‌توانین خوێندنه‌وه‌یه‌کی دروست و راسته‌قینه‌مان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئاکامه‌کانی هه‌بێت.

پێش له‌ هه‌موو شتێک ده‌بێت ئه‌وه‌ روون بێته‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی له‌ ئێراندا له‌ ژێر نێوی “هه‌ڵبژاردن” رووده‌دات و له‌ ژێر چاوه‌دێری توند و تۆڵی ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌کان و مه‌جلیسی خوبره‌گاندا، ئاماده‌کاری بۆ ده‌کرێت پشتبه‌ستوو به‌ چ لۆژێکێکه‌؟ به‌ گشتی ئاکامی ده‌سه‌ڵات له‌ به‌ڕێوه‌بردنی “هه‌ڵبژاردن” چییه‌؟

سه‌ره‌کیترین خاڵ که‌ له‌ چه‌مکی هه‌ڵبژاردندا وه‌ک “ماف” به‌رجه‌سته‌ ده‌بێته‌وه‌ بریتییه‌ له مافی به‌شداریکردن له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا، واته‌ مافی به‌شداریکردنی ئازادانه‌ی تاک به‌ بێ هیچ به‌ربه‌ستێک، هه‌ر له‌ خۆپاڵاوتن بۆ به‌ربژێرییه‌وه‌ بگره‌ تا هه‌ڵبژاردنی به‌ربژێره‌کان.

تا هه‌ر راده‌یه‌ک که‌ تاک و ئازادی تاک(وه‌ک مافێکی سروشتی تاک) له‌ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا له‌ ناوه‌ندی بیرکردنه‌وه‌ و تێڕوانینی ده‌سه‌ڵاتدا بێت و بایه‌خی پێبدرێت تا ئه‌و راده‌یه‌ش ده‌توانین بڵێین ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ چه‌نده‌ له‌ گه‌ڵ رێساکانی دیموکراتیک یان نادیموکراتیک بوونی هه‌ڵبژاردندا هاوته‌ریب یان ناته‌بایه‌.

له‌ لۆژیک و خوێندنه‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی بۆ هه‌ڵبژاردندا، “مافی تاک” هیچ بایه‌خێکی پێنادرێت و تاک خاوه‌نی هیچ پێگه‌یه‌ک نییه‌، له‌ بازنه‌ی بیرۆکه‌ی کۆماری ئیسلامیدا به‌س بایه‌خ به‌ “مه‌شرووعییه‌ت به‌خشی” به‌ خودی ده‌سه‌ڵات ده‌درێت و ئه‌وه‌ خودی “ده‌سه‌ڵات”ـه‌ که‌ له‌ ناوه‌ندی تێڕوانین و سه‌رنجدایه‌‌.

به‌شداریکردنی تاک له‌ روانگه‌ی کۆماری ئیسلامییه‌وه‌ به‌شدارییه‌کی سنوورداره‌ و به‌ ئامانجی “به‌خشینی مه‌شرووعییه‌ت” به‌ ده‌سه‌ڵاته‌، به‌گشتی له‌ لۆژیکی کۆماری ئیسلامیدا کارکردی تاک به‌س کارکردێکی “ئامراز”ییه‌‌‌؛ له‌ راستیدا تێڕوانین و ئاکامی کۆماری ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردن بریتییه‌ له‌ رێکخستنی شانۆیه‌ک بۆ پێدانی مه‌شرووعییه‌ت به‌ خودی ده‌سه‌لات‌، واته‌ کۆماری ئیسلامی که‌ له‌ کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌ییدا به‌ ده‌سه‌ڵاتێکی نامه‌شرووع و خۆسه‌پێن و تۆتالیته‌ر ناسراوه‌، شانۆیه‌ک به‌ ناوی هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌ ده‌بات و رێژه‌ی به‌شداریکردنی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا به‌ رێژه‌ی مه‌شرووعییه‌تی خۆی پێناسه‌ ده‌کات و مانۆڕی له‌ سه‌ر ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ ناکرێت به‌ هیچ چه‌شنێک له‌ په‌نجه‌ره‌ی هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیکه‌وه‌ چاو له‌ هه‌ڵبژاردن له‌ سیسته‌می کۆماری ئیسلامیدا بکرێت.

به‌ گشتی نابێت له‌ ده‌سه‌ڵاتێکی تۆتالیته‌ر و دیکتاتۆری ئایینی وه‌ک کۆماری ئیسلامیدا چاوه‌ڕوانی هه‌ڵبژاددنێکی دیموکراتیکمان هه‌بێت؛ چونکوو بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانی پێکهاته‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی کۆماری ئیسلامی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی دیموکراتیکدا ناته‌بایه‌.

