ژیلا موستەئجێر: ژنان وەکوو نیوەی کۆمەڵگا لەم قۆناغە چارەنووس‌سازەی ڕۆژهەڵاتدا بڕیاریان داوە بەو پەڕی هەست بە بەرپرسیارەتی بەشداری لە خەبات بکەن

0
1580

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە پێوەندی لەگەڵ خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ ژمارەیەک لە چالاکانی سیاسی و کەسایەتی ئاکادمیک وتووێژی پێک هێناوە کە دەقەی ئەم وتووێژانە لە ماڵپەڕی کوردستان میدیاوە بڵاو دەکرێتەوە.

ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەم پێوەندییەدا لەگەل “ژیلا موستەئجێر” چالاکی ژنان لەم بارەیەوە پێک هێناوە.

دەقی وتووێژەکە:

١ـ ڕای ئێوە لە سەر کاریگەریی ژنان لەم ڕاسانە نوێیە حیزبی دێموکراتدا چیە؟

ژنان وەکوو نیوەی کۆمەڵگا لەم قۆناغە چارەنووس‌سازەی ڕۆژهەڵاتدا بڕیاریان داوە بەو پەڕی هەست بە بەرپرسیارەتی بەشداری لە خەبات بکەن و بە درووشمی “تا ئازادی چ دەبێ بلا ببێ” هاتوونەتە مەیدان و دڵنیام ئەم خەباتە دەتوانێ باشترین دەسکەوتەکانی بۆ کۆمەڵگای ڕۆژهەڵات دەبێ.

ژنان دەتوانن بە زووترین کات باشترین کاریگەری لە سەر بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان دانێن، دەبێ زیاتر لە پێش پەیوەست بە کاروباری سیاسی و نیزامی بن و لە هەموو دەرفەتەکان کەڵک وەر بگرن و هەموو شوێن و ئامرازێک بکەنە مەتەرێزێک بۆ بەشداری لە ڕاسان و لەم ڕێگەوە بەرگری لە مافە زەوتکراوەکانی خۆیان بکەن.

٢ـ خەبات لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دژواریی تایبەتی خۆی هەیە و بەشداریی ژنان لەم خەباتەدا جێگای تایبەتی خۆی دەبێ، بۆ جێبەجێ‌کردنی ئەو بەشداریە دەبێ چی بکرێ؟

ئەوەیکە لە مێژووی ئەحزابی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و تایبەتیتر لە حیزبی دێموکراتدا تا ئێستا دەرکەوتووە، گرینگییەکی زۆر بە هێزی ژنان و کچان دراوە و لە دنیایی ئەورۆشدا ناتوانین لە کاریگەربوونی توانا و بیری شۆرشگێرانەی ژنان کەڵک وەر نەگرین و ژنان بخەینە پەرواوێزەوە و ڕوونتر ئەوەیە کە دوایی ڕەخساندنی هەل و ئامادەکردنی بەستێنی دەرخستنی ئەو تواناییانە، ئەرکی قورسی جێبەجێ‌کردن تەنها و تەنها دەکەوێتە ئەستۆی خودی ژنان و خۆمان دەبێ بەرپرسانە و بەو شێوەیە کە شیاوی ڕاسان و خەباتی نوێی حیزبی دێموکراتە، بجوڵێنەوە و بە بڕوای من چ پێشتر و چ لە دەستپێکی ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات بارودۆخەکە بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بووە و ئامادە کراوە و پێویستە ژنانیش بە باشی پێشوازی لێ بکەن و بە پەیوەستبوون بە ڕیزەکانی دێموکرات، قۆناغێکی نوێ لە جۆری خەبات و تێکۆشانی خۆیان هەڵبدەنەوە و بۆ دەستەبەر کردنی مافە سیاسی، نەتەوەیی و کۆمەڵایەتیەکانیان هاوشان لەگەڵ پیاوانی تێکۆشەری نەتەوەکەمان تێبکۆشن .

٣ـ ئایا ڕوانین و ئاواتەکانی ژنانی کورد دەکرێ لەگەڵ خەباتی نەتەوەیی دێموکراتیک و بەتایبەت لەگەل ڕاسانی حیزبی دێموکراتدا گرێ بدرێ؟

حیزبی دێموکرات ئاڵا هەڵگری بزوتنەوە و خەباتێکی ئینسانی و ڕزگاریخوازانەیە کە ئەم ڕاسانەش هەر لە سەر هەمان بناغە و بنچینە بوژاوەتەوە و لەو کاتە لە زەماندا ناتوانین بەهیچ شێوەیەک و بە هیچ بیانوویەک پرسەکانی تایبەت بە ژنان لە بیری خۆمان ببەینەووە و چارەسەری بۆ ئەم پرسانە هەڵگرین بۆ قۆناخێکی دیکە، بە ڕوونی دیارە کە پرسی ژنان لە واقعی خۆیدا پرسێکی مرۆییە و دەبێ هاوکات لە گەڵ دەستپێکی ئەم ڕاسان و وەگڕخستنی ئەم خەباتە نوێیە جێگە و پێگەی خۆی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی قورس و قایمتر بکات.

وەک چۆن خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی بۆ ژنان بووەتە دەغدەغە و ژنان شان‌بەشانی پیاوان لە خەباتە چەکداری و مەدەنیەکاندا هەوڵی بۆ دەدەن و ڕۆڵی خۆیان دەگێرن، دەبێت پیاوانیش لەم پرسە خۆیان گێل نەکەن و هاوکات لەگەڵ هەوڵی بێ وچان بۆ ڕزگاریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کێشەکانی تایبەت بە ژنانیش چارەسەر بکرێت و دوانەخرێت بۆ دوارۆژێکی ناروون.

بە دڵنیاییەوە ئەم ڕاسانە دەتوانێ هەموو وزەیەک بۆ گەیشتن بۆ ئامانجێکی ئینسانی کۆ کاتەوە دەوری یەک.

٤ـ بە گشتی ڕا و بۆچوونی ئێوە لە سەر ڕاسانی حیزبی دێموکرات چیە؟

یەکێک لە باشترین تایبەتمەندیەکانی ڕاسانی نوێی حیزبی دێموکرات کات و زەمانی ڕاگەیاندننی ئەم خەباتەیە. لەوەها کاتێکدا کە بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوپەڕی شپرزەیی دایە و ئەگەری ئەوە هەیە کە سنوری وڵاتانی ناوچەکە بگۆڕدرێ، هەروەها لە ناوخۆی ئێراندا بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئەمنییەتی لە خراپترین حاڵەتی خۆی دایە و بەردەوام و ڕۆژانە شاهیدی پێشێلکاریی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی خەڵکین، بێ گومان خەڵکی ڕۆژهەڵات پێویستی بە ڕزگاریدەرێک هەیە کە توانایی ئەوەی هەبێ بە باشترین شێوە لەم ئالۆزیانە کەڵک وەر بگرێ و نا مومکینەکان، مومکین بکات. بە خۆشییەوە حیزبی دێموکرات بە بڕیاری مێژوویی و چارەنوس‌سازی خۆی، هیوای درووستکردنی داهاتوویەکی گەشی به گەڕانەوە بۆ ناو خەڵک دا. بۆیە بۆمان دەرکەوت ئەم راسان و خەباتە چاوی زۆری لەسەرەو

بە بروای من ئەم راسانە باشترین درەفەتە بۆ گۆرینی پتانسیەلەکان بۆ سەرکەوتن، ئەحزابی ڕۆژهەڵات دەتوانن بەیەکگرتوویی هێزە چەکدارەکانیان و گەیشتن بە ڕوانگەیەکی سیاسی هاوبەش لە بەرابەر دوژمندا شانسی سەرکەوتنی خۆیان ببەنە سەرەوە.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here