کوشتنی ژن، چ جەستەیی و چ مەعنەوی، کوشتنی کۆمەڵگایە

0
6566
سارا قەناعەتفەر

نووسینی: سارا قەناعەتفەر

با هەزار (زێ) و (گادەر) و (لاوێنی) ڕوونیشمان هەبێ

تاکو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە

کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست!

ڕاپەڕە، هەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟

مامۆستا هێمن

کوژرانی ژن لە کۆمەڵگای ئیسلامیدا مژارێک نیە بۆ ئەوە ببێ زانستیانە باسی لەسەر بکرێت  و شیکاری لەسەر بکرێت چون لە ڕاستیدا ژنی کۆمەڵگای ئیسلامی هەر لە بنەڕەتڕا بونەوەرێکی مردوو دێتە ئەژمار.

کۆمەڵیک پرسیار هەن کە دەکرێ لە هەمبەر کۆمەڵگای ئیسلامی بیانورووژێنین: ژن بۆ دەبێت بکوژرێ؟ بۆ دەبێت بەردباران بکرێت؟ یان لە ماڵێ زیندانی بێت؟ بۆ نابێت ژن هەستی هەبێت و بە پێی دڵ و حەز و هزری خۆی بژیت؟

ڕاستە لە کۆمەڵگای ئیسلامی و لە فەلسەفەی ئیسلامدا لە زۆر شوێن و بە چەندین شیوە، ئیزنی کوشتنی ژن بە شێوەی جەستەیی دراوە کە یەکیان سەنگسارە بەڵام کوشتنی ژن تەنیا ئەوە نیە هەناسەی لێ بستێنی و ئیزن نەدەی چیتر دڵی لێبدات واتا تەنیا جەستەی لەناو بچێ.

کوشتن یان لەناوبردنی ژن خۆی یەک ڕەوت یان پرۆسەیە واتا لە شوێنێکەوە دەست پێدەکات و مەودای هەیە. پڕۆسە (یان رەوت)ی کوشتنی ژن لەو چرکەوە دەست پێدەکات کە ئیزنی ئەوەی لێ دەستێندرێتەوە کە خۆ خاوەنی بڕیار و کەسایەتیی خۆی بێت کە لە کۆمەڵگای ئێمەدا وەک یەک کۆمەڵگای ئیسلامی، زۆربەی پیاوەکان دەستیان لە سەرگرتن و بەرەوپێشچوونی ئەو ڕەوتدا هەیە.

هۆکارەکانی کوشتنی ژن لە کوردستان، زیندووکەرەوەی کولتور و داب و نەرینی دەیان و بگرنە سەدان ساڵ لەمەوبەری دەسەڵاتدارانی مزگەوت و خانەقا و سەرۆک خێڵەکانە کە هیچ دوور نیە دەیان ساڵی دیکەش هەر بە بیرووباوەڕەوە ژن بچەوسێننەوە. هەتا شەڕەف لە ناوگەڵی ژندا ببینن، بارودۆخەکە لەوەش تەمومژاویتر دەبێت. سنووردارکردنی شەڕەف بە کۆئەندامی سێکسیی ژن و پیاو بە خاوەنی ئەو شەرەفە زانین، پێش بە کرانەوەی دەرگای هزر و تێڕامان و لە ئەنجامدا بەرەوپێش چوونی ئاستی گەشە و پەرەسەندنی کۆمەڵگا دەگرێت.

ناکرێ و ناتانری ژن شانازی بە مێژوویەکەوە بکات کە لێوانلیوە لە کوشتنی ژن و زەوت کردنی مافی ژیانی. بەمێرددانی کچۆڵەیەکی 12 ساڵان و بگرە کچۆڵەی تەمەن هەشت ساڵان و لەبری خوێن دانی کچ و کردنی بە کەرستەی کوژاندنەوەی ئاگری سەرەڕۆیی پیاوەکان و ژن بە ژنە، تاوانێکن کە دەکرێ بە ئەنفال و قڕانی ژن ناویان لێ ببردرێ و بکەرەکانی بدرێنە دادگایەکی مرۆڤ تەوەر.

 لە ناخ مێشکی زۆربەی ئیسلامی و ئیسلام باوەڕەکاندا، داعیشێکی شاراوە هەیە کە خەریکن لەژێر تەمی ئەو فکرە کۆنەپەرەست و نامۆیەدا، کوردستان دەکەن بە ئەفغانستان، وڵاتێک کە تێیدا ڕۆژانە بە شێوازی جۆراوجۆر سوکایەتی بە ژن دەکرێت و هەموو حەوتوویەکیش، مەلاکان، دوای نوێژی هەینی وەک خەنجەر پیاوانی ئەو وڵاتە تیژ دەکەنەوە بۆ لەناو بردنی ژن، بەوەشەوە ناوەستن و دوای کوشتنی ژنانی بە ناو تاوانبار، سوکایەتییان پێدەکەن. لەو کەلتوورەدا منداڵ هەموو تەمەنی بەناوی باوکیەوە ناوی دەبرێ و ناسنامەی بۆ دەردەچێ کەچی لە دوای مردنی بە ناوی دایکی تەڵقین دەدرێت کە ئەوەش خوێندنەوە و سووکایەتیی خۆی بە کەرامەتی ژن لەپشتە کە بەواتای تاوانباری ئەزەلی و هەمیشەیی بوونی ژن دێت.

ژنانی ئازا و چاوکراوە دەبێ چیتر ئیزن نەدەن ئەو کەلتوورە بمێنێت و پەرە بستێنێت، ژنیش وەک هەموو پیاوێک پێویستی بە ژیانە، پێویستی بە پاراستنە، کتێب و دین و دیانەتێک کە ئەوتۆ لە ژنان بڕوانێ، نابێ چیتر لەو کۆمەڵگایە بمێنێت و نابێ چیتر بسەپێ.

هەر ئایینێک، هەر یاسایەک، هەر مرۆڤێک، هەر خودایەک و هەر پەرتووکێکی ژەنگاوی کە ڕێگە بەوە دەدات ژن بکوژرێ و بچەوسێتەوە، مڵەی ڕوحی کۆمەڵگا و مرۆڤایەتییە و نابێ ئیزنی سەرەڕۆیی و مانەوەی پێبدرێت. بۆ و لەسەر کام تاوان و بەپێی کام زانست، ژن وەک ڕەگەزی لاواز و پلە دوو سەیر دەکەن؟ کوشتنی ژن چ لە ڕوی جەستەیی و چ لە ڕووی دەروونییەوە، کارەساتەو هەموو وێژدانێکی زیندوو دەهەژێنێ. کۆمەڵگای پیاوسالاری ئیسلامی وایکردووە ژن لە پێکەنی پیاوانیش بترسێ.

ئیتر دەبێ ئەو نەریتە کە ژن وەک  مرۆڤ سەیر ناکرێ بڕمێندرێت، ئەو نەریتەی کە ژن وەک شەڕەفی کۆمەڵگا و خێڵ سەیر دەکا و ئایین بڕیار لەسەر کۆمەڵگای ژن دەدات دەبێ لە ڕێگای دەستەبەرکردنی سیستمی پەروەردەوە بگۆڕدرێت و نەوەیەک پەروەردە بکرێت کە ژن وەک ئافرەت نەبینێ بەڵکوو وەک مرۆڤ ڕێزی لێبگرێت کاتێک لێیان  پرسی دینت چیە بڵێ تەنیا ئازادی و بەرابەریی ژن و پیاو.

 

Comments

comments

LEAVE A REPLY

Please enter your comment!
Please enter your name here