چاکسازی له‌ پانتایی پێکهاته‌ی کۆماری ئیسلامیدا هیچ پێگه‌یه‌کی نییه‌، چونکوو هه‌ر چه‌شنه‌ چاکسازییه‌ک دژ به‌ بنچڵی‌ یاسا و رێساکانی کۆماری ئیسلامییه‌. ئه‌وانه‌ی که‌ به‌ پاساوی چاکسازی و رۆچوون به‌ نێو توێکڵی پۆڵایینی ده‌سه‌ڵاتدا بۆ وه‌ده‌ستخستنی هێز، بانگه‌شه‌ی به‌شداریکردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کۆماری ئیسلامیدا ده‌که‌ن، راسته‌وخۆ یان راسته‌وخۆ به‌شداری سیناریۆیه‌ک ده‌بن که‌ نووسه‌ر و ده‌رهێنه‌ر و هه‌موو پێکهاته‌ سه‌رکییه‌کانی به‌رهه‌مهێنانی ئه‌و سیناریۆیه‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌ که‌ به‌ هیچ چه‌شنێک بڕوای به‌ ئازادییه‌کانی تاک و چاکسازی نییه‌، ئه‌و که‌سانه‌ به‌س رۆڵی “سیاهی له‌شکر” له‌ سیناریۆی نووسراو و له‌ پێش ئاماده‌کراوی کۆماری ئسیلامیدا ده‌گێڕن.

به‌شداریکردن له‌ سیناریۆیه‌کی ئاماده‌کراو، و له‌ پرۆسه‌یه‌کی نادیموکراتیکی کۆماری ئیسلامیدا، له‌ ژێر نێوی هه‌ڵبژاردن، که‌ رۆڵگێڕانی سه‌رکی و ئاماده‌کارانی به‌ درێژایی مێژووی ده‌سه‌ڵات له‌ هیچ چه‌شنه‌ کرده‌یه‌کی نامرۆڤانه‌ بۆ به‌ربه‌ره‌کانێ له‌گه‌ڵ ناڕازییان و جودابیرانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی وڵات خۆیان نه‌بواردووه‌، ئایا به‌ مانای به‌شداریکردن و دانپێدانان‌ نییه‌ به‌ مێژووی‌ خوێناوی و سه‌رکوتی کۆماری ئیسلامیدا؟

که‌سانێک که‌ له‌ ژێر چه‌په‌ری چاکه‌خوازیدا له‌ ئاست مێژووی چه‌ندین ساڵه‌ی سه‌رکوتی کوماری ئیسلامی بێده‌نگ ده‌بن و به‌ ناوی چاکه‌خوازانی کورده‌وه‌ بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌که‌ن ده‌بێت ئه‌وه‌یان وه‌بیر بێته‌وه‌ که‌ له‌و سیستمه‌دا قه‌د ناتوانن هیچ پێگه‌یه‌کیان هه‌بێت، قه‌د ناتوانن هێز وه‌ده‌ست بخه‌ن مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ به‌شداری سه‌رکی سه‌رکوته‌کانی ده‌سه‌ڵات بن له‌ کوردستاندا و له‌ دۆخێکی ئاوه‌هادا ناسنامه‌ی و ده‌مامکی سه‌رکوتی کۆماری ئیسلامی له‌ به‌ر ده‌که‌ن و له‌ روانگه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ کاکردی جاشه‌ خۆجێیه‌کانیان ده‌بێت.

به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و خاڵانه‌ی که‌ ئاماژه‌ی پێکرا، تاقه‌ رێگای رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی چالاکانه‌ له‌و به‌ ناو “هه‌ڵبژاردن”ـه‌دا بریتییه‌ له‌ بایکوت کردنێکی گشتگیر؛ هه‌ڵبه‌ت به‌ پێچه‌وانه‌ی لێکدانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و چاکه‌خوازان(له‌وانه‌ش چاکه‌خوازانی کورد) بایکوت کردن به‌ مانای به‌شداری نه‌کردن له‌ هه‌ڵبژاردندا نییه‌ به‌ڵکوو به‌ مانای به‌شدارکردنێکی ئاگاهانه‌یه‌، که‌ تاک ده‌توانێت وه‌ک چه‌کیک بۆ به‌ربه‌ره‌کانێی چڕ و پڕ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا که‌ڵکی لێوه‌ربگرێت.”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.