عەلی خامنەیی لە پەیامی حەجی ئەمساڵی خۆیدا باسی لە گۆڕینی دەسەڵات لە سعوودیە کردووە

0
1461

عەلی خامنەیی، ئەمڕۆ دووشەممە بە بۆنەی دەست پێکردنی ڕێوڕەسمی حەج پەیامێکی دا کە بەپێچەوانەی پەیامی ساڵانی ڕابردووی کە باسی یەکگرتوویی مسوڵمانان بوو، ئەمساڵ پڕ بوو لە هەڕەشە لە سعوودیە.

ڕۆژی کورد: ئەمڕۆ دووشەممە 15ی خەرمانانی 1395ی هەتاوی، عەلی خامنەیی، ڕێبەری هەنووکەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بە بۆنەی دەست پێکردنی ڕێوڕەسمی ئەمساڵی حەج، پەیامێکی داوە و تێیدا هێرشی کردۆتە سەر بەرپرسانی سعوودیە.

عەلی خامنەیی لەو پەیامەی خۆیدا بەرپرسانی سعوودیە بە “ڕێگا لێ ونبووی ڕووڕەش” پێناسە کردووە و داوا لە مسوڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی دەکات تا بە هۆی ئەو جینایەتانەی کە دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە هەمبەر جیهانی ئیسلام ئەنجامیان داوە، بەرۆکیان بگرن”.

خامنەیی لەو پەیامەیدا هەروەها داوای لە وڵاتانی ئیسلامی کردووە کە “بیرێکی بنەڕەتی بۆ بەڕێوەبردنی حەرەمەینی شەریفەین و پرسی حەج بکەنەوە”، ئەو لێدوانەی خامنەیی دەکرێ بەواتای باس کردن لە گۆڕینی سیستەمی دەسەڵات لە عەڕەبستانی سعوودی ئەژمار بکرێت.

عەلی خامنەیی بە هێنانە بەر باسی حەرەمەینی شەریفەین، واتا مەسجیدولحەرام لە مەککە و مەسجیدوننەبی لە مەدینە و پرسی حەج، مسوڵمانانی جیهان بۆ گۆڕینی دەسەڵات لەو وڵاتە و بەرنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی سعوودیە هان داوە کە ئەوە دەتوانێ بە واتای ڕاگەیاندنی شەڕ بێت.

خامنەیی لە پەیامی ئەمڕۆی خۆیدا، بە شێوەیەکی بەربڵاو هێرشی کردە سەر عەڕەبستان و گوتی: “بەرپرسانی سعوودیە، دوژمنایەتی و ڕقی خۆیان لەگەڵ نەتەوەی شۆڕشگێڕی ئێران لە ژێر ناوی سیاسی کردنی حەج دا، حەشار داوە، ئەوان شەیتانگەلێکی وردەڵە و هیچ و پووچن کە بە کەوتنە مەترسیی تەماحەکانی شەیتانی گەورە (واتا ئەمریکا) دەکەونە لێوەلەرزە”.

خامنەیی هەروەها بە هۆی ئەوەی کە ئەمساڵ، سعوودیە ئیزنی نەداوە حاجیەکانی ئێران لە ڕێوڕەسمی حەجدا بەشداری بکەن، ڕقی خۆی دەربڕیوە و گوتوویەتی:”ئەمساڵ ڕێگای حاجێ بوێر و بەبڕواکانی ئێرانیان بۆ ناو ماڵی خۆشەویستی خۆیان گاڵە داوە. بەرپرسانی سعوودیە کەسانێکی ڕووڕەشی ڕێگا لێ ون بوون کە مانەوەی خۆیان لەسەر لوتکەی دەسەڵات لە پشتیوانی کردن لە زۆردارانی جیهان و هاوپەیمانەتی لەگەڵ سەهیۆنیسم و ئەمریکا و هەروەها لە هەوڵدان بۆ هێنانی دی ویستەکانی ئەواندا دەبیننەوە و لەو ڕێگایەشدا لە هیچ خیانەتێک ناپرینگێتنەوە:.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت