هێــــــلانەیـــەک بــــۆ ژیــــانــــی مـــــن – بەشی 4

0
739
SAMSUNG DIGITAL CAMERA

نووسینی: عەبدووڵا وەیسی

ئەو جارەیان خەم و شادیم بەرانبەر بوون. من بۆ بێ دایکیی خۆم دەگریام. ئەحمەد و لوقمان کە برازای مام حەمەدی بون، هەم بێ دایک بون هەم باوک! خاتوونی دایکیان، کاک عەلی ـی باوکیانی بە حەریفی خۆی بە کوشت دابوو. ئەو دوو منداڵەش لەوێ لە ماڵێ مامیان بوون!

پوور فاتم بەڕاستی نموونەی ژنێکی تەواو بوو، بەڵام مام حەمەد جنێو رۆش و بەزیقە زیق بوو و پرتەوبۆڵەکەی هەمویانی ماندوو کردبوو!

هەر کاتێک مام حەمەد لە ئەحمەد و لوقمانی دەدا زۆر ناڕەحەت دەبوم، بەڵام هیچ دەسەڵاتیشم نەبوو!

ڕۆژی جێژنی قوربانێ، پوور فاتم ١٠ تمەنی دامێ ، کوتی ئەمڕۆ بچۆ لە گەڵ دایک و باوکت جێژن بکە و بەیانی وەرەوە!

نازانم دوای دووریی ئەو چوار مانگە، هێشتا هەر نەمدەویست بڕۆمەوە ماڵی خۆمان . بەڵام شەرمم کرد بڵێم ناچمەوە ماڵێ و شەڕوکێشەم بۆ ساز دەبێ!

کاتێک گەیشتمەوە دێی خۆمان، دەوری کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بوو، هەر فاتێ ئەمنی بینی شێت بوو؟

نازانم چۆن ئەو دارەی کەوتە دەستی، بەڵام ئیترهەرچەندەی توانی لێیدام. لەوکاتدا باوکم هاتەوە، بەبێ لێپرسینەوەم، ئەویش لێیدام. هەتا جیرانەکان بەهاوارمەوە هاتن، دەستی ڕاستم بە دار شکا بوو.

پوەرهەمین دەستی فاتێ ـی گرت، بەڵام تەشی بە دەستیەوە بوو، هەرچی هێزی هەبوو تەشیەکی لەسەری دام، خوێن هاتە خوار !هەر کە جیرانەکانمان زیاتر کۆبوونەوە، هەڵاتم، خۆم لە ماڵی ئاغاژنێ هاویشت، چونکە ئەوێ پارێزراو بوو!

ئاغاژن کە جەستەی خوێناویی منی دی، دەستێکی بەڕووی خۆیدا کێشا، کوتی ئەیەڕۆ ئەوە کێ وای لێکردووە!. بە پەشۆکاوی و بە پێخواسی هاتە سەر پایەی، کوتی وەرن  بزانم کێ وای لەو کوڕەی کردوووە؟!

باوکم، ناچار دەبوو بچێ! بەغاردان هات، کوتی ئاغاژن گامێش و مانگای خەڵکی بەڕەڵا کردووەو هاتۆتەوە!

ئاغا ژن کوتی. هەی عەمرت نەمێنێ پیاو! جا تۆخوا بە خۆشت دەڵێێ پیاو ؟ وەڵاهی ١٠٠ پیاوی وەک تۆ ببینم لەسەر پێشاوێ لەبەری هەڵناستم .

ئەو جار کوتی بڕۆن بانگی حاجی خدری بکەن با بێ. چاو لەدەستی بکات.

مام حاجی هەر کە چاوی بە دەستم کەوت، کوتی دەی زووبن هێلکە و قامیشێ بێنن دەستی شکاوە .!

فاتێ بە خۆی و دوو هێلکەوە هات، بەڵام پوور زێڕن کوتی وەڵڵاهی نایەڵم دەستی بەهێلکەی ئێوە هەڵبەستن .

مام حاجی دەستی هەڵبەستمەوە، تەنیا ئەوەندە بوو لەگەڵ ئازار نەمردم! بۆ سەرشکانەکەش، هەر ژنە و شیری دەدا بە منداڵ، بڕێک شیری بەسەریدا دەکردم!

لە دووای دوو ڕۆژ مانەوەم لە ماڵی حاجی خدری، کاک ساڵح کوڕی مام حەمەد، بە تراکتۆر بە دوامدا هات، کە هات چی ببینێ ؟! مەلایەکی تەواو!

کوتی ئەوە بۆچی وات لێهات؟ لە ماشێنێ بەربویە وە؟ خۆت بەماشێن هەڵواسیوە  یان خۆت بە ترێلیی تراکتۆر هەڵواسیوە؟!

کاک ساڵح کە خەبەری شەری فاتێی زانی، کوتی خۆ ئێمە بۆ جێژن ناردمانەوە !

ئیدی باش بوو کاک ساڵح بەو قسیەیە، لە کۆڵ نێو چاوانی بابمی کردمەوە!

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.