یونامی داوا لە پیاوان دەکات پشتگیری ژنان بکەن لە بەشداری کردن لە سیاسەت و بڕیار دروستکردندا

0
4886

هاوار: نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاریکاریی عیراق (یونامی)ھاوبەشانە لەگەڵ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان و بە ھەماھەنگی لەگەڵ لێژنەی جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ ئاشتەوایی نیشتمانی سەر بە نوسینگەی سەرۆک وەزیران، دیدارێکی راوێژکاری بۆ ژنانی سەرکردە و ئەندامان لە ئەنجومەنی پارێزگاکانی بەسرا و موسەننا و زیقار و میسان لە رۆژی ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ ئەنجام دا، بە تیشک خستنە سەر پتەوکردنی بەشداریکردنی ژنان لە پرۆسەی سیاسی. ئەمە چوارەمین دیدارە لە چوارچێوەی یادکردنەوەی (رۆژی کراوەی جیھانی) ھەڤدەمین ساڵیادی دەرچوونی بڕیاری ژمارە  ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشە.

ھەروەکو ‌ دیدارە راوێژکارییەکانی پێشوو، کە لە کەربەلا و بەغدا و ھەولێر لە مانگی تشرینی یەکەم ساز درابوون، بەشداربووان لە بەسرە ھەمان نیگەرانی ژنانی سەرکردەیان لە سەرتاسەری وڵات دووبارە کردەوە. ئەوان پاشوەچوون و داکشانی بەشداریکردنی ژنانیان لە پرۆسەی سیاسی لە عیراق تێبینی کردووە. بەشداربووان داوایان لە یونامی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان کرد، پیاوان پالپشتی بەشداری کردنی ژنان بن لە پرۆسەی سیاسی لە عیراق و ھەروەھا فشار لە سەرۆکی فراکسیۆنە سیاسییەکان و سەرکردە سیاسییەکان بکەن بۆ کار کردن و پشتیوانی کردنی پرسەکانی ژنان.

لە میانەی بەشداریکردنیدا، خاتوو یوسرا ناجی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای میسان، سەرکۆنەی سەرکردە سیاسییەکانی کرد بەوەی ژنانیان پەرواێز خستووە و وتی”  کۆمەڵگای عیراقی کۆمەلگایەکی پیاو سالارییە، ژنان بانگھێشتی گفتوگۆکان ناکرێن و ھیچ مافێکی سیاسیشیان نیە. ژنان لە سەرۆکایەتی و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نوێنەریان نیە. تەنھا دوو وەزیری ژن ھەن، ھەرچەندە ھیچ بەربەستێکی یاسایی نیە رێگر بێت لە وەرگرتنی ئەو پۆستە بەرزانە بۆ ژنان”

“ئێمە پێویستمان بە قارەمانیەتی  و کاری چالاکانەی پیاوان ھەیە بە ھاوبەشکاری لەگەڵ ژنان بۆ ڕەخساندنی کەشێک کە تێیدا توانای بەشداربوونی سیاسییانەی ژنان لەسەر ھەموو ئاستەکانی فەرمانڕەواییکردن و بڕیارداندا بەھێز بکرێت”.

لە راگەیاندراوەکەی نوێنەری سکرتێری گشتیدا ھاتووە کە” بۆ سەرخستنی رێککەوتنی مێژوویی و ئاشتەوایی ئەم کارە ھاوبەشە پێویستە گشتگر بێت چونکە بۆ یەکڕیزی و سەقامگیریی وڵات و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە نێوان ھەموو ھاوڵاتیان و پێکھاتەکان و کەمینە نەتەوەکاندا زۆر گرنگە. ھەروەھا، ژنان و گەنجان پێویستە ببنە بکەری راستەقینەی ئەم گۆڕانە بۆ دروستکردنی عیراقێکی تازەی دوای داعش (دەوڵەتی ئیسلامی عیراق و شام ) بە مەبەستی نەخشاندنی ئایندەی وڵات بۆ نەوەکانی داھاتوو”.

وێڕای داننانی بە ھەوڵەکانی “ھێزی کاری ھەمەلایەنە” لە جێبەجێکردنی “پلانی نیشتمانی کارپێکردنی بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی” ، بەڕێز کوبیش وتی “بەڕاستی کاتی جێبەجێکردنی پایەکەی ئەو “پلان”ە ھاتووە کە بریتییە لە رۆڵی ژنان لە پێشپێگرتن و چارەسەری شەڕەکاندا”.

لای خۆشییەوە، راوێژکاری جێندەری یونامی، خاتو ماباتلھارۆ دیھێمۆ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەرکردە سیاسییەکان دەتوانن پشتگیری لە پێشڤەچوونی ژنان بکەن لە بواری بڕیارداندا بە پشتگیریکردنیان لە چەند رێوشوێنێکی تایبەت بۆ گەشەدان بە رۆڵی سەرکردایەتیکردنی ژنان و دڵنیابونیش لەوەی کە ژنان ھەلی یەکسانیان لە بواری گەشەپێداندا بۆ رەخساوە.

نوێنەری رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان ، خاتو دینا زۆربا، سوپاسی حکومەت و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ھاوبەشکارە ناوخۆیی و بیانییەکان کرد بۆ پابەندبوونی بەردەوامیان بە بڕیاری ١٣٢٥ەوە.  خاتو زۆربا بە توندی داوای لە حکومەت کرد بۆ کارکردن لە پێناو دڵنیابوون لەوەی کە پرسە جێندەرییەکان لەگەڵ کارنامەکانی بەدیموکراسیکردن و دروستکردنی نەتەوەدا ئاوێتەکراون و ھەروەک چۆن داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش کرد بۆ درێژەدان بە داکۆکیکردنیان لە پاراستنی مافەکانی ژنان و کچاندا . ئەو ھەروەھا جەختی لەسەر پابەندیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کردەوە بۆ چڕکردنەوەی کارەکەی لەسەر بەشداریی سیاسییانەی ژنان لە ھەموو ئاستەکاندا.

لە بەر رۆشنایی یادکردنەوەی سێزدەھەمین ساڵیادی بڕیاری ١٣٢٥ ی نەتەوە یەکگرتووەکان و “رۆژی کراوەی جیھانی”دا، یونامی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لە کەربەلا راھێنانێکی تواناسازییان لەسەر بەھرەکانی “میانگیریی بنچینەیی و گفتوگۆ” بۆ ژنانی سەرکردە و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و ئەندامانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە کەربەلا و واسیت و نەجەف و دیوانیە لە ٩-١٢ی تشرینی یەکەم ئەنجامدا. دواتریش، راھێنانێکی تری ھاوشێوەیان بۆ ژنانی سەرکردە و چالاکوانان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی شار و شارەدێیەکانی بەسڕە و میسان و زیقاڕ و موسەننا لە ٢٩ی تشرینی یەکەم تا ١ی تشرینی دووەم ئەنجامدا. ھەردوو راھێنانەکەش ھاوبەشانە لە لایەن یونامی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژنان لەژێر سەرپەرشتی بەشی کاروباری سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشی ستراتیژی میانگیریی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ ژنان رێکخرابوو.

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